رۆژنامەی ھەولێر

حەمەکەریم عارف (نووسەر و وەرگێڕ): وەرگێڕان تێکەڵەیەکە لە وردی زانست، ناسکی هونەر، لە بـەهـــــــــــرە و سەلیقەی ئەفراندن

سازدانی ئارام سدیق

بەشی یەکەم

نزیکەی دوو سەد کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە، ئەو لە ڕیزی پڕ بەرهەمترین نووسەرانی کوردە. ئەگەرچی تەمەنی هەڵکشاوە، بەڵام بە ڕۆحیەتێکی گەنجانەوە بەردەوامە لە وەرگێڕان و نووسین.لە بواری وەرگێڕاندا خاوەنی دید و تێڕوانینی تایبەت بەخۆیەتی و ئەمەش لە شێوەی وتار و کتێبدا چاپ و بڵاوکردووەتەوە. وەرگێڕانەکانی بریتین لە شارەکانی جیهان، ئەمە بێجگە لەوەی دەیان نووسەری گومناوی بە خوێنەری کورد ناساندووە، کە ئەو وەکو یەکەم وەرگێڕ کتێبی ئەو نووسەرانەی پێشکەشی خوێنەرانی کورد و کتێبخانەی کوردی کردووە. ئەو وەرگێڕە بەسەلیقە بە ئەزموونە مامۆستا “حەمەکەریم عارف”ـە، کە رۆژنامەی “هەولێر” بە پێویستیزانی لە نزیکەوە بیدوێنێت و بۆچوونەکانی سەبارەت وەرگێڕان و سەرەتاکانی ئاشنابوونی بە وەرگێڕان بۆ خوێنەران ڕوون بکاتەوە.

*ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ نووسیندا هاوکات سەرقاڵی وەرگێڕانن لە بەرهەمی گەورە نووسەرانی جیهان و کتێبە ناودار و کاریگەرەکان، چۆن خولیای وەرگێڕان بوون؟
وەڵام: ئەگەر لە کتێبخانەی نیشتمانی هەر میللەتێک ورد ببینەوە دەبینین، کارێن وەرگێڕدراو ڕێژەیەکی باڵای ئەو کتێبخانەیەی پێکهێناوە! مرۆڤ لەو ڕۆژەوە کە دەکەوێتە گڕوگاڵ و زمان دەگرێت، ئیدی سەروکار لەگەڵ وەرگێڕاندا پەیدا دەکات. بە جۆرێ ئالکاوی یەکدی دەبن، ڕەنگە بشێت بگوترێت، هیچ شتێک لە دەرێی پڕۆسە و دیاردەی پاچڤە و وەرگێڕاندا نییە و تەنانەت خەڵکانی سەر بە یەک زمانیش وەختایەک یەکدی دەدوێنن و دەکەونە گوتوبێژەوە، ئەو کارەیان دەچێتە خانەی جۆرە وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆوە؛ جۆرە وەرگێڕانێکی زەینی ئاسانفامەوە. بەم پێودانگە وەرگێڕان زەروورەتێکی حەیاتی کۆمەڵگە بەشەرییەکانە و تا بەشەر بە زمانێن جیاواز، فیکر و فەلسەفە و هونەر و زانست و ژیار و شارستانیەت بەرهەم بهێنن، دەبێ پەنا وەبەر پاچڤە ببرێت. واتە ژیان و چالاکیە حەیاتی و ئەپستمۆلۆجیە هەمە جۆرەکانی ژیان لە پاچڤە بەدەر نییە و ئەمەش گرینگی پڕۆسەی پاچڤە نیشان دەدات.
لە لایەکی ترەوە، بە تایبەتی لەم ڕۆژگار و سەردەمە لەزگین و جەنجاڵ و تەکنەلوژیازایەدا. هیچ دەوڵەت و نەتەوەیەک ناتوانێت بەتەنیا و بە شێوەیەکی خودکەفایی هەموو کایە ئەپستمولۆژی و حەیاتیەکان بەرهەم بهێنێت، بۆیە ناچارە لە ڕێگەی پاچڤەوە، ڕێگا ئەپستمۆلۆژیەکان قەدبڕ بکات و پردێک لە نێوان شارستانیەت و کولتوور و میللەتانی دنیا و خۆی دروست بکات؛ چونکە پاچڤە پردی نێوان میللەتانە و دەکاتە کارێک کە تیرەی بەشەر بە حەڵاڵی لە دەستکەوتە ئەپستمۆلۆژیەکاندا ببن بە شەریک و بەسەر یەکتردا بکرێنەوە و لە کایە مەعریفییەکاندا تەواو لێکدی نزیک ببنەوە و کەشێکی ئارام و لەباری هاوسۆزی مرۆڤانی بڕەخسێنێت…. حەزدەکەم لێرەدا ئەوە دووپات بکەمەوە کە وەرگێڕان تێکەڵەیەکە لە وردی زانست، ناسکی هونەر، لە بەهرە و سەلیقەی ئەفراندن، بەڵام بە ناسنامەی وەرگێڕان..
هەڵبەتە وەرگێڕان یەکێکە لە فاکتەرە گرینگەکانی ڕەنگینکردن و زەنگینکردنی زمان، هەر زمانێک پێی نەنووسرێت و نەخوێندرێتەوە و نەبێت بە زمانی بەرهەمهێنانی فیکری و فەلسەفی و زانستی و هونەری و تێکڕای کایە ئەپسمۆلۆژیەکان، دەپووکێتەوە و پاشەکشە دەکات و بەرەبەرە دەفەوتێ و…. جا مەرگی زمان، بەو حوکمەی زمان کۆڵەکەی کولتوور و شارستانیەتی میللەتە؛ دەکاتە مەرگی میللەت. جا لێرەدا گرینگی ئەو دەور و ڕۆڵە بە دیار دەکەوێت کە وەرگێڕیی شارەزا و پڕ ئەزموون و بەتوانا و کارامە لە بواری کولتوور و ڕۆشنگەری میللەتی خۆیدا دەیبینێت. بە تایبەتی ئەگەر میللەتێکی بێ دەوڵەتی داگیرکراو و پاشکەوتوو و پاشخراو بێت و مامەڵەیەکی شۆڤێنیستانەی لەگەڵدا بکرێت و بە هەموو جۆرێ هەوڵی تواندنەوە و سڕینەوەی بدرێت و زمان و ئەدەبیاتی هێشتا لە قۆناغی گڕوگاڵ و لاساییکردنەوەدا بێت و لە ئاستێکی باڵای ڕۆشنبیریی گەشەکردووی پەرەسەندووی ئەوتۆدا نەبێت، کە بتوانێت پێداویستییە ئەپستمۆلۆژییەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت، بۆشاییە مەعریفیە گەورەکانی کتێبخانەی نیشتمانی خۆی پڕ بکاتەوە. لەم جۆرە قۆناغ و سەردەمانەدا وەرگێڕی داهێنەر و ئەمین و بەتوانا، بۆشاییە ئەپستمۆلۆژییەکان پڕ دەکاتەوە و پێشەنگایەتی کاروانی تازەگەری و نوێخوازی و مۆدێرنەوانی کولتووری میللەتی خۆی دەکات، زۆرجار جێدەستی لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی وڵاتدا، لە خودی نووسەرەکانیش دیارتر و ئەکتیڤترە . بۆیە هەندێجار ناوی ئەو جۆرە وەرگێڕە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی میللکەتی خۆدا، لە نووسەرەکانیش بەنێوتر و دیارترە. ڕەنگە ئەگەر بگووترێ کە وەرگێڕان یەکێک بووە لە فاکتەرە هەرە گرینگ و کاراکانی هەر ڕێنیسانسێکی کولتووری، هیچ نەبێت بە زێدەڕۆیی.
بۆ نموونە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991، وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورە بوو، لە ژیانی ناوچەکە و میللەتی کوردا، کە یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی ئەوە بوو، کە وەرگێڕان و پڕۆسەی پاچڤەوانی لە حاڵەتەوە گۆڕی بۆ دیاردە، هەرچەندە ئەم دیاردەیە بە ئێستاشەوە لە بێ بەرنامەیی و پاشاگەردانی بەدەر نییە، کە ئەمە بۆ سەرەتای کار، هەندێ ئاساییە؛ چونکە هەر گۆڕانکارییەکی گەورە جۆرە پاشاگەردانیەکی بەگەڵ دەکەوێت، بەڵام نابێت بەردەوام بێت دەنا… لە ڕێگەی پاچڤەوە هەم زمانی خۆمان دەوڵەمەند دەکەین و سەدان وشەی تازە و زاراوەی هاوچەرخ دەڕژێتە ناو زمانەکەمانەوە و هزر و هزرینی خۆمان بەئەزموون و دەستکەوتە ئەپستمۆلۆژییە پێشکەوتووەکانی میللەتانی دی موتووربە بکەین و شاکارە ڕۆشنیریی و هونەری و فیکریی و فەلسەفیە جیهانیەکان بە جەماوەری خوێنەری کورد بناسێنین…
ئەو شاکارە مەعریفیانە بکەین بە کوردی کە بەها و بایەخی پێشڕەوانەیان هەیە و دەبنە بەشدارییەک لە کاروانی پێشڤەبردنی ژیار و شارستانیەتی مرۆڤایەتی…. یەکێکی دی لە سوودەکانی وەرگێڕان، تەقاندنەوەی سەرچاوەکانی داهێنانی خۆماڵییە، بەهرە و توانای خوێنەر و نووسەر دەخەمڵێنێ، بەهرە و سەلیقەی بەراورد و جیاکردنەوەی بەرهەمی ڕەسەن و ناڕەسەن و بازاڕی دەڕسکێ، ئەمەش خزمەت بە نووسینی خۆماڵی دەکات، هەنگێ نووسەر ناچارە حورمەتی خۆی بگرێت و ناوێرێت بەرهەمی کاڵوکرچ ڕەنگماڵ بکات و بە نرخی شاکاری هونەری و ڕەسەن بە خوێنەری بفرۆشێت. کە وەئاگا هاتمەوە و هەژاری و بەتاڵی کتێبخانەی کوردیم بە دی کرد، کە سنوورداری و خاکیەتی چالاکیە ڕۆشنبیرییەکانی خۆمان بینی کە زیاتر لە بازنەی شیعر و چیرۆکی کەم بورد و کەم باندۆردا دەخولایەوە و کایە بنەڕەتیە ئەپستمۆلۆجییەکان غایبی غایبن، هەستم کرد ئەم بۆشاییە هەروا بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە، ئیدی بیرم چوو بەلای وەرگێڕاندا، نە عەیبە و نەعارە، هەموو میللەتانی دنیا پەنایان بردووەتێ قەرزارین، بۆ ئێمەش چاو لە خەڵکی نەکەین و لە ڕێگەی پاچڤەوە تا لەوە درەنگتر نەبووە، ڕێگە ئەپستمۆلۆجیەکان قەدبر نەکەین!
ئەو بزووتنەوە ڕۆشنبیرییە هەمەجۆر و چالاکییە کولتووریانەی لە ڕاپەڕین و هێوەتر لە کوردستاندا هەیە بە هەموو بێ بەرنامەیی و بێ خاوەنیەکی خۆیەوە، زادە و بەرەنجامی تەڤگەرە پاچڤەوانیەکەیە؛ خەمت نەبێت ڕۆژگار گێژە و بێژەی دەکات، سەرگۆزەر دەگرێ و بن بێژنگ تووڕ دەدات. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا. لە زەرفی چەند هەیڤێکدا، بەقەد هەموو مێژووی کورد، کتێب بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەبێتەوە. لاموایە بوونی خانەیەکی وەرگێرانی نەتەوەیی بۆ ئێمەی کورد زۆر زەرووریتر و بە باندۆرترە و کەم تێچووترە، لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی… بەبێ وەرگێڕانی بەرنامەدار و دۆمدار نابین بە خودانی کتێبخانەی دەوڵەمەند..
من کە بەرهەمێکی زۆرم هەن، منەت بەسەر کەسدا ناکەم، چاوەڕوانی ستایش و ئافەرین نیم، ئەگەر گلەیی و گازن و تەوس و توانج و پەڵ و پەلارانی ناڕەوام بە ملیدا نەیە خۆم بە سەرکەوتوو دەزانم، دیاری شوانیش مەعلوومە یان شنگە یان ئاڵەکۆک!

* لە پڕۆسەی وەرگێڕاندا چ ئاستەنگێک ڕووبەڕووتان بووەتەوە لە کاتێکدا ئێوە لە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسییەوە وەرگێڕان دەکەن؟
وەڵام: دیارە لەم ڕۆژگار و سەردەمە لەزگین و خۆشبەزەدا، هیچ میللەتێک ناتوانێت و فریا ناکەوێت بە تەنیا و هەر خۆی، هەموو کایە هزری و فەلسەفی و زانستی و هونەرییەکان، بە کورتیەکەی هەموو کایە ئەپستمۆلۆجییەکان بەرهەم بێنێت، بۆیە ناچار دەبێت لە ڕێی پاچڤەوە ڕێگاکان قەدبڕ بکات… بەهەرحاڵ وەرگێڕان جۆرە دۆنایدۆنێکی هونەرییە لە نێوان زمانانی جیاوازدا، جۆرە نەشتەگەرییەکی کولتووری زۆر هەستیارە و کاری هەر کەسێک نییە… وەکو چۆن لە دنیادا دوو کەسی سەدی سەد، ئەگەر جمکش بن، وەکو یەک نییە، بەو ئاوایە دوو زمانی وەکو یەکیش نییە. کە ئەمە بۆ خۆی ئاستەنگە؛ سەروساختی وەرگێڕ لەگەڵ دوو کولتوور و دوو زمانی جیاوازدایە، واتە جۆرە پێشوازیکردنێکە لە جیاوازییەکان، کە ئەم جۆرە پێشوازییە ماکێکی دیموکراتیانەی هەیە، هەر زمانێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و بە کۆد و کلیلی خۆی نەبێت ناکرێتەوە، کە لە سەر وەرگێڕە وەیدۆزێت، وەرگێڕ کە دەقی دڵخوازی خۆی بۆ وەرگێڕان هەڵدەبژێرێت، لە قۆناغی یەکەما زمانی دەقەکە لە بونیادەوە هەڵدەوەشێنێتەوە، هەرچی ڕازوڕەمز و بەلاغەت و فەساحەتی دەقەکە هەیە کەشف دەکات، واتا کاتێ دەقەکە دەخوێنێتەوە دەبێ بەو زمانە بیر بکاتەوە کە دەقەکەی پێ نووسراوە، وەختایەک دێتە سەر داڕشتنەوە و خوڵقاندنەوەی دەقەکە، بە هەمان کەرەستە و دار و پەردووی زمانی یەکەم، بە جۆرێ دایدەڕژێتەوە، کە دەقەکە دەقایەتی خۆی لە دەست نەدات و پەیوەندی بەرقەرار بکات؛ لەم قۆناغەی پڕۆسەکەدا دەبێت بە زمانی دووەم بیر بکاتەوە. جا ئەم دوو زمانەی کە پاچڤەوان کاریان لەسەر دەکات، ئەگەر لە یەک خێزانە زمان بن، کارەکە هەندێک ئاسانترە لەوەی ئەگەر هەردوو زمانەکە لە یەک خێزانە زمان نەبن! دیارە ئەم دوو زمانە چەندیش لە یەکەوە نزیک بن، تایبەتمەندی و ناسنامەی خۆیان هەیە و بە ئاسانی دەستبەرداری نابن، لەسەر وەرگێڕە کەشفی بکات! بەم پێیە، پاچڤە هەرگیز ناکاتە گواستنەوەیەکی ڕۆتینی میکانیکی چەمک و ماناێن زمانێک بۆ زمانێکی دی، وەرگێڕ ئەگەر توانا و بەهرەی ئەفراندنەوانی و مەرجەکانی نووسەرایەتی بە زیاوە تیا نەبێت، هەرگیز نابێت بە وەرگێڕی باش. بەهەرحاڵ یەکێک لە ئاستەنگەکانی دی ئەوەیە، وەختایەک وەرگێڕ دەیەوێت تەماس لە نێوان دوو زمانی جیاوازدا چێ بکات ڕوو بە ڕووی مقاوەمەتی هەردوو زمانەکە دەبێتەوە، نە دەقەکە و زمانی دەقەکە بە هاسانی ڕادەست و دەستەمۆ دەبێت و نە زمانی دووەم بە ئاسانی پێشوازی و میوانداری لە دەقەکە دەکات. لەم بەینەدا وەرگێڕێ وەرگێڕ بێ، کە لە لایەکەوە بەردەفکی ئیعتراف پێنەکراوی نووسەری دەقەکەیە و لە ئالییەکی دیکەوە دەبێت نوێنەری وەفاداری خوێنەر بێت، پێدڤییە دەوری میانچی یەکی پشوودرێژ و بە حەوسەڵە بگێڕێت و بە جۆرێ نووسەر و خوێنەر لێکدی نزیک بکاتەوە کە هەردوو لا متمانەی پێ بکەن.
یەکێک لە ئاستەنگەکانی دی، ئەو بەلاغەت و فەساحەت و زاراوە و پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و ئیدیومانە و ناسککاری و وردەکاری و دەستەواژە باوانەیە کە لە زمانی یەکەمدا هەن و لە زمانی دووەمدا نین… کە وەرگێڕ تیا دەمێنێ چۆن مامەڵەیان لە تەکدا بکات و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە؟!
خۆ لە ڕووی قامووسسازییەوە ئەگەرچی هەندێ هەوڵی شەخسی لە ڕووی واژەوانییەوە هەیە، بەڵام لە بوارە گرینگە فیکری و فەلسەفی و زانستی و هونەریەکانەوە، ئەگەر بگوترێ کتێبخانەی کوردی چۆڵ و هۆڵە، نەبێت بە درۆ.. لە کاتێکا، بەندە قەناعەتم وایە بەکارهێنانی فەرهەنگ و قامووس یەکێکە لە مەرجەکانی وەرگێڕانی ئەمین؛ بە ڕادەیەک گرینگە هەقە وەکو سەرچاوە ئاماژەی پێ بکرێت، نازانم بۆ لای ئێمە ئەوە باو نییە، بۆ نموونە زۆر شاعیر و نووسەر، سوودیان لە هەنبانە بۆرینەکەی مام هەژار بینیوە و هەر ناویشیان نەبردووە! فەرهەنگ، بە تایبەتی فەرهەنگی زاراوە ئەپستمۆلۆجیە ڕەنگاوڕەنگەکان، ڕۆڵێكی گەورە لە نزیک خستنەوەی زارە کوردییەکان؛ بە تایبەتی ئەوانەی پێیان دەنووسرێت، بە ئاڕاستەی زمانی ستانداردی کوردیدا (زمانی خوێندن و نووسینی هەموو کورد) دەبینێ!