رۆژنامەی ھەولێر

بۆ مومتاز حەیدەری

ئاری ئاغۆک

نــــــەرمە گــــــریان

بۆ مومتاز حەیدەری

ئەو نەرمە گریانە
لە خۆڕانیە
هەورێکی تاریکی پڕ کەسەر
هۆکارەکەیەتی
ئەو بێ دەنگیە، هەروا سانا نیە
لەو دیو دەرگاوە
هەزار و یەک ئاخ و داخی لێ دەخوێندرێتەوە
ئەو دۆش داماویە
بێ هۆ نیە
سەدەها پرسیاری دووربینی لێ بەدی دەکرێ
ئەو وەستانە بە گۆچانە
تابلۆیەکی سادە نیە
پڕە لە ڕەنگی نەبینراو و نەگوتراو
ئەو بەو تەمەنە سپییەوە
کەوتۆتە فیراقێکی ڕەش
نەدەستەکانی بۆ تەوقەی ئەو دەچێ
نە گفت و لفتی!
نەچاوانی بۆ دیداری و
نە پێکەنینی بۆ تاقانەیی!
ئەو لە دنیای کتێبستان دا
مەرەکەبی هەموو قەڵەمە ئەرشیفیەکانی کۆکردۆتەوە
تەنیا بۆ ئەوەی ناوی (کاروان) پێ بنووسێ
لێ ناتوانێ و ناتوانێ و ناتوانێ!
بۆیە
هەموو کتێبەکان حەزین و ماتەمدارن
بۆ مەرگێکی تاقانەو
کەسەری ئەبەدی کاروانی تەمەنی.