بمــــــــدەنەوە
رەوڕەوە و
تەیارۆکە و لۆریۆکەم
بدەنەوە
کێ قەڵەم ڕەنگ و دەفتەر رەسمەکەمی
شاردۆتەوە
کێ لیسی کۆترەکانی دزیوە
کێ پڕپۆڵەی جووجەڵەکانی رشتووە
بمدەنەوە
بزێوی و بێ ئۆقرەییم بدەنەوە
ڕێی خانووچکە قورەکەم
پیشاندەنەوە
کوا دارلاستیک و بەردەقانییەکەم
کوا کەلابەردو ھەڵماتەکانم
کوا دەخیلۆکەم
ئەی دیکتاتۆری گەورەبوون
ئەی عومری بابردوو
ئەو زوڵمەم بۆ لێدەکەن؟

