رۆژنامەی ھەولێر

سوود و زیانەکانی ئەنجامدانی ڕاهێنان و وەرزشکردن بۆ ئافرەتان

شایەن شێرکۆ ڕەمزی

 

سەرەڕای هەبوونی جووڵەی زۆری ئافرەتان لە ژیانی ڕۆژانەدا، بەڵام پێویستە زیاتر گرنگی بە جەستەیان بدەن و ئاگاداری تەندروستیی خۆیان بن. بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا، (هێلین میدیا) ڕای «ڕەنگین سەعید غەفوور»، مامۆستای ڕاهێنەر لە (Choman Gym Sport Center) وەردەگرێت.

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
تەندروستییەکی باش، گەورەترین نیعمەتە کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە؛ بۆیە هەوڵدان بۆ پاراستنی، ئەرکێکی سەر شانمانە. بۆ ژیانێکی تەندروست و بەدووربوون لە نەخۆشییە باوەکانی کۆمەڵگە و گەشەی جەستەیی، بە پێویستمان زانی بەرچاوڕوونییەک بۆ ئافرەتان بخەینە ڕوو سەبارەت بە پاراستنی دۆخی تەندروستی لەڕێی وەرزشکردن و ڕاهێنانی ڕۆژانەوە.
وەرزشکردن بەپێی پلان و بە سەرپەرشتیی ڕاهێنەری بەئەزموون، لای زۆربەی پزیشکان بە سەرەکیترین چارەسەر دادەنرێت بۆ کێشەکانی وەک: (شەکرە، ناڕێکیی پەستانی خوێن، ڕۆماتیزم، فەقەرات، چەوریی سەر جەرگ، ناڕێکیی هۆرمۆنات و کیسەی هێلکەدان – تەکەیوس). هەروەها چارەسەرە بۆ کێشەی گەشەی لاواز، ڕێکخستنی سیستمی خەوتن و بەدەستهێنانی لەشولارێکی ڕێک بە تەکنیکەکانی وەک (یاریی ئاسن و زۆمبا)، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر تواندنەوەی چەوری، چالاکیی سووڕی خوێن و فرمانەکانی مێشک هەیە.
گرنگترین جۆرەکانی وەرزش و سوودە سەرەکییەکانیان:
١. زۆمبا: ئەنجامدانی زۆمبا بە شێوەی ڕۆژانە، دەبێتە هۆی سووتاندنی ٦٠٠ تا ١٠٠٠ کالۆری لە یەک کاتژمێردا.
٢. ڕاکردن: یەکێکە لە باشترین وەرزشەکان کە یارمەتیت دەدات چەوری زوو بسووتێنیت؛ دەتوانیت ڕۆژانە ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک وەرزشی ڕاکردن ئەنجام بدەیت.
٣. سکوات: ماسولکەکانی قاچ و کەمەر بەهێز دەکات و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چەوریی خوارەوەی کەمەر؛ ئەگەر ڕۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ جار دووبارە بکرێتەوە، سوودێکی زۆری دەبێت.
٤. ڕۆشتنی خێرا: وەرزشێکی ئاسانە بۆ ئەو کەسانەی لە سەرەتای دەستپێکی وەرزشدان؛ ئەنجامدانی ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک لەم وەرزشە، دەبێتە هۆی سووتاندنی چەورییەکی زۆر.
هەموو کات جووڵە و کردارەکان بەسوود نابن؛ زۆرجار کۆمەڵە هەڵەیەک هەن کە ئەنجام دەدرێن و زیانیان زیاترە لە سوود. باوترین ئەو هەڵانەش ئەمانەن:
١. دەستپێکردنی وەرزش بەبێ خۆگەرمکردن: دەبێتە هۆی گرژبوون و ئازاری ماسولکە؛ باشترە پێش دەستپێکردن، ٥ بۆ ١٠ خولەک جەستە گەرم بکرێت.
٢. وەرزشکردنی زۆر بەبێ پشوودان: هەندێک کەس زۆر وەرزش دەکەن بەبێ پشوودان، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندووبوون و ئازاری جەستە، چونکە جەستە پێویستی بە پشووە.
٣. خواردنی ناتەندروست دوای وەرزش: هەندێک کەس دوای وەرزش ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە خواردنی خێرا (Fast Food)، بەمەش سوودی وەرزشەکە کەم دەبێتەوە؛ باشترە خواردنی تەندروست بخورێت.
٤. کەم خواردنەوەی ئاو: لە کاتی ڕاهێناندا جەستە ڕێژەیەکی زۆر ئاو لەدەست دەدات؛ کەمبوونی ئاو وا دەکات وەرزشوان زیاتر هەست بە هیلاکی بکات، بۆیە پێویستە ئاو زۆر بخورێتەوە.
بۆیە پێویستە هەموو تاکێک ئاگاداری تەندروستیی خۆی بێت و ڕاهێنانەکان لەژێر چاودێریی مامۆستای ڕاهێنەر و شارەزادا ئەنجام بدات، تاکوو ڕووبەڕووی هیچ هەڵە یان زیانێک نەبێتەوە