بژار حەکیم
خوێندنەوە تەنیا پرۆسەیەکی میکانیکی دیکۆدکردنی دەقەکان نییە، بەڵکو دیالۆگێکی دینامیکیی بەردەوامە لەنێوان خوێنەر و دەقدا، ئەم دیالۆگە لە وشە چاپکراوەکاندا تێدەپەڕێت و کارلێکی خوێنەر، لەگەڵ بیرۆکە و کارەکتەرەکانی کتێبدا دروست دەکات و تێگەیشتنی خوێنەر لەگەڵ دەورووبەر بەرز دەکاتەوە. نووسەر لە ڕێگەی نووسینەوە نیشانی دەدات، کە چۆن خوێندنەوە یارمەتیدەرە لە دروستکردنی هۆشیاری تاک و گرووپ لە کۆمەڵگەدا، بەو پێیەی نووسین و خوێندنەوە بەیەکەوە دەبنە ئامراز بۆ تێگەیشتن، هەروەها کاریگەری لەسەر واقیعی تاک و کۆمەڵگە دروست دەکەن. هونەری خوێندنەوە تێڕامانێکی قووڵ و هەمەلایەن دێنێتە کایەوە لە ژیانی تاکدا، چونکە خوێندنەوە پرۆسە و ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ تێگەیشتن لە خۆت و بەرانبەر و جیهان. هەروەها دروستکردنی پێوەندییە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا لە بواری کولتوورییدا. نووسەری ناودار ئەلبێرت مانگوێل لە کتێبی (هونەری خوێندنەوە)دا بەدواداچوون بۆ پێوەندیی نێوان خوێندنەوە و دەسەڵات دەکات، ئاماژە بەوە دەکات، کە توانای خوێندنەوە و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەمیشە سنووردار بووە، چونکە خوێندنەوەی قووڵ و تێگەیشتن ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردنی تاک و کۆمەڵگە. ئێمە کولتووری خوێندنەوەمان لاوازە، پرۆسەی خوێندنەوە، تێگەیشتن و گەنگەشەکردنی کتێب، لە کۆمەڵی کوردیدا لە تایپی بەشێکی نووسەران و رۆشنبیرانە. بازنەی گشتگیری و فراوانیی خوێندنەوە نەبووەتە کولتوور، بەدیوێکی دیکەدا نووسەرانی ئێمە، زۆر نەیانتوانیوە بازنەی خوێندنەوە و خوێنەر زۆرتر بکەن. بە بۆچوونی من پرۆسەی خوێنـدنەوە ئارەزوو نییە، بەڵکو یەکـێکە لە پێویستییە سەرەکـییەکانی ژیانی رۆژانەمـان، بەو مانایەی گرنگیدان بە خوێندنەوە پێداویستییەکی گرنگە بۆ مرۆڤ.
ژینگەی کولتووریی کوردستان پێویستی بە خوڵقاندنی پانتاییەکی پترە، بۆ تێگەیشتن لە کتێب و چێژوەرگرتن لە فیلم، یانی کورت و پووخت، دەبێ خوێندنەوە و سینەما ببنە بەشێکی گرنگی ژینگەی کولتووریمان .تێگەیشتن لە خوێندنەوە تەنیا بەواتای دەربڕینی وشەکان و خوێندنەوەی ڕستەکان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دەروونی و ئەقڵیە، کە تێیدا خوێنەر وەک دەرهێنەر کار دەکات بۆ لێکدانەوە، شیکردنەوە و دروستکردنی پێوەندیی لەنێوان دەق و زانیارییە پێشینەییەکانی خۆیدا. کاتێک مرۆڤ دەقێک دەخوێنێتەوە، مێشکی تەنیا پیتەکان کۆ ناکاتەوە، بەڵکو بەدوای واتا شاراوەکان و تێگەیشتنیی نووسەر، هەروها ئەو پەیامانەدا دەگەڕێت، کە لەنێوان پەیڤەکاندا خۆیان شاردووەتەوە. بۆ ئەوەی خوێندنەوە ببیێتە هۆی تێگەیشتنێکی قووڵ، چەندین هۆکار و کارامەیی پێکەوە کار دەکەن لەوانە، دەوڵەمەندیی گەنجینەی وشەکان، چونکە هەرچەندە مرۆڤ وشەی زیاتر بزانێت، ئاسانتر دەتوانێت چەمکەکان شیبکاتەوە، هەروەها توانای سەرنجدان و خەیاڵکردن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. خوێنەری سەرکەوتوو لەکاتی خوێندنەوەدا وێنەیەکی زیندوو لە مێشکی خۆیدا کێشدەکات، کە یارمەتی دەدات ڕووداوەکان یان زانیارییەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە.
پرسیارکردن لە دەق و پێشبینیکردنی کۆتاییەکان یان ئەنجامەکان، وا لە خوێنەر دەکات ببێتە بەشێکی چالاک لە پرۆسەکە نەک تەنیا وەرگرێکی بێدەنگ. گرنگیی تێگەیشتن لە خوێندنەوە تەنیا لە چوارچێوەی ئەکادیمی و نێو پۆلەکاندا قەتیس نامێنێت، بەڵکو کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانە و بڕیاردانی دروست هەیە. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە لێشاوی زانیاری و هەواڵەکان لە هەموو لایەکەوە دەورەیان داوین، توانای جیاکردنەوەی ڕاستی لە خەیاڵ، تێگەیشتن لە نێوەڕۆکی ڕاستەقینەی بابەتەکان، مرۆڤ لە هەڵخەڵەتاندن دەپارێزێت. ئەم کارامەییە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەهێز دەکات، ڕێگە بە مرۆڤ دەدات دیدگەی تایبەتی خۆی هەبێت و بتوانێت بە شێوازێکی لۆژیکی گفتوگۆ بکات .پێشخستنی ئەم کارامەییە پێویستی بە ڕاهێنان و بەردەوامی هەیە، چونکە تێگەیشتن لە خوێندنەوەی ئەدەب و بابەتە فیکرییەکان، تەرخانکردنی کات بۆ بیرکردنەوە لەوەی کە خوێندراوەتەوە، باشترین ڕێگەن بۆ گۆڕینی خوێندنەوە لە ساددەییەوە بۆ تێگەیشتنێکی قووڵ. خوێنەری جیددی قسە لەسەر کارەکانی نووسەر دەکات، چونکە لە نووسەر پتر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ کتێب دەکات، خۆی دەخاتە گۆشەی رەخنەیییەوە، کە وابێ خوێنەر گرنگی بە دژیەکەکان دەدات و دەچێتە قووڵایی گرنگیدان بە نێوەڕۆکی دەق. لەنێوان نووسین و خوێندنەوەدا، یان لەنێوان نووسەر و خوێنەردا بۆشاییەکی زۆر هەیە، ئەو بۆشاییە پێویستی بە پڕکردنەوە هەیە، ئەوەش ئەرکی خوێنەرە بە لەبەر چاو گرتنی بەهای خوێندنەوە پڕی بکاتەوە. خوێندنەوە چیتر هەر چالاکی یان کردەیەکی سەرەتایی نییە، بەڵکوو کردەیەکی داهێنەرانەیە و لە ڕێگەی خوێندنەوە، لە ڕێگەی زمان و ماناوە، جیهان لە قاڵب دەداتەوە. هەروەها چیتر خوێندنەوە بە تەنیا دۆزینەوە نییە بۆ ئەوەی کە هەیە، بەڵکو کەشفکردنی ئەوەیە، کە دەتوانێت چی بێت و چی دروست بکات. لێرەدا تێگەیشتن لە خوێندنەوە دروست دەبێت، خوێنەر دەچێتە نێو نێوەڕۆکی میتۆدی خوێندنەوە، واتە دیکۆستراکشن بەجێدەهێڵێت و دەگاتە قۆناغی پۆست دیکۆستراکشن، پۆست دیکۆستراکشن، دووبارە دابەشکردنەوەی وشە و مانایە، دەسەڵاتی دەق لە نووسەرەوە دەگوازێتەوە بۆ خوێنەر، لە ڕاستییەوە بۆ لێکدانەوە و لە دڵنیاییەوە بۆ ئەگەر، ئەوەش سەرەتای دانانی بناغەی تێگەیشتنە لە رەهەندی خوێندنەوە.

