دڵسۆز ئیبراهیم سەعید
یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەم ساڵانەی دواییدا بوونەتە یەکێک لە دیارترین جۆرەکانی کات بەسەربردن لای منداڵان. بەهۆی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاوە، منداڵان ئێستا دەتوانن لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکان و تابلێتەکانەوە ئاسانتر دەستیان بە یارییەکان بگات. زۆرێک لە دایکان، باوکان و مامۆستایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە کاریگەریی ئەم یارییانە لەسەر منداڵان؛ هەندێک باس لە لایەنە ئەرێنییەکان دەکەن و پێیان وایە یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەتوانن یارمەتیی فێربوون و زیادبوونی هەندێک جۆری کارامەیی بدەن، هەندێکی دیکەش نیگەرانن لە لایەنە نەرێنییەکان و بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەلایەن منداڵانەوە بۆ یاریکردن.
خاتوو ئاڵا نایف محەمەد، مامۆستا، بۆ (هێلین میدیا) دەڵێت:
«وەک مامۆستایەک کە چەند ساڵێکە لەناو جەرگەی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا کار دەکەم و لە نزیکەوە ئاگاداری گۆڕانکارییە دەروونی و جەستەییەکانی قوتابیانم، کاریگەریی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر نەوەی ئێستا دەبینم. هەرچەندە ئەم یارییانە ئەگەر بە شێوەیەکی سنووردار بەکار بهێنرێن، دەکرێت وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی هەندێک کارامەیی سوودیان لێ ببینرێت، بەڵام کێشەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە بەکارهێنانیان لە سنوور دەربچێت و زیادەڕۆیی تێدا بکرێت؛ ئەمەش دەبێتە جۆرێک لە ئاڵوودەبوون کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاستی زانستی و توانای سەرنجدانی (تەرکیز) قوتابی لەناو پۆلدا، بە جۆرێک مێشکی منداڵ لەو ڕیتمە خێرایەی ناو یارییەکان ڕادێت و ئیتر ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجی لەسەر بابەتە زانستییەکان بێت.
ئەم مەترسییە تەنیا لە لایەنی زانستیدا ناوەستێت، بەڵکوو کاریگەریی جەستەییشی هەیە. هەندێک لە قوتابییان بەیانیان بە ماندووەێتییەکی زۆرەوە دێنە قوتابخانە، بەهۆی ئەوەی شەونخونییان کردووە بۆ تەواوکردنی قۆناغێکی تری یاری، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی وزەی جەستەیی کە ڕێگرە لە هەر چالاکییەکی وەرزشی یان فێربوون. ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەیە، کە وای کردووە منداڵان جیهانی خەیاڵیی ناو یارییەکانیان لای گرنگتر بێت لە پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی ناو خێزان و هاوڕێکانیان. بۆیە ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی دایکان و باوکان کە ڕۆڵێکی کارا ببینن لە دیاریکردنی کاتەکانی یاریکردن و هاندانی منداڵەکانیان بۆ چالاکییە تەندروستەکانی وەک وەرزشکردن و خوێندنەوەی کتێبی چاپکراو، تا بتوانین نەوەیەکی هۆشیار و تەندروست لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە پێبگەیەنین.»
خاتوو گۆنا مەجید فەتاح، مامۆستا و دایک، بۆ (هێلین میدیا) دەڵێت:
«بە بۆچوونی من وەک دایکێک، یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەم سوود و هەم زیانیان هەیە. لە لایەنی ئەرێنییەوە، دەتوانن یارمەتیی منداڵان بدەن لە فراوانبوونی هزریان و لە ڕووی پەروەردەییەوە ببنە هۆی فێربوونی زمانی دیکە و سەرقاڵکردنی منداڵان لە کاتە پێویستەکاندا. کاریگەرییە نەرێنییەکانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان ئەوەیە کە منداڵان هەندێک جار زۆر سەرنجیان دەچێتە سەر یارییەکان و چالاکییە گرنگەکانی دیکەی وەک خوێندن و خوێندنەوە پشتگوێ دەخەن. هەروەها کاتێک منداڵ کاتێکی زۆر بە یاریکردن بەسەر دەبات، لەوانەیە کەمتر ئارەزووی چالاکییەکانی دەرەوە یان بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بکات.
بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان، کۆمەڵێک کێشەی جەستەیی و دەروونی دروست دەکات، لەوانە: کزبوونی چاو، تێکچوونی خەو و قەڵەوی بەهۆی کەمیی جووڵە. لە لایەکی ترەوە، توانای قسەکردن دوادەخەن کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی فێربوون. مەترسییە گەورەکەش ئاڵوودەبوونی منداڵانە کە وای لێ دەکات ببێتە کەسێکی گۆشەگیر، خەمۆک و شەڕانگێز، بە جۆرێک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تێکدەدات و ترسێکی زۆری لا دروست دەکات بەرامبەر تێکەڵاوبوون لەگەڵ کۆمەڵگەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش، پێویستە دایکان و باوکان یاسایەک دابنێن سەبارەت بەوەی کەی و چەند کاتژمێر ڕێگە بە منداڵ بدەن یاری بکات. هەروەها ڕێنمایی منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەنجامدانی چالاکییە بەسوودەکانی وەک وەرزش، وێنەکێشان و خوێندنەوەی کتێب. هاوسەنگی لە نێوان تەکنەلۆژیا و چالاکییەکانی ژیانی ڕاستەقینەدا، زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی منداڵان.»
کۆتایی:
لە کۆتاییدا، یارییە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتە بەشێکی دیاری ژیانی ڕۆژانەی منداڵان و دەتوانن کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنییان هەبێت. منداڵان دەتوانن بۆ فێربوون و زیادبوونی تواناکانیان سوودی لێ وەرگرن، بەڵام کێشەکە لە زیادەڕۆیی و بەکارهێنانی بێسنووردایە. بۆیە گرنگە دایک، باوک و مامۆستایان ڕێنمایی منداڵان بکەن و بە دانانی سنوورێکی گونجاو، ڕێگە بدەن منداڵان چێژ لە سوودەکانی وەربگرن و لە هەمان کاتدا لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی بەدوور بن.

