رۆژنامەی ھەولێر

ئەو ڕۆماننووسەی پارێزەربوونی سوودی هەبووە لە کۆکردنەوەی کەرەستەی خاو بۆ ڕۆمانەکانی

نوح چارنی
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری

 

(لویس بێگلی ـ Louis Begley)، ڕۆماننووسی پۆڵەندی کە نوێترین ڕۆمانی بە ناوی (یادەوەریی هاوسەرگیرییەک – Memories of a Marriage) بڵاوکردۆتەوە، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە جەنگی جیهانی دووەم و ڕای خۆی لەسەر فیلمی (دەربارەی شمیت – About Schmidt) دەکات.

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
لویس بێگلی: لە ساڵی ١٩٣٣ لە شارۆچکەیەک بە ناوی (سترای – Stryj) لە بەشی ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا (کە ئێستا ئۆکرانیایە) لەدایکبووم. تا تەمەنی حەوت ساڵ و نیو لەوێ ژیام. لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم و تا پاییزی ١٩٤٦، بە دوای یەک لە شارەکانی (لڤۆڤ – Lwow)، (وارشۆ – Warsaw) و (کراکۆڤ – Krakow) ژیام. یەکەم ڕۆمانم بە ناوی (درۆکانی سەردەمی جەنگ – Wartime Lies) لە یادەوەرییەکانی ئەو سەردەمە وەرگیراوە. لە ئازاری ١٩٤٧ لەگەڵ دایک و باوکم گەیشتینە (نیویۆرک – New York) و لەوێ گەورە بووم.
ـ سێ یادەوەریی هەستەوەرییەکانتمان (بینین، بۆنکردن، دەنگ یان تامکردن) پێ بڵێ کە لە سەردەمی منداڵیت لە ناو جەنگ بیرت ماوە.
لویس بێگلی: تەرمی مردووەکان. بۆنی سووتان و ڕزینی لاشەکان. گرمەی بۆمب و گوللە تۆپ، و ئەو فەرمانە قێزەونانەی بە ئەڵمانی، ئۆکرانی و پۆڵەندی دەردەکران. تامی ئەو پەتاتەیەی کە لە ناو خۆڵەمێشی ئاگر دەمبرژاند کاتێک لە دەشتێکدا مانگام دەلەوەڕاند.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
لویس بێگلی: نانی بەیانی دەخۆم (شەربەتی پرتەقاڵی تازە، ماستی سویسریی تامداری کەمچەوری، میوەی تازە و قاوە) و ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەخوێنمەوە. دواتر وەڵامی نامە و پەیامەکان دەدەمەوە. پاشان دەچمە گەرماو و دوای ئەوە یان دەچم بۆ هۆڵی وەرزش یان لەسەر مێزی کارەکەم دادەنیشم و دەست دەکەم بە نووسین.
ـ شێوازی نووسینت چۆنە، ئایا هیچ ڕێوڕەسمێکی نامۆت هەیە؟
لویس بێگلی: بەگشتی کەمێک پێش نانی نیوەڕۆ یان کەمێک دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەکەم و تا کاتژمێر حەوت یان درەنگتر بەردەوام دەبم. هیچ ڕێوڕەسمێکی تایبەت یان سەمای جادووییم نییە.
ـ کاتێک بیر لە پلانی کتێبێک دەکەیتەوە، ئایا نەخشەی بۆ دەکێشیت یان لێدەگەڕێیت چیرۆکەکە خۆی بڕوات؟
لویس بێگلی: زۆر بیر لە کتێبەکە و کەسایەتییەکان و پلانەکەی دەکەمەوە، تا ئەمڕۆش هەمیشە پێشوەختە بە وردی زانیومە کتێبەکە چۆن کۆتایی دێت. لە کاتی نووسینیشدا بەردەوام بیر دەکەمەوە.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز لە شوێنی کارەکەت هەیە؟
لویس بێگلی: دوو ژووری خوێندنەوەی بچووک بەڵام ئاسوودەم هەیە؛ یەکێکیان لە شوقەکەی نیویۆرک و ئەوی تر لە ماڵەکەی (لۆنگ ئایلەند – Long Island) {ناوچەیەکە لە ویلایەتی نیویۆڕک}. لەسەر مێزەکەم تەنها لاپتۆپەکەم و وێنەی خێزانیی دەبینیت.
ـ بەرنامەی ئێوارانت چۆنە؟
لویس بێگلی: دەچمە گەرماو، جلی کارەکەم دەگۆڕم، دواتر من و هاوسەرەکەم یان دەچینە دەرەوە یان لە ماڵەوە نانی ئێوارە دەخۆین. بە دەگمەن پێشنیوەشەو دەخەوین.
ـ جلی دڵخوازت چییە؟
لویس بێگلی: چاکەتێکی کۆنی (توید – Tweed) کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە هەمە.
ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتت چییە؟
لویس بێگلی: زۆربەی کات کاتێک پیاسە دەکەم، دەستەکانم لە پشتمەوە لێک گرێدەدەم. ئەمە بەشێکی تەنها ستایلە، بەشێکی تریشی لەبەر ئەوەیە کە پێم وایە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری درێژخایەنی پشتم دەدات.
ـ سێ کتێبی نووسەرانی پۆڵەندی یان ئۆکرانی پێشنیار بکە و بڵێ بۆچی پێت باشن؟
لویس بێگلی: کتێبی (فێردیدورکە – Ferdydurke) لە نووسینی (ویتۆڵد گۆمبرۆڤیچ – Witold Gombrowicz)، چونکە ویتۆڵد یەکێکە لە گەورەترین نووسەرانی سەدەی بیستەم. کتێبەکە کابووسێکی پێکەنیناوی و ترسناکە دەربارە ئەوەی چۆن کۆمەڵگە ناچارمان دەکات بە کاڵفامی و گەمژەیی بمێنینەوە. کتێبی دووەم (وەرزی تۆوچاندن – Seedtime)ە لە نووسینی (ستیفان ژێرۆمسکی – Stefan Żeromski). ژێرۆمسکی، نووسەرێکی ڕیالیستی گەورە و شێوازناسێکی بێوێنە بوو. ئەم ڕۆمانە کە لە ساڵی ١٩٢٥دا بڵاوکراوەتەوە، باسی پێگەیشتن و گەورەبوون و بێئومێدیی گەنجێکی زیرەک دەکات لە سەردەمی سەربەخۆیی پۆڵەندا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم. کاتێک تەمەنم دوانزدە و سێزدە ساڵان بوو، ئەمە ڕۆمانی دڵخوازم بوو. کتێبی سێیەمیش (خوێی زەوی – Salt of the Earth)ە لە نووسینی (جۆزێف ویتلین – Józef Witlin). ئەم پەڕتووکە بەراورد دەکرێت بە مارشی ڕادێتسکی (Radetzky March)ـی (جوزێف ڕوت – Joseph Roth)؛ ڕۆمانێکی ناوازەیە دەربارەی دواساڵەکانی ئیمپراتۆریەتی (هابسبۆرگ – Habsburg).
ـ یەکەم کاردانەوەت چی بوو کاتێک زانیت ڕۆمانی (لەبارەی شمیت – About Schmidt) دەکرێتە فیلم؟ ئایا فیلمەکە ڕازی کردی؟
لویس بێگلی: زۆر دڵخۆش بووم چونکە من یەکێکم لە هەوادارە سەرسەختەکانی (جاک نیکۆڵسن – Jack Nicholson). پێم وایە لە نووسینگەکەم بووم کاتێک بەرهەمهێنەرەکە پەیوەندی پێوە کردم. بە بڕوای من فیلمەکە نایابە، هەرچەندە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆمانەکەی منەوە نییە. نیکۆڵسن یەکێک لە باشترین ڕۆڵەکانی ژیانی لەو فیلمەدا گێڕا.
ـ باسی دروستکردنی کەسایەتی (شمیت)مان بۆ بکە.
لویس بێگلی: (شمیت) بە شێوەیەکی کامڵ هاتە ناو مێشکمەوە، لەو کاتانەی لەسەر کەنار دەریا پیاسەم دەکرد. من زۆر نەخشە بۆ کتێب ناکێشم، بەڵام پێش دەستپێکردن و نووسین، زۆر بە قووڵی بیری لێ دەکەمەوە.
ـ ئایا کارکردنت وەک پارێزەر کاریگەری لەسەر نووسینت هەبووە؟
لویس بێگلی: بەڵێ، وای لێکردم ڕووبوڕووی هەموو جۆرە مرۆڤێک و بارودۆخی سەیر و کێشەی جیاواز ببمەوە. ئەو ئەزموونانە کەرەستەی خاویان پێ بەخشیم کە هەرگیز دەستم نەدەکەوت ئەگەر تەنها خەریکی وانەگوتنەوە و نووسین بوومایە.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
لویس بێگلی: نوکتەکانی هاوسەرەکەم.
ـ چی دەتگریێنێت؟
لویس بێگلی: میهرەبانییە چاوەڕواننەکراوەکانی مرۆڤ.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
لویس بێگلی: زۆرم هەن! بۆ نموونە مەگەڕێوە بۆ ناو ماڵ بۆ هێنانەوەی شتێک کە بیرت چووە، پێشبینی مەکە و بە ژێر پەیژەدا مەڕۆ و زۆر شتی تریش.
ـ ئەو شتە چییە کە هەمیشە پێتە؟
لویس بێگلی: دەستماڵی گیرفان.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت؟
لویس بێگلی: ڕەنگە لەبەر ڕێز بڵێم دایکم، بەڵام واناڵێم. ئەو ئێستا تەمەنی دەبووە ١٠٣ ساڵ و حەزی بەوە نەدەبوو بگەڕێتەوە. بۆیە خوشکی هاوسەرەکەم دەگەڕێنمەوە کە زۆر بە گەنجی مرد؛ ئەو بوو من و هاوسەرەکەمی بە یەک ناساند، کچێکی زۆر بەهرەمەند بوو لە وێنەکێشاندا و بە هەموو دڵم بیری دەکەم.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
لویس بێگلی: ماسی (هێرینگ – Herring).
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
لویس بێگلی: دەستەواژەی “بە خۆشحڵییەکی زۆرەوە”، زۆر بەکار دەهێنم.
ـ چیرۆکی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چۆن بوو؟
لویس بێگلی: هەرچەندە بریکارم هەبوو، بەڵام نووسەرێکی هاوڕێم دەستنووسەکەی منی گەیاندە دەست سەرنووسەرێک لە خانەی بڵاوکردنەوەی (Knopf). ئەو دەستنووسی (درۆکانی سەردەمی جەنگ – Wartime Lies)ی خوێندەوە و کڕی، ئیدی هەموو شتێک بەو شێوەیە دەستی پێکرد.
ـ دەبێت چەندت نووسیبێت بۆ ئەوەی هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
لویس بێگلی: بەگشتی لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ وشم نووسیبێت.
ـ چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ نووسەرانی تازەلاو؟
لویس بێگلی: بچن کارێکی تر بکەن!
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
لویس بێگلی: ناوی خۆم، مێژووی لەدایکبوون و مردن، و لە دوای ئەوانەش بنووسرێت: “پارێزەر و نووسەر”.
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
لویس بێگلی: تازە ڕۆمانێکی نوێم تەواو کردووە، و پلانم هەیە پشوویەک بدەمە خۆم و تەنها خەریکی خوێندنەوە بم.

تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.