رۆژنامەی ھەولێر

وێنـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــە جوولە و هێزێکی بەرجەستە

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

وێنە ڕەنگدانەوەی واقیع نییە، وێنە خۆی واقیع و ماددەیە. ئەو ڕستەیەی “ژیل دۆلۆز” تەواوی پرسیارەكان لەبارەی وێنەوە گۆڕی. ئەو قسەیە لەوێوە دێت كە پێی وایە كە لە واقیعدا وێنە کۆپیی شتێک نییە، بەڵکو خۆی رووداوێکە لە ناخ و شێوەی ماددەدا. ماددە خۆی وێنەیە، و وێنە خۆی ماددەیە! بەو مانایەش جیهان لە لێشاوێک وێنەی جوولاو پێکهاتووە.

ژیل دۆلۆز بە ئیلهام وەرگرتن لە کەلەپووری فەلسەفی (بیرگسیۆن و پێر سوریۆ) بەتایبەتی (دەیموومە-بەردەوامى) “هێنری بێرگسۆن”ەوە یەكێتییەكی لەنێوان وێنە، واقیع و ماددەدا هەڵناوە؛ وەكـ چۆن جوولەش بە ئازادی و ئازادیش بە دەیموومەوە دەبەستێتەوە. هەڵبەتە دەیموومەی بێرگسۆنی یەكێتییەك پێكدەهێنێ‌ كە بەسەر (چركەسات)ی “باشلار”ییدا دابەش ناكرێت. بێرگسۆن رەهایى لە بەردەوامییدا دەبینێتەوە، پێی وایە بەردەوامى (كات- زەمەن)ى حەقیقییە. زەمەنى حەقیقى، زەمەنێك كە ڕابردوو و ئێستا لەیەك باردا كۆدەكاتەوە و سەرلەنوێ‌ ئەو بارە بەرەو داهاتوو پاڵ دەنێت. بێرگسۆن دەیەوێ‌ (بوون) لەسەر دەیموومە وێنا بكات. لەبەر ئەوەى (دەیموومە-بەردەوامى) دێ‌ و دەڕِوا، بۆیە قبووڵى دابەشبوون و بەش بەشبوون ناكات. بەردەوامى پێشكەوتنى ڕابردووە كە داهاتوو بەرهەم دێنێ‌، هەرچەندە پێشبكەوێت گەورە دەبێت. بە هەمان شێوە دۆلۆزیش، یەكەم: وێنە بە هۆکار و ئەنجام، کردە و کاردانەوەوە بەند دەكات. وێنەکانیش وەكـ زەمەنی بێرگسۆنی بە شێوەیەکی ئۆرگانی بەدوای یەکدا دێن تا ناوەڕۆکێک یان چیرۆکێک بونیاد بنێن. دووەم: وێنە بێ ئەوەی بە زمانەوە پەیوەست بێت، پەیوەندیی نێوان (کردە و کاردانەوە) دەپچڕێنێت؛ ئەوەش ئازادی وێنە دەردەخات، ئازادی وێنە ئامادەیی ڕاستەوخۆی زەمەن لە دەیموومەدا نیشان دەدات. یەكەمیان ناو دەنێت (وێنە- جوولە). دووەمیان ناو دەنێت (وێنە- كات).
هەڵبەتە سینەما لە مێژووی هونەر و فکردا خزمەتێكی زۆری کردووە؛ هەر یەکێک لە ئێمە یادەوەرییەکی تایبەتی لە بارەی سینەماوە هەیە. “ژیل دۆلۆز”یش لەسەر تەختەی سینەماوە توانیوویەتی یەكێتییەكی فەلسەفی لەنێوان رابردوو و ئێستادا پێكبهێنێت: لە ڕابردوو، (وێنە-جوولە) لە سینەمای کلاسیکدا دەخاتەڕوو. لە ئێستادا، (وێنە-زەمەن) لە سینەمای پاش جەنگ و شەپۆلی نوێدا باس دەكات. واتە لە كلاسیكدا وێنە بە هۆکار و ئەنجام، کردە و کاردانەوە بەستراوەتەوە. بەڵام لە شەپۆلی نوێدا، وێنە خۆی بیرکردنەوە و فەلسەفەیە، بێ ئەوەی بۆ زمان بگەڕێتەوە. بەو مانایەش ئازادییەكانی داهاتوو خۆی لە بیركردنەوە و فەلسەفەدا دەبینێتەوە! دەتوانین بڵێین دۆلۆز تیۆرییەکەی بێرگسۆنی لە بەکارهێناندا هەڵگەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت سینەما تەنیا ئامرازی پیشاندانی واقیع نییە، بەڵکو خۆی بەرهەمهێنەری واقیعێکی نوێیە لەسەر بنەمای کات و جوولە وەستاوە. هەڵبەتە ئەو هەڵگەڕانەوە تیۆرییە لەبارەی چەمکی کات، جوولە، و سروشتی فۆتۆگراف و سینەماوە لەوێوە دێت كە بێرگسۆن سینەما بە (تەڵەکەی بینایی) بۆ فێڵکردن لە هۆشیاری مرۆڤ دەزانیت؛ بەڵام دۆلۆز سینەمای وەک کەرستەیەکی فەلسەفیی ڕاستەقینە دەبینێ کە توانای بەرجەستەکردنی زەمەنی بەردەوامی هەیە.
وەكـ گوتمان دیموومە لای بێرگسۆن بریتییە لە کاتی ڕاستەقینە و ناوەکی؛ ڕەوتێکی زاتی، ئۆرگانی، و بەردەوامە کە ناکرێت بەش بەش بکرێت یان بپێورێت… هەر بەو مانایە بە بڕوای ئەو کامێرا، جوولەی ڕاستەقینە تێکدەدات، بەشەکانی بۆ کۆمەڵێک گرتە سحری وەستاو، دەپچڕێنێت؛ دواتریش بە جوولاندنەوەی دەستکردی شریتەکە، وەهمی جوولە درووست دەکاتەوە. لای بێرگسۆن سینەما، زەمەن دەکاتە فەزا و دیموومەی ڕاستەقینە وێران دەکات. بەڵام دۆلۆز دژی ئەو ڕەخنەیەی بێرگسۆن دەڵێت: سینەما کۆکردنەوەی گرتەی وەستاو نییە، بەڵکو خودی وێنە سینەماییە و لە بنەڕەتدا سینەما وێنەیەکی جوولاوە. لەسینەمادا مۆنتاژ دیموومەیە، لەو بارەوە دۆلۆز دەڵێت: شوێنکەوتنی شوێنەکان، جوولەی کامێرا، و بەیەكەوە بەستنەوەی گرتەكان لەڕێی مۆنتاژەوە، کاتێکی بەردەوام و زیندوو درووست دەکات کە تەنیا بەرهەمی گرتەكان نییە، بەڵکو خۆی گشتێکی دیالێکتیکیی نوێیە. كەواتە سینەما نەک هەر کات تێک نادات، بەڵکو بیرکردنەوەیە بە وێنە.
لە فەلسەفەی سینەمایی ژیل دۆلۆزدا، گواستنەوە لە (جوولەی-وێنە) بۆ (کاتی-وێنە) تەنیا گۆڕانکارییەکی تەکنیکی یان شێوازێكی سینەمایی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و شۆڕشگێڕانەیە لە چۆنیەتیی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ واقیع، کات، و هۆشیاری؛ بەوەش، سینەما پاشکۆی فەلسەفە نییە، بەڵکو لە پێگەیەکی یەکسان لەگەڵ فەلسەفەدا دەوەستێت.
لە قۆناغی (جوولەی-وێنە)دا، کە نوێنەرایەتی سینەمای کلاسیکی دەکات، هەمیشە كات پاشکۆی جوولەیە. وێنەکان لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی ئەندامی و هۆکارەکی بە یەکترەوە بەندن؛ پاڵەوانەکە ڕووداوێک دەبینێت، کردارێک دەکات، و بەو شێوەیە جوولە ئاراستەیەکی دیاریکراو بەسەر کاتدا دەسەپێنێت. لێرەدا کات ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت، تەنیا وەک پێوەرێک بۆ بڕینی فەزا یان ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی حەرەکەی کارەکتەرەکان. سینەما لەم قۆناغەدا ملکەچی سیستەمێکە کە دەکرێت ناوی بنێین (سیستەمی هەستەکی-حەرەکی) كە دەستبەجێ هەستکردن بۆ کردار دەگۆڕێت.
بەڵام کارەساتی جەنگی جیهانیی دووەم، وێرانییەکان، و هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی، ئەو تێگەیشتنە سادەیەی بۆ شوێن تێکشکاند. لە دوای جەنگ (بە تایبەت لە سینەمای نیۆڕیالیزمی ئیتاڵیدا) مرۆڤی ناو فۆرمە سینەماییەکان لە (ئەکتەر) یان لە کارەکتەرێکی بڕیاردەرەوە بۆ (بینەرێکی ڕووت) گۆڕانی بەسەرداهات. دۆلۆز لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانەوە (کاتی-وێنە)ی بەرهەمهێنا. واتە کاتێک کارەکتەر چیتر ناتوانێ بە کردار وەڵامی دەوروبەرەکەی بداتەوە—کە جیهان ئەوەندە ئاڵۆز یان وێران بوو و كەوتە دەرەوەی توانای کردارەوە، ئیتر (پەیوەندیی هەستەکی-حەرەکی) بوون و نەبوونی دەبێتە یەكـ. لەم خاڵەدا، لای دۆلۆز (کاتی-وێنە) لەدایک بوو. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە كتێبی (الصورة – الحركة أو فلسفة الصورة، تأليف: جيل دولوز- ترجمة: حسن عودة، الناشر: منشورات وزارة الثقافة – المؤسسة العامة للسينماـ دمشق 1983.)
بەم جۆرە کات لە (کاتی-وێنە)دا، لە ژێر چەپۆک و هەژموونی جوولە ڕزگاری دەبێت و ڕاستەوخۆ خۆی دەنوێنێ. چیتر سینەما بەدوای درووستکردنی زنجیرەی ڕووداوە ڕاستەوخۆكاندا ناگەڕێت، بەڵکو دەچێتە ناو فەزای بەتاڵەوە، ساتەکانی وەستان، پیاسە بێئامانجەکان، و یادەوەرییەکان… لێرەدا کات چیتر هێڵیی (لەسەر یەك هێلی ڕاست) و یەک ئاراستە نییە؛ ڕابردوو، ئێستا، و داهاتوو لە ناو یەک وێنەی بەیەكەوە لكاودا بەیەکتر دەگەن. کات دەبێتە واقیعێکی کراوە، شل، و فرەڕەهەند کە ڕاستەوخۆ لەسەر شاشە درک بە بوونی دەکرێت.
كەواتە گواستنەوە لە (جوولەی-وێنە)ەوە بۆ (کاتی-وێنە)، گواستنەوەیە لە سینەمایەکەوە کە جیهان وەک (پیشاندانی کردار) دەبینێت، بۆ سینەمایەک کە جیهان وەک (فەزای ڕامان و بیرکردنەوە) دەخاتە ڕوو. لای دۆلۆز، (کاتی-وێنە) ئەو ساتەیە کە سینەما تێیدا دەبێتە ئامرازێکی پوختی فەلسەفی؛ ئامرازێک کە کات لە شێوە فەزاییەکەی پاک دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر دیموومەی ڕاستەقینە و ناوەکیی بوون. بەو مانایەش دەیەوێ لەپاڵ تێزەكە بێرگسۆن بڵێت، جوولە تەنیا دەرکەوتەی دەرەکی و بینراوی دیموومەیە، بەڵام لە ناو فەزادا! بە مانایەكی دیكە ئەگەر دیموومە ڕەوتە ناوەکی و ناوبڕەکەی زەمەن بێت، لە قوڵاییدا، ئەوە جوولە بەرجەستەبوونی ئەو زەمەنەیە لە شێوەی گۆڕانکاریی فیزیکی و فەزاییدا. هەڵبەتە جوولە لە بۆشاییدا ڕوونادات، بەڵکو خودی دیموومە لە گۆڕان و حەرەکەدا پیشان دەداتەوە.
“ژان بۆدریار” پێی وایە وێنەی هاوچەرخ سیمۆلاكرا و بێ قووڵییە و مانا تێیدا بە کۆتا گەیشتووە. بەڵام دۆلۆز بە تەواوی ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: وێنە نە ئاوێنەیە و نە دەستکردێکی بێ ‌مانا، بەڵکو (ئامرازی بەرکەوتنی هێزەکانە)؛ وێنە توانای هەیە ئارەزوو، جوولە و درکپێکردنی نوێ بخولقێنێت، چونکە خۆی هێزێکی بەرهەمهێنەرە. هەڵبەتە “ژان-لوک گۆدار”مۆنتاژی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ شێواندنی وێنەی ئایدۆلۆژی و هۆشیارکردنەوەی بینەر بەکاردێنێت. بەڵام دۆلۆز پێیوایە مۆنتاژ تەنها دەستکاریکردنی دەق نییە، بەڵکو مۆنتاژ درووستکردنی (تێڕوانینێکی فەلسەفییە بۆ کات)؛ وەكـ چۆن وێنە تەنها هێمایەکی زمانی نییە تا بیخوێنینەوە، بەڵکو ڕووداوێکە کە مێشکی بینەر دەباتە ناو دۆخی بیرکردنەوەی پچڕپچڕەوە. بەو مانایەش لای دۆلۆز وێنە چیتر “ڕەنگدانەوەی” شتێک لە دەرەوەی خۆی ناكات، بەڵکو وێنە خۆی جیهانێکە لە جوولە و کات، کە نەک واقیع ناکوژێت، بەڵکو ڕەهەندی نوێ بە واقیع دەبەخشێت.
چەمكی (جیاوازی) لای ژیل دۆلۆز، بەرهەمی دووپاتبوونەوەی کۆپییەکان یان بەراوردکردنی دوو شتی جیاواز نییە، بەڵکو هێزێکی داینامیکی و ناوەکییە کە بەردەوام نەبوونی نوێ و دۆخی چاوەڕواننەکراو بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەگەر ئەم چەمکە بکەینە هاوێنەی شیکاری، ڕێگەیەکمان بۆ ڕامان لە چوار ئاراستەی کۆڵەکەیی لە تیۆریی میدیا، فەلسەفە و سینەمادا بۆ دەکرێتەوە.
بەڵام خوێندنەوەی وێنە لای “ڤاڵتەر بنیامین”، لە تێکچوونی (هالەی پیرۆزی) و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکیدا خۆی دەبینێتەوە، تەنیا لەدەستدانی ئەسڵییەتی شوێنکەوتوو نییە، بەڵکو ڕێک ئەوەیە کە دۆلۆز ناوی دەنێت سەرکەوتنی “سیمولاکرا”. هەڵبەتە ئەو چەمکە لای ژان بۆدریار كاری لەسەر كراوە، بەڵام ئەو چەمكە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی فەلسەفییانەی ژیل دۆلۆز بەرهەم هاتووە؛ واتە كاتێكـ لای ئەفلاتون، کۆپیی وەكـ ڕەسەن ڕێزی لێ دەگیرێ و سیمولاکرا (کۆپیی بێ ئەسڵ) وەک فێڵ و ئاوێنەی درۆینە ڕەت دەكرێتەوە… لەوێوە دۆلۆز دێت ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە و دەڵێت: سیمولاکرا سەرکەوتنی جیاوازییە، چونکە وێنەیەکە لە کۆت و زنجیری هەبوونی (ئەسڵ) یان (مۆدێلی یەکەم) ڕزگاری بووە. بەو مانایەش لای بنیامین بەرکەوتنی تەکنەلۆژیا بە هونەر، وێنەکە لە زنجیری یەکتاپەرستی و کۆپیبوونی ڕووت ڕزگار دەکات و جیاوازیی شۆڕشگێڕانە لە ناو کۆمەڵگەدا دەجووڵێنێت.
لای بۆدریار، سیمولاکرا دۆخێکی نێگەتیڤە، بەو مانایەی كە واقیع لەناوچووە و تەنیا نیشانە و وەهمەکان شوێنیان گرتووەتەوە. بەڵام لای دۆلۆز، سیمولاکرا دۆخێکی پۆزەتیڤە و هەڵگری ئازادییە؛ هێزێکە وا دەکات وێنەکە ببێتە خاوەنی تایبەتمەندی و ڕەسەنایەتیی سەربەخۆی خۆی بەبێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت ڕەواجی خۆی لە واقیعێکی دەرەکی وەربگرێت. بۆدریار پیشانمان دەدات کە چۆن میدیا و ئامرازەکان واقیعیان بە تەواوی لەناو برد و “سیمولاکرا”یان خستە شوێنی. بەڵام دۆلۆز پێی وایە سەربەخۆبوونی ڕەهای (سیمولاکرا) خۆی جیاوازییە، چونكە وێنەکە چیتر ئاماژە بۆ هیچ بنەمایەکی دەرەکی (واقیع) ناکات، بەڵکو خودی وێنەکان لەڕێگای جیاوازیی ناوەکیی خۆیانەوە جیهانێکی تر دەخولقێنن. کەواتە، چەمک و داڕشتنە سەرەکییەکەی سەرکەوتنی وێنە بەسەر واقیعدا ڕەچەڵەکەکەی بۆ ژان بۆدریار دەگەڕێتەوە، و دۆلۆزیش لە چوارچێوەی “شۆڕش دژ بە ئەفلاتونیزم”دا هەمان چەمکی بۆ بەرژەوەندیی تیۆریی جیاوازی داڕشتووەتەوە.
لە کاتێکدا لای “مارشال مەکلۆهان”، تێزی (ئامرازەکە خۆی پەیامەکەیە) و دەبێتە بەرجەستەبوونی چەمکی جیاوازی وەک ژینگەیەکی هۆشیاری. مەکلۆهان ناوەڕۆک بە دووپاتەبوونەوەیەکی لاوەکی دەزانێت؛ ئەوەی جیاوازیی بنەڕەتی درووست دەکات خودی تەکنەلۆژیایە کە جەستەی مرۆڤ درێژ دەکاتەوە و داڕشتنەوە بۆ ئەو بەشەی هەست و ئەزموونەكان دەكات کە ڕاستەوخۆ بە دەمارەکان، هەستەکانی جەستە، و کاردانەوە فیزیۆلۆژییەکانەوە بەستراونەتەوە. لێرەدا ئامرازەکە هێزێکی بەرهەمهێنەری جیاوازییە، نەک تەنیا گوێزەرەوەی مانا. بەڵام لای “ڕێجیس دۆبرێ” وێنە تۆڕێکی ماددی و دامەزراوەییە. وێنە کاتێک کاریگەریی دەبێت کە سیستەمێکی تەکنیکی، ئابووری، و سیاسی لە پشتییەوە بێت (وەک کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، هێڵەکانی ئینتەرنێت، و دامەزراوەکانی میدیا). وێنە لای دۆبرێ ئامرازێکی سیاسیی دەسەڵاتدارێتییە کە مێژووی مرۆڤایەتی دادەڕێژێتەوە.
“ژان-لوک گۆدار” ئەم ململانێ فکرییە لەڕێگای مۆنتاژی (ناهێڵی) و بڕینی ناوەڕاستی دیمەنەکان و تێکدانی پەیوەندیی دەنگ و وێنە دەخاتە سەر شاشەی سینەماوە. بەو مانایە سینەما لە زنجیرەی چیرۆک و جوولەی بەردەوام ڕزگار دەکات و دەیکاتە شوێنی بەرکەوتنی جیاوازییە پەتییەکان—شوێنێک کە وێنە چیتر خزمەتی کۆپیکردنی واقیع ناکات، بەڵکو دەبێتە کەرستەیەکی پوختی بیرکردنەوە. کاتێک سەیری سینەمای “ژان-لوک گۆدار” و تیۆریی سینەمایی “ژیل دۆلۆز” دەکەین، دەبینین هەردووکیان سینەمای کلاسیکی هۆڵیوود—کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی هێڵی، هەماهەنگیی هەستەکی-حەرەکی، و شاردنەوەی ئامرازی کۆپیکردنی واقیع دامەزراوە—ڕەت دەکەنەوە.
لای گۆدار، مۆنتاژی (ناهێڵی) و دابڕاندنی دەنگ لە وێنە (دەنگی دەرەکی، مۆنۆلۆگی ناوەکی، و بێدەنگیی بەپەلە)، هەوڵێکە بۆ ئەوەی وێنە وەک ئامرازێکی پوختی بیرکردنەوە و ڕەخنەی سیاسی-ئایدۆلۆژی سەربەخۆ بێت. ئەوە ڕێک لەگەڵ چەمکی (کاتی-وێنە)ی دۆلۆزدا یەکدەگرێتەوە، کە تێیدا کات لە جوولە ڕزگار دەبێت و وێنە دەبێتە کەرستەیەک بۆ ڕامانی فەلسەفی. بەڵام جیاوازیی قووڵ لە نێوان دیدی “گۆدار”ی دەرهێنەر و “دۆلۆز” فەیلەسوفدا لە کەرستە، مەبەستی کۆتایی، و پێگەی دەسەڵاتی وێنەدا سەرهەڵدەدات. ژان-لوک گۆدار وێنە لەڕێگای (تێکدان و جیاکاریی ئایدۆلۆژی)یەوە دەخولقێنێت. نایەوێت بینەر نقوومی جیهانی وێنەکە ببێت، بەڵکو دەیەوێت بینەر بەردەوام هۆشیار بێت بەوەی بەرامبەر پارچە وێنەیەک و ساختەکارییەکی تەکنیکی وەستاوە. بەم پێیە، گۆدار بینینێک جێبەجێ دەکات کە زیاتر خزمەتی ڕەخنەی ئایدۆلۆژی، ڕاهێنانی سیاسی، و تێکدانی بنەماکانی سەرمایەداریی هۆڵیود دەکات. لای گۆدار، وێنە هێشتا بەشێکە لە ململانێی هۆشیاریی مرۆڤ بەرامبەر دەسەڵاتی بینایی.
بەڵام لای ژیل دۆلۆز بیرۆکەی سیاسی یان ئایدۆلۆژیی لە وێنەدا دەرەکییە و ڕەتیدەكاتەوە. چونكە پێی وایە سینەما خۆی بیرکردنەوەیە، نەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی بیرکردنەوەی دەرهێنەر. بەو مانایەش کاتێک (کاتی-وێنە) دەردەکەوێت، وێنەکە خۆبەخۆ و لە ناوخۆیدا (سەربەخۆ) سیستەمێکی نوێی هۆشیاری و کات بونیاد دەنێت، بێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت دەرهێنەرەکە لە دەرەوە بەپەلە پەیامێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژیی بەسەردا بسەپێنێت. ئەگەر گۆدار (مۆنتاژ) وەک دەستکارییەکی چالاکی دەرهێنەر بەکاربهێنێت تا بینەر دووچاری ڕاچەنین بكات، ئەوە دۆلۆز سینەما وەک تۆڕێکی ئەنتۆلۆجیای خۆبەخۆ دەبینێت کە کات و جیاوازی تێیدا لە ڕەوتی سروشتیی خۆیاندا بەبێ پێویستبوونی مێشکی مرۆڤ بەردەوام دەبن. بە كورتی گۆدار لەڕێگای هۆشیاریی تیژ و تێکدانی تەکنیکییەوە دەیەوێت بینەر ناچار بکات بیر لە جیهان و ئایدۆلۆژیا بکاتەوە؛ بەڵام دۆلۆز هەنگاوێک دوورتر دەهاوێت و دەڵێت: سینەما ئامرازێک نییە مرۆڤ بخاتە سەر بیرکردنەوە، بەڵکو سینەما خودی پرۆسەی بیرکردنەوەیە- کاتێک کات و مۆنتاژ ئازاد دەبن. گۆدار وێنە وەک شوێنی ڕەخنە بەکار دەهێنێت، بەڵام دۆلۆز وێنە وەک خودی بوون و دیموومە لێکدەداتەوە. گۆدار وێنە وەک کەرستەی شەڕی ئایدۆلۆژی دەبینێ؛ بەڵام “ڕێجیس دۆبرێ” وەک پیشەسازی و سیستەمی مێژوویی دەسەڵات، و دۆلۆز وەک خودکارێک بۆ خولقاندنی بیرکردنەوە و کات دەبینن.

هەولێر 10/9/2026