ئــــاری ئـــــاغۆک
ئەم ڕێگایە جێ ئەهێڵم
لە کوێرە ڕێ خاک ئەکێڵم
کە ئەستێرەی چاوی هەڵدێ
لێڵە چاوم، شادی هەڵدێ
نووسەر و شاعیر سامی ڕواندزی یەکێک بوو لەو قەڵەمە جوانانەی کە لە وێستگەی نووسینی دا توانی خزمەتێکی زۆر بە دنیای نووسین و ئەدەبیات بکات ئەویش لە ڕێگەی شیعرە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و نیشتیمانیەکانی و جیهانی منداڵان، کە خاوەن ئەرشیفێکی زێرینە و مێژووی هاتنە نێو دنیای نووسین و خوێندنەوە بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، جگە لە ڕووپەری ڕۆژنامەو گۆڤارەکان دا خاوەن ٣ کتێبە:
١-گۆرانی شەوگار
٢-بژی یاسا( هۆنراوەی منداڵان)
٣-زەردە ئێوارە
دوای ژیانئاوایی لە لایەن خانەوادەکەی و ئەقیلا ( ئاڤێستا) ڕواندزی خوشکی کۆ بەرهەمی بە ناونیشانی (دیوانی سامی ڕواندزی) چاپ و بڵاوکرایەوە، لێرەدا وەک وەفایەک بۆ قەڵەمی پاکی مامۆستا سامی ڕواندزی، لە ساڵیادی ژیانئاوایی دا گەشتێک بە نێو وێستگەی ژیان و بەرهەم و نووسینەکانی دەکەین.
سامی عەبدولقادر، ناسراو بە سامی ڕواندزی لە ساڵی ١٩٤١ لە شاری هونەر و ڕۆشنبیر و جوانی ڕواندزی دێرین لەدایکبووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەملەتی لەدایکبوونی تەواو کردوە، دواتر هاتۆتە شاری هەولێر و لە خانەی مامۆستایان درێژەی بە خوێندن داوە، لە تەمەنی بیست ساڵی دەبێتە مامۆستا یەکەم دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٦١ لە شاری ڕواندز بووە وەک مامۆستایەکی چوست و چالاک خۆشەویستی بۆ پەیڤی کوردی و هەستی نەتەوەیی توانیویەتی لە کەرتی پەروەردە چەندین نەوە پێ بگەیەنێ، هەر لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی بەهۆی ئەوەی مارشی نیشتیمانی (ئەی ڕەقیب) ی بە قوتابیەکانی گۆتۆتەوە لە ڕێکەوتی ٩ ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لە لایەن حکومەتی بەغدا دەستگیر دەکرێت، هەر بەوەش ناوەستن دوای ئازاد کردنی بۆ ماوەیەک لە پیشەی مامۆستایەتی دووری دەخەنەوە، دواتر بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی بە پەروەردە و فێرکردن تا ساڵی ١٩٨٤ بۆ شاری هەولێر دەگوازرێتەوە و لە قوتابخانەی زانکۆ ( مەلافەندی) دەست بەکار بوە تا ساڵی ١٩٩١ لەسەر داوای خۆی خانەنشین دەبێت.
-دنیای منداڵان لای سامی ڕواندزی.
خۆشەویستی بۆ دنیای منداڵان و پەروەردە و فێربوون لای مامۆستا سامی بێ سنوور بوە، بۆیە هەمیشە لەڕێگەی هۆنراوە نووسینەوە بەردەوام خزمەت بەمنداڵان دەکات کە هۆنراوەکانی پڕە لە ئامۆژگاری و ڕێزگرتن و ڕەوشت باشی، ژینگە پارێزی و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان و پەروەردەی جوان.
لێرەدا نموونەی یەکێک لە هۆنراوەکانی دەخەینەڕوو:
یاسای ناو ماڵ
لە فێرگە گەڕانەوە، ماڵە بۆ حەسانەوە.
نان و چێشت و خۆشوشتن، وانە نووسین و خوێندن.
لەوێ دەستە بەر ئەبێ، ژیانت مەیسەر ئەبێ.
ماڵیش یاسای پێویستە، ڕێزدار و خۆشەویستە.
دایە و بابە ڕابەرن، تاجە گوڵینەی سەرن.
دڵیان قەد نەڕەنجێنن، فەرمانیان بە جێ بێنن.
بچووکمان نرخدار بێ، کارێ نەکەین بێزار بێ.
دەستی باپیرە بگرین، بۆ ڕێی مزگەوتی بەرین.
میوانمان بەخێر بێنین، لە خۆوە پێ نەکەنین.
ژوورەکان گشت خاوێنبن، هۆی ئارامی و هەوێن بن.
کەلوپەلی نەشکێنین، باغ و گوڵ نەشێوێنین.
ماڵ تەبا بێ پڕ خەندە، یاسا سەری بڵندە.
ئەم هۆنراوەیە یەکێکە لەو هۆنراوانەی شاعیر سامی ڕواندزی کە لەڕێگەی پەیامێکەوە ئەدەبیەوە ئامۆژگاری منداڵان دەکات کە یاسای ناو ماڵ بپارێزن لە ڕێگەی کۆمەڵە وێنەیەکی ئەدەبی کە هەڵگری یاسا پارێزییە بۆ ئەوەی منداڵ چۆن مامەڵە لەگەڵ دەورووبەری خۆی بکات، هەروەها لە پێناو کاری چاکە و چاکەخوازی و دوور لە هەڵسوکەوتی خراپی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، بەزمانێکی سادە، بەڵام پڕ لە ئامۆژگاری بایەخدار لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و بەریەککەوتنیان لەگەڵ کەسە گەورە و بەتەمەنەکان کە بە چ جۆرێک مامەڵەی جوانی مرۆڤدۆستی و ژینگە پاکی و کە لە ڕێگەی پەیامێکی کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە ئەم دەربڕینە جوانە دەبێتە بناغەیەکی پتەوی ئیمانی و ئینسانی، کاتێ منداڵ ئەرکەکانی جێ بەجێ دەکات ماڵ و ژیان و کۆمەڵگە دەحەسێتەوە، بۆیە ئەم هۆنراوەیە تابلۆیەکە لە ڕێز و خۆشەویستی بۆ ئێستا و ئاییندە.
-کێش و عروز لای سامی ڕواندزی.
لەبواری کێش و عەرووزیش دا توانیویەتی هونەرییانە ووشە و بابەتەکان هاوکێشە بکات مامۆستا (کەریم شارەزا) لە پێشەکی کتێبی (گۆرانی شەوگار) لە گۆشەیەک دا دەڵێت: کاک سامی ڕواندزی شاعیرێکی واقیع بینە و هۆنراوەکانی لە ڕووی ڕوخسار و ناوەڕۆکەوە ڕیالیستین و کێشی عەرووزی و کێشی خۆماڵی کوردی بەکارهێناوە و لە کێشە خۆماڵییەکانیدا هۆنراوەی لەسەر کێشی پەنجەی ٦ بڕگەیی و ٧ بڕگەیی (٣+٤) و ٨ بڕگەیی ( ٤+٤) و ١٠ بڕگەیی ( ٥+٥ ) و یازدە بڕگەیی ( ٤+٤+٣) و دوازدە بڕگەیی ( ٤+٤+٤ ) و ١٥ بڕگەیی ( ٤+٤+٤+٣ ) داناوە و لێیان سەرکەوتووە.
لێرەدا یەکێک لە بەرهەمەکانی دەخەینەڕوو، دواتر شرۆڤەی ئەدەبی بۆ دەکەین:
مەرگە هیوام
چۆن پەرش و پەخشانە فیکرم، گیر نابێ
بۆم مەلی شیعرم
هەرقۆناغێ کە بۆی ئەچم، لە نیوە ڕێ ماتڵ
دەبم
قاوەی تاڵم دێنێتە یاد، کە بۆی هانیم گوڵی ناشاد
بۆ دڵداری نیشانەبوو، مەرگی شەم و دێوانە بوو
بەندی دڵی سادە پچڕا، کە گوڵ وەری شیعر تۆرا
ڕەنگە ئیتر هەڵبەست نەڵێم، وەک چۆلەکە لەداو هەڵێم
مەرگە هیوام چاوەڕوانم، ئەبێ کەی بێ ؟ ئاخ نازانم
لەم دەقە شیعریەدا شاعیر لەنێو فۆڕمێکی خەمگین و تاریکی دا ڕووناکی دەخاتە سەر ووشکبوونی جوانی و هیوا و ئومێدی تەمەنی، بۆیە پەرتەوازەیی فیکر ئاماژەیە بە ماندوو بوونی تەمەن.
(بەجێمان لە نیوەی ڕێ)، بەو گوزارشتە دێ کە هیلاکی تەمەن و ژیان و نەگەیشتن بە خەون خۆزگە و ئاوات وای لێکردوە بە پچڕ پچڕی و هەر لە نیوەی ڕێگا کاروانی تەمەنی پەرتەوازەبێ، لە نێو ئازاری رزگاربوون دا دۆش داماوە.
ئەو (قاوە تاڵەی) ئاماژەی پێکردوە کە وێنەیەکی شیعری جوان نیشان دەدات، بەو گوزارشتەیە دێت لە تاڵی ڕۆژانی زوو و ڕەشی بەختی ژیان و تەمەن، کە لە ناوەوەی خودەوە هەڵقوڵاوە شاعیر بە نەفەسێکی ئەسەفدار دەریبڕیوە.
ئەو هیواو دڵخۆشی و هەوراز و نشێوەی کردۆتە گوڵی ناشاد کە لە باخچەی تەمەن و ژیانی دا واقیعیبینانە دەریبڕیوە.
-کە گوڵ وەری شیعر تۆرا
ئەو دێڕە هەمدیس وێنەیەکی جوانی ئەدەبیمان نیشان دەدات ئەویش بە شیکردنەوەی:
گوڵ = هیواو ئومێد و جوانبینی.
ناشاد= نامۆیی و تەنیایی و ناموڕادی.
ئیدی بە چنینێکی جوانی ئەدەبی بەردەوام
دەبێت تا دوایین دێر بەم پرس و پرسیارەمان
بۆ جێ دێڵێ کە دەڵێت:
-مەرگە هیوام چاوەڕوانم، دەبێ کەی بێ؟ ئاخ کە نازانم!
دواجار هەموو ڕەهەندە ئەدەبییەکە دەخاتە سەبەتەیەک و هیواکانی یەکسان دەکات بە مەرگ و مردن، کاتی هاتنەکەشی بۆ ئێمە جێ هێشتوە!!!.
بەگشتی شاعیر ئەم تێکستەی بە هەستێکی سادە و زمانی خوێنەر نووسیوە، بەڵام لە گەڵ واقیعی بابەتی سەردەم و ژیانی دەگونجێ و هەمووان دەتوانن لێی تێ بگەن، بەڵام هەریەکەیان بە تێڕوانین و دیدگای خۆی.
-ئاواز دانەرێکی زیرەک و دەنگخۆشێکی شەرمن.
مامۆستا سامی ڕواندزی جگە لە نووسینی شیعر، ئەوا ئاوازدانەریش بووە، ئاوازی بۆ هونەرمەندان (عەبدوڵڵا دڵسۆز، شەوکەت تۆفیق، تیپی مۆسیقای رواندز) هەروەها بەشێکی زۆری شیعرەکانی خۆی ئاوازی بۆ داناوەو جار جارە گۆرانیشی گوتوە بەڵام بڵاوی نەکردۆتەوە.
جگە لەمەش نووسین و بەرهەمەکانی لە زۆربەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە، لەوانە (برایەتی، هەولێر، هاوبەشی، بەهرە، دەنگی میللەت، نواڵەی نوێ، ڕادیۆی کوردی بەغدا، کەشکۆڵی گیو، هەنگ، پەیامی ڕاستی، هاوکاری، قەڵا، یەکگرتوو، پێشەنگ، مشکە، بەدرخان، گوڵەکان، جگەر گۆشەکان).
-پەیوەندی نێوانمان.
پەیوەندی نێوانمان بۆ ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە کە یەکێک بوو لە خوێنەری نووسینەکانم، دواتریش لە کاری ڕۆژنامەوانی دا پەیوەندیمان زێتر لێک نزیک بۆوە، سەردانمان بۆ لای هونەرمەند حەسەن سیساوە، حاجی مەکی بەیەکەوە بوو، کە زانیارێیەکی تەواوی لە مێژووی هونەر بەگشتی هەبوو، تا ژیانئاوایی هەمیشە لە حزووری ئەم نووسەرە دابووم، بەداخەوە لەڕێکەوتی ٨-٦-٢٠١٧ لە شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد.

