ئۆپیک بە فەرمی داوای دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەکات

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە بە(ئۆپێک) ناسراوە، بە فەرمی داوایان لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی بکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵی کردووە ڕێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بدەن.
هەر بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئۆپێک داوای لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن ڕۆژانە دووسەد هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکەن.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە وەڵامی داواکارییەکەی ئۆپیکدا، حەیان عەبدولغەنی داوای ڕێکخراوەکەی ئاراستەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەون.
نزیکەی ١٤ ە مانگە، هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و ئێستە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نزین لە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت سەردانی ڕەجەب تەیب ئۆردوگان، سەرکۆماری تورکیا، بۆ هەولێر و بەغدا ڕەنگە وادەی دەست پێکردنەوەکەی نزیک بکاتەوە.
لە ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق – تورکیا، چواردە ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار زیان بەر داهاتی عێراق کەوتووە. بە هۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەش، عێراق ڕۆژانە هەشت سەد هەزار دۆلار سزا دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر