رۆژنامەی ھەولێر

لەنێوان بەختەوەریی ڕووکەش و بەختەوەریی ڕاستەقینەدا

ئارام کۆشکی – هە‌ولێر

لە کورتەڕۆمانی کاتیای تۆڵستۆیدا، کاتیا بەدوای بەختەوەرییدا دەگەڕێت، بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەری سەرەتا هاوسەرگیریی دەکات، دواتر کە هەست دەکات بەختەوەری لەوێ نییە، شوێنی نیشتەجێبوون دەگۆڕێت، بەڵام بەختەوەریش لەوێشدا نادۆزێتەوە، دواتر بەختەوەریی لەنێو خۆیدا لەو جۆرە ژیانەدا دەدۆزێتەوە، کە خۆی بڕیاریی لێ دەدات، نەک ئەو جۆرە ژیانی لەوانی ترەوە و لەڕێی چاولێکەرییەوە دەیەوێت پێی بگات.

پرسیاری گەڕان بەدوای بەختەوەرییدا، پرسیارێکی گەلێک کۆن و هاوکات گەلێک سەختە، بۆیە بەختەوەریی لە هیچ جێگەیەک نییە تا ئێمە دوای بکەین، بەڵکو لەو شێوە ژیانەدایە، کە خۆمان هەڵیدەبژێرین. نەجیب مەحفوز لە ڕۆمانی “سواڵکەرەکە”دا باس لە پیاوێک دەکات کە ئەگەرچی پارێزەرە و دەوڵەمەندە و خاوەنی هەموو شتێکە، بەڵام بەختەوەر نییە و ئەویش بەدوای بەختەوەرییدا دەگەڕێت. مەحفوز لەڕێی ئەم کاراکتەرەوە پێماندەڵێت بەختەوەریی مرۆڤ لە جێگەی دوور نییە، بەڵکو تەنها لەو بیرکردنەوە و شێوەژیانەیە کە مرۆڤ خۆی دروستی دەکات، چۆن تۆڵستۆیش هەمان پرس لەڕێگەی کاراکتەرێکی وەکو کاتیاوە دەخاتەڕوو. بەڵام مرۆڤی ئێمە لە کوێ بۆ بەختەوەریی بگەڕێت، ئایا خوێندنەوە زامنی دەستکەوتنی بەختەوەرییە؟ یان بە پێچەوانەوە وەکو ئەوەی بەشێک لە خوێنەران و نووسەران وێنایان کردووە؟
لەم چەند ڕۆژەدا نووسەرێک لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا باسی لەوە کرد، کە نووسەرەکان، ڕۆشنبیرەکان بەختەوەرتر نین لەو کەسانەی کە هیچ ناخوێننەوە، وەکو ئەوەی بەختەوەریی کاڵایەک بێت لەگەڵ خوێندنەوە و ڕۆشنبیربووندا وەری بگرین و لەبەری بکەین. ڕاستی قسەکانی ئەم نووسەرە زۆر کێشەدار بوون، بەڵام من دەخوازم چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە پەیوەندی خوێندنەوە و بەختەوەرییەوە بخەمەڕوو.
مرۆڤ کاتێک دەخوێنێتەوە، بۆ خۆی دەگەڕێت، خۆدۆزینەوە یەکەم ئەرکی خوێندنەوەیە. هەر خوێنەرێک نەیتوانی لەڕێی خوێندنەوەوە خۆی بدۆزێتەوە، خوێنەرێکی ڕاستەقینە نییە. خوێنەرە ونبووەکان ئەو خوێنەرانەن، کە بە هەڵە دەخوێننەوە، یان سوود لە خوێندنەوە نابینن و تەنها بەر ڕووکەشی وشەکان و دێڕەکان دەکەون. کاتێک مرۆڤ خۆی دۆزییەوە ئیدی بەرنامەی ژیانی دادەنێت، واتە شێوازێک لە ژیان بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، کە ڕەنگە سەخت بێت، پشووی کەم بێت، یان جۆرێک لە سەرقاڵی زۆری تێدا بێت، بەڵام هەموو ئەمانە، کە مرۆڤ بە ویستی خۆی دەیکات جۆرێک لە ئاسوودەیی پێ دەبەخشن، کە سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی.
بەختەوەریی، ئاو نییە بیخۆینەوە و دەستبەجێ تینووێتیمان بشکێت، بەڵکو بەختەوەری لەو شێوازی ژیان و لەو خەونانەدایە کە دەیبینین و بەرنامەڕێژی بۆ بەدەستهێنانیان دەکەین. بەختەوەریی لە هیچ جێگەیەکی دیکە نییە تا سەفەر بکەین بۆ لای، بەڵکو کاتێک سەفەر دەکەین و بەرەو جێگەیەکی دیکە دەچین ئەوە دوای خەونەکانمان کەوتووین و لەوێ لەگەڵ بەدیهێنانی خەونەکانماندا بە بەختەوەریی دەگەین. کاتیای نێو ڕۆمانەکەی تۆڵستۆی کاتێک سەفەر دەکات دوای ڕووکەشگەرایی دەکەوێت، چونکە لایوایە بەختەوەریی لە شارنشینیدایە، بەڵام لەوێ بۆی دەردەکەوێت بەختەوەری لەوێ نییە، بۆیە دێتەوە بۆ گوند و لەوێ لەنێو خودی خۆیدا بۆی دەگەڕێت. مرۆڤی خوێنەر پێویستی بەو گەشتەی کاتیا نییە تا بە خودی خۆی بگاتەوە و خۆی بدۆزێتەوە و بە بەختەوەریی بگات. بەڵکو خوێندنەوە ئەو ڕێگەیەیە کە دەتوانین لێیەوە خۆمان بناسین و ئەمەش نهێنییە سەرسوڕێنەرەکەی خوێندنەوەیە.
خوێندنەوە و خوێنەربوون ئەوکاتە زامنی دەستکەوتنی بەختەوەرییە، کە بگەینە خۆناسین و خوێنەرێکی ڕاستەقینە بین. هەموان ئاسان دەگەن بە بەختەوەریی، وەلێ بەختەوەرییەکی ڕووکەشە، بەڵام گەیشتن بە بەختەوەریی ڕاستەقینە تەنها خوێنەرە ڕاستەقینەکان پێی دەگەن، چونکە ئەوانن لەنێو خۆیان و دەوروبەردا لەنێو شنەیەکی پاییزدا، لەنێو جریوەی چۆلەکەدا، لەگەڵ نمەی باراندا و لەگەڵ خوێندنەوەی هەر ڕستەیەکی نوێدا و گوێگرتن لە هەر گۆرانی و میوزێکیکی ناوازە چێژ دەبینن و بە بەختەوەریی ڕاستەقینە دەگەن. چێژ لە هاوڕێیەتی و هاوسەرێتی و میواندارییەکان دەبینن، چونکە وشیارن لەوەی ژیان بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە ببینن و قەبووڵی بکەین. کاتێکیش ئازار و خەم دێت ئەوان وەکو بەشێک لە ژیان سەیری دەکەن، نەک دۆخێکی لەناکاو. پێداگرانە دەڵێم لەوەتەی خوێنەرم دەزانم تامی بەختەوەریی چییە و یەکێک لە شاڕێگاکانی بەختەوەریم نووسین و خوێنەوەیە، نەک وەکو ئەو نووسەرەی گوتی ڕێگەی بەدبەختی بێت، چونکە ژیان بەدبەختی و ناکامیشی تێدایە و ئەوانە دابڕاونین لە ژیان، بەڵام لەنێو ئەو جیهانەی خۆویستانە دروستم کردووە ئاسوودەییم دۆزیوەتەوە، دڵنیام خوێنەرە ڕاستەقینەکانیش بەهەمان شێوە ئەوەیان دەستەبەر کردووە، کە بەختەوەرییەکی ڕاستەقینەیە و دوورە لە بەختەوەریی ڕووکەش کە لەسەر ماددیات بونیاد نراوە، چونکە بەختەوەریی ڕاستەقینە لەسەر ماددە بونیاد نانرێت، بەڵکو لەناوەوەی ئینساندا سەوز دەبێت و گەشە دەکات. کەواتە ئەزموونی خوێنەربوون تاکە ئەزموونێکە، یان یەکێک لە شاڕێگاکانە بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی ڕاستەقینە، نەک بەختەوەریی ڕووکەش.