رۆژنامەی ھەولێر

پشکنینی (CRP) زەنگی ئاگادارکەرەوەی هەوکردنە شاراوە و مەترسیدارەکانی جەستە

ماكوان عێزەت – هەولێر

 

پشکنینی (CRP – C-Reactive Protein)، یەکێکە لە پشکنینە تاقیگەییە سەرەکی و گرنگەکان کە پزیشکان بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی هەوکردن لە جەستەدا پشتی پێ دەبەستن. ئەم پڕۆتینە لەلایەن جگەرەوە بەرهەمدەهێنرێت و لەکاتی ڕوودانی هەر هەوکردنێکی تووند لە لەشدا، ڕێژەکەی لە خوێندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
د. جونەید غەفوور مستەفا، پسپۆڕ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناوی، دڵ و شەکرە، وردەکاریی گرنگ لەبارەی ئەم پشکنینە دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەکات کە چاودێریکردنی ئاستی CRP ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی ژیانی نەخۆشدا دەگێڕێت.
پشکنینی CRP بۆ دەستنیشانکردنی چ نەخۆشییەک بەکاردێت؟
پزیشکان پەنا بۆ ئەم پشکنینە دەبەن بە مەبەستی بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی کۆمەڵێک نەخۆشی و کێشەی تەندروستیی هەوکردن، لەوانە:
• هەوکردنی تووندی بەکتریایی: وەک ژەهراویبوون یان پیسبوونی خوێن (Sepsis)، کە حاڵەتێکی کتوپڕ و مەترسیدارە بۆ سەر ژیان.
• پەتا و هەوکردنی کەڕوویی (Fungal Infections): کە بەهۆی کەڕووە زیانبەخشەکانەوە تووشی بەشە جیاوازەکانی جەستە دەبێت. ل
• هەوکردنی درێژخایەنی ڕیخۆڵەکان: کە دەکرێت ببێتە هۆی هەڵئاوسان، برینداربوون و خوێنبەربوونی کۆئەندامی هەرس.
• نەخۆشییە بەرگرییە خۆییەکان: بەتایبەت هەوکردنی جوومگەی ڕۆماتیزمی (Rheumatoid Arthritis).
• هەوکردنی ئێسک و مۆخ (Osteomyelitis): ئەو حاڵەتە هەوکردنەی دەگاتە ئێسکەکان و کاریگەریی قورس جێدەهێڵێت.
نیشانە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی هەوکردن لە جەستەدا
لەکاتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەوکردن لە لەش و دەرکەوتنی ئەنجامی بەرزی CRP، زۆرجار نەخۆش ئەم نیشانانەی لێ بەدی دەکرێت:
• لەرز و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش (تا).
• خێرابوونی هەناسەدان.
• لێدانی ناڕێک و خێرای دڵ.
• هێڵنجدان و ڕشانەوە.
• هەستکردن بە ئازاری زۆر لە پەلەکان (دەست و قاچ).
جگە لە دەستنیشانکردنی سەرەتایی، ئەم پشکنینە بایەخێکی گەورەی هەیە لە قۆناغی وەرگرتنی چارەسەردا؛ د. جونەید ڕوونی دەکاتەوە کە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکە لە کاتی بەکارهێنانی دەرمانەکان، وەڵامدانەوەی جەستە دیاری دەکات. ئەگەر ئاستی CRP لە خوێندا ڕوو لە دابەزین بکات، ئەوە بەڵگەیە لەسەر کاریگەریی ئەرێنیی چارەسەرەکان و هەنگاونانی نەخۆش بەرەو چاکبوونەوەی تەواوەتی.