شوان شێخ تاڵب
پڕۆژە نوێیەکەی باهۆز مستەفا، ئەگەر لەلایەن ئەدیبان و نووسەرانەوە ببێتە تەونێکی فراوان و بەهێز، بێگومان دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پێشخستنی ئەدەبیاتی کوردی بۆ قۆناغێکی بەرزتر؛ قۆناغێک کە ئەدەبیات تێیدا لە چەقین دوور دەکەوێتەوە و ڕێگە بۆ ناساندن و خوێندنەوەی بەرهەمە جیاوازەکان خۆشتر دەکات.
من زۆر سەرسامی ئەو نووسەرانەم کە بە هەوڵ، ئەزموون و توانای خۆیان گۆشەیەک یان خانەیەکی بەرچاو لە کتێبخانەی کوردی دادەمەزرێنن و بە ناوی خۆیان دەیناسێنن؛ یان بە واتایەکی تر، دەبنە قوتابخانەیەک لە قوتابخانەکانی ئەدەبیات.
ئەم جۆرە هەنگاوانە تەنها شانازی بۆ خۆیان دروست ناکەن، بەڵکو شانازی بۆ ئێمەش بنیاد دەنێن؛ چونکە درەوشانەوەی تاکێک، لە کۆتاییدا، دەتوانێت ببێتە درەوشانەوەی کۆمەڵێک و کەلتوورێک.
لە ماوەیەکی کەمدا، پڕۆژەکەی کاک باهۆز توانێویەتی سەرنجی سەدان خوێنەر، هاوڕێ و ئەدەبدۆست بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکان ڕابکێشێت و ببێتە پاڵنەرێک بۆ زیاتر خوێندنەوە و ناسینەوەی بەرهەمەکان؛ ئەمەش بێ هۆ نییە.
یەکەم:
کاک باهۆز خۆی لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردیدا سەنگ و متمانەی هەیە. ئەو متمانەیە وای لە خوێنەر دەکات بە ئارامی زیاتر بەرەو بەرهەمێک بچێت کە لەلایەن کەسێکی ناسراو و بەتواناوە پێشنیار کراوە. ئەگەر بەرهەمێک ببێتە بابەتی ڕۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوە خۆی دەکرێت ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی نوێ لە دەوری کتێب و نووسەر.
کاک باهۆز خۆی ماوەیەکە بە جدی خەریکی ئەم پڕۆژەیەیە و هەوڵ دەدات بەرهەمەکان لە سنووری چاپ و بڵاوکردنەوە تێپەڕێنن و بگەنە بەردەم خوێنەر.
دووەم:
ئەمە خزمەتکردنە بە بوارێک جگە لە نووسین. نووسەر خۆی باش دەزانێت کە لەم سەردەمەدا ڕۆژانە و هەفتانە چەندین بەرهەمی ئەدەبی بڵاو دەکرێنەوە. بۆ خوێنەر، هەڵبژاردنی بەرهەمی باش و شایستە لە نێوان ئەم هەموو بەرهەمانەدا کارێکی ئاسان نییە.
لەوێدا، ئەو کەسەی کە بتوانێت ڕێگای خوێنەر کورتتر و ڕوونتر بکات، خزمەتێکی گرنگ بە خوێندنەوە دەکات.
سێیەم:
دەزگا و ناوەندەکانی چاپ، بە هەر فلتەر و قۆناغێکی هەڵسەنگاندنەوە کتێبێک بۆ چاپ هەڵبژێرن، بەڵام گرنگترین قۆناغ لە دوای چاپ دەست پێدەکات: گەیاندنی کتێب بە دەستی خوێنەر.
لەو قۆناغەدا، کەسانێکی بەتوانا و ئەکادیمی وەک کاک باهۆز دەتوانن بە ناساندن و پێشنیارکردنی بەرهەمەکان، پردێک دروست بکەن لە نێوان کتێب و خوێنەر.
چوارەم و گرنگتر لە هەموویان:
هەمەڕەنگی لە بابەت، نووسەر و ناوەندە ئەدەبییەکان.
نزیکیی کاک باهۆز لە نووسەران و ئامادەبوونی لە بازنە ئەدەبییەکان، وای لێ دەکات ئەو بەرهەمانەی زۆرجار لەبەر هۆکارێک یان هۆکارێکی تر لە دیدی خوێنەر ون دەبن، ئەم هەوڵە زیاتر و نزیکتریان دەکاتەوە کە بێنە بەردیدیان.
نموونە: هەندێک نووسەرمان هەیە لە دەرەوەی وڵات دەژین، یان کەمتر تێکەڵی کەش و هەوای ئەدەبی و کۆڕ و کۆبوونەوەکانن، یان بەهۆی کەمبوونی کات و توانایان ناتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام و چالاک بن.
لەو بارودۆخەدا، کەسێک وەک کاک باهۆز دەتوانێت ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەی بەرهەمەکان لە تاریکییەوە بێنە ناو ڕووناکیی خوێندنەوە. هەندێک جار تەنانەت خودی نووسەرەکەش سەرسام دەبێت کە چۆن بەرهەمەکەی بەبێ ئاگادارییەکی زۆر، خوێنەر و خوێندنەوەی خۆی دۆزیوەتەوە. نموونەش بۆ ئەمە ووتە بەناوبانگەکەی دەربارەی نووسەرانە کە دەڵێت (نووسەر هەر مرۆڤە بەڵام لە قوڕێکی جیاوازتر دروست کراوە).
هۆکارەکان زۆرن؛ ئەمانە تەنها ئەو خاڵانەن کە من بە گرنگترینم زانیون.
ئێستا کە پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی پەسەندکراو و سەرنجڕاکێش، هیوا دەخوازم ببێتە تەونێکی فراوانتر؛ بە تایبەتی لە لایەن نووسەران . چونکە کاریگەری و متمانەی نووسەرێک لەسەر نووسەرێکی تر، زۆرجار چەندان بەرامبەر کاریگەرییەکەی خوێنەرێکە. زۆریش بە گرنگی دەزانم کە وەک هاوکار و پاڵپشت بۆ پڕۆژەکە.
لەگەڵ سوپاس و ستایش بۆ ئەم پڕۆژەیە، شانازییەکی گەورەیە کە کاک باهۆز توانێویەتی گۆشەیەکی تایبەت لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردیدا بە شێوەیەکی شایستە بنیاد بنێت.
بە تایبەتی کە ئەزموونی ژیان لە دوو جیهانی جیاواز، دوو کەلتوور و دوو شێوازی ئەزموون، ئەوەی کردووە کە کاک باهۆز بتوانێت بە چاوی کوڕێکی کورد، لەگەڵ ئەزموونی ژیان لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا (ئەڵمانیا) سەیری پڕۆسەی گەشەکردن و پێشخستنی کارێکی گەورە وەک ئەدەب بکات.
لە چەندین دانیشتن و دیداردا، ئەم تایبەتمەندییە و ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بە ڕوونی لە کاک باهۆز دیتووە؛ ئەو توانایەی کە ئەزموونی جیهانێکی تر بخاتە خزمەت بەو کەلتوور و ئەدەبەی خۆی.
لە کۆتاییدا، نابێت ناوی ڕۆژنامەی هەولێر لەبیر بکرێت؛ چونکە ئەم ڕۆژنامەیە بووەتە بنکەیەکی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ئەم پڕۆژە گرنگە و ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەیە لە گەیاندنی ئەم هەنگاوە ئەدەبییە بە خوێنەران.
ئەدەبیات تەنها بە نووسین پێش ناکەوێت؛ بە خوێندنەوە، ناساندن، پشتیوانی و دروستکردنی پرد لە نێوان نووسەر و خوێنەر پێش دەچێت.
ئەگەر پڕۆژەی کاک باهۆز بتوانێت لە سنووری کەسێک و پڕۆژەیەکی تاکەکەسی تێپەڕێت و ببێتە تەونێکی هاوبەشی نووسەران، ئەوا تەنها خزمەتێک بە چەند کتێبێک ناکات؛ بەڵکو دەبێتە هەنگاوێک بۆ دروستکردنی کەلتوورێکی زیندووتر بۆ خوێندنەوە و ئەدەبیاتی کوردی.

