رۆژنامەی ھەولێر

لەنێوان پەراوێزخستن و بەرگریکردن لە جەماوەردا

بەهادین جەلال مستەفا

 

لەم سەردەمەدا، «پۆپۆلیزم» یەکێکە لە پڕپشێوترین جەمسەرەکانی دنیای سیاسەت و كۆمەڵگە، پۆپۆلیزم کە لە جەوهەر و داڕشتنیدا لەسەر جەمسەربەندی و خوڵقاندنی کەلێنی نێوان «گەلی پاک و دادپەروەر» و «دەستەبژێری دەسەڵاتداری ستەمکار» هاتووەتە ئاراوە، تەنیا دیاردەیەکی سیاسیی ڕووت نییە؛ بەڵکو شوێنپەنجەیەکی قووڵی بەسەر ئاسۆی فەرهەنگ، بیر و بڕوا، و بە تایبەتی کایەی ئەدەبدا جێهێشتووە.
ئەدەب جۆرێک بووە لە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی؛ هەندێ جار بووەتە کەرەستەیەک لە دەستی شەپۆلە پۆپۆلیستییەکاندا بۆ بەرهەمهێنانی ئەفسانە کۆمەڵایەتییەکان و، جارجاریش بووەتە سەنگەرێکی پۆڵایینی فکری بۆ بیركردنەوە، ڕەخنەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی دروشمە ڕووکەش و سادەکانی پۆپۆلیزم.
چەمکی پۆپۆلیزم و هاوبەشییەکانی لەگەڵ جیهانی ئەدەبدا
پۆپۆلیزم لە سەرەتای مێژووی خۆیدا وەک جووڵانەوەیەکی جەماوەری بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی ئاسایی لە بەرامبەر چینە سەردەستەکاندا سەریهەڵدا. دیارترین ڕوخسار و تایبەتمەندییەکانی بریتین لە:
کەمکردنەوە و سادەکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگە بۆ هاوکێشەی بڕبڕەییی «چاکە بەرامبەر خراپە»، خوڵقاندنی داستانێک لەسەر ستەمدیدەیی و دەرکەوتنی فریادڕەسێکی ڕەمزی، بزوواندن و ئاراستەکردنی هەست و نەستی سۆزداریی جەماوەر.
بەکارهێنانی زمانێکی ڕوون، بێ گواستنەوە و ڕاستەوخۆ
کاتێک لە پێکهاتەی نووسین و گێڕانەوەی ئەدەبی ورد دەبینەوە، دەرک بەوە دەکەین کە ئەدەبیش لەسەر بنەمای هەست، گێڕانەوەی ڕووداوەکان، خوڵقاندنی پاڵەوان یان فریادڕەس و وێنەکردنی پێکدادانی نێوان هێزەکان بونیاد دەنرێت. لەم خاڵەدا ئەدەب و پۆپۆلیزم بە یەک دەگەن؛ چونکە هەردوولا «چیرۆک» دەنووسنەوە، بەڵام مەبەست و ئامانجەکانیان لە یەکتر جودایە. پۆپۆلیزم داستان دەسوڕێنێت بۆ جۆشدانی پشتگیریی جەماوەری و سەپاندنی ڕاستییەکی بەکۆمەڵ، لە کاتێکدا ئەدەبی بەپێز و قووڵ تێدەکۆشێت لایەنە ئاڵۆز و پەردەپۆشکراوەکانی حەقیقەت نیشان بدات و ڕێگری لە ساویلکەیی بکات.
ئەدەب وەک ئامرازێکی پۆپۆلیستی
لە مێژوودا گەلێک جار دەسەڵات یان ڕەوتە پۆپۆلیستییەکان، دەقی ئەدەبییان وەک چەکێک بۆ پڕوپاگەندە و جووڵاندنی سۆزی جەماوەر خستووەتە گەڕ. ئەم دیاردەیە لە چەند هێڵێکدا دەردەکەوێت: ئەدەبی پۆپۆلیستی لە دەقی قووڵ ڕادەکات، زمانێک پەیڕەو دەکات کە پێویستی بە تێفکرینی قووڵ نەبێت، بەڵکو تەنیا بۆ بزواندنی خێرا و کوڵاندنی هەستەکان بێت، جگە لەمەش بە قارەمانکردنی “خەڵکی ئاسایی” واتا لە زۆربەی ئەفراندنە پۆپۆلیستییەکاندا، کارەکتەری سەرەکی، تاکێکی ئاسایی و بێگەردە، کە ڕووبەڕووی سیستەمێکی زۆردار یان ڕووناکبیرانی دابڕاو لە واقیع دەبێتەوە.
پۆپۆلیزم جۆرێک لە گومان و بێبڕوایی بەرامبەر بیرمەندان، دەستەبژێری ئەکادیمی و ئەدەبی ئاڵۆز دادەهێنێت. لە ئەدەبی پۆپۆلیستیدا ڕۆشنبیر زۆرجار وەک کەسێکی دووڕوو، بێسوود یان خائین بە گەل و نیشتمان وێنا دەکرێت.
ئەدەب وەک بەربەستێک لە بەرامبەر شەپۆلی پۆپۆلیزمدا
لە لایەکی دیکەوە، ئەدەبی ڕاستەقینە ڕێک وەک دژەجەستەیەک بەرامبەر دیاردەی پۆپۆلیزم کار دەکات. ئەگەر پۆپۆلیزم خوازیاری جیهانێکی ڕەش و سپی بێت، ئەدەب جیهانێک لە ڕەنگە جیاوازەکان و ناوچە خۆڵەمێشییەکان نیشان دەدات. ئەدەب خوێنەر ڕادێنێت کە واقیع تەنیا لەنێوان “باش” و “خراپ”دا کورت نابێتەوە. کارەکتەرە ئەدەبییە مەزنەکان تێکەڵەیەک لە چاکە و خراپەی مرۆڤین. ئەم وێنەیە ڕێگە لە خوێنەر دەگرێت کە بە ئاسانی بکەوێتە داوی دروشمە سادەکانی پۆپۆلیزم.
جگە لەوەش، ئەدەب توانای بەخشینی هاوسۆزیی بەرامبەر ئەوانی دیکە هەیە. خوێنەر لە ڕێگەی ڕۆمان یان شیعرەوە دەتوانێت لە پەنجەرەی کەسانی جیاوازەوە سەیری جیهان بکات، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی پۆپۆلیزمە کە تەنیا جەخت لەسەر “ئێمە” دەکاتەوە و “ئەوانی دی” وەک دوژمن دەبینێت.
ئەدەبی کوردی؛ لەنێوان گۆڕەپانی خەباتی جەماوەری و مەترسی پۆپۆلیزمدا
کاتێک سەرنج لە ئەدەبی کوردی دەدەین، پەیوەندیی نێوان دەق و گەل وێنەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە. بەهۆی بارودۆخی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردەوە، شاعیران و نووسەرانی کورد هەمیشە وەک ڕەنگدانەوە و دەنگی جەماوەری ستەملێکراو دەردەکەوتن.
شاعیرانی وەک ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی، پیرەمێرد، هێمن و هەژار، زمان و هەستی خەڵکی ئاساییان کردە هەوێنی شیعرەکانیان. ئەم بەشداریکردنە نەک پۆپۆلیزمی نەرێنی نەبوو، بەڵکو دیوە ئەرێنییەکەی بوو کە بزوێنەری هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی بوو لە سڕینەوە. لە قۆناغی دواتردا، بەتایبەتی لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا، بەشێک لە ئەدەب و شیعری کوردی کەوتە ژێر کاریگەریی حزبایەتی و دروشمی ڕاستەوخۆ. شیعر لە شوێنی ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ بیرکردنەوەی قووڵ، بوو بە هۆکارێک بۆ جۆشدانی سۆزی جەماوەر لە کۆبوونەوە سیاسییەکاندا. ئەمە شێوازێک بوو لە ئەدەبی پۆپۆلیستی کە تەمەنی هونەریی دەقەکانی کورت دەکردەوە.
لە کۆتاییدا، پەیوەندیی نێوان ئەدەب و پۆپۆلیزم، پەیوەندییەکی دووڕووی ئاڵۆزە، پۆپۆلیزم دەتوانێت بەرگی ئەدەب و ڕەوانبێژیی زمان بپۆشێت بۆ ئەوەی ڕاستییەکان سادە بباتە پێشەوە و ڕکێفی هەستی خەڵک بکات. لە بەرامبەردا، ئەدەبی قووڵ و ڕاستەقینە کاریگەرترین چەکی بەرگرییە بەرامبەر پۆپۆلیزم؛ چونکە فێرمان دەکات پرسیار بکەین، گومان لە دروشمە بریقەدارەکان بڕەخسێنین و جیهان بە هەموو ئاڵۆزی و جیاوازییەکانییەوە پەسند بکەین. ئەركی سەرەکیی ئەدەبی هاوچەرخ ئەوەیە کە بێتە دەنگ بۆ چینە پەراوێزخراوەکان بێ ئەوەی بکەوێتە داوی ساویلكەیی پۆپۆلیستی و پارێزگاری لە فرەیی و سەربەخۆیی هزری مرۆڤ بکات.

سوود لەم ژێدەرانە وەرگیراوە:
– دراسات نقدیە وأكادیمیە (التأپیر والعلاقە بین الادب والشعبویە) نانسی بونگ
– پۆپۆلیزم و ئاوێنەی دیموکراسی — بنجامین ئەردیتی
– فی الأجابە عن السۆال، ما الشعبویە- عزمی بشارە