بە دروشمی (شکۆی مێژوو هەمیشە زیندووە) لە خودان و سەرنووسەری: مومتاز حەیدەری، ژمارە (٢-٣)ـی ئاداری ٢٠٢٦ گۆڤاری (دەقی مێژوویی) بە زمانی کوردی و عەرەبی کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
وەک ژمارەی ڕابروو، ئەمجارەش بە کۆمەڵە بابەت و دیکۆمێنت و لێکۆڵینەوە و وتار و بەڵگەنامەی مێژوویی و ئەرشیفی لە دووتوێی ٥١٢ لاپەڕە هاتۆتە چاپکردن.
کۆی گشت بابەتەکانی ئەمجارە بریتین لە ١٢٣ بابەت لە بواری (وتار، نامیلکە و کتێب، بەڵگەنامەکان، پاشبەند)؛ لە بەشی عەرەبییشدا بریتین لە (مقالات، کتب، وثائق)
یەکێک لەو بابەتە مێژووییانە بە ناونیشانی (یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، خوێندنەوەیەک بۆ ناوەڕۆکی چەند وتارێکی مێژوویی و سیاسی لە پاشکۆی برایەتیدا ١٦ـی ئابی ١٩٧١) ئامادەکردی د. ئەحمەد حەمەدەمین؛ سەرچاوەی ئەم بابەتە لە پاشکۆی برایەتی لە ژمارە ١١ـی ١٩٧١ بڵاو بۆتەوە.
بابەتە مێژووییەکی دی بە ناونیشانی (بە یادی یەکی ئایار)، نووسراوی مومتاز حەیدەری، کە سەرچاوەکەی بۆ گۆڤاری هەولێر ژمارە ٦ نەورۆزی ١٩٧١ دەگەڕێتەوە.
(کورد بوختانپێکراو) ناونیشانی وتارێکی ئەرشیفی و مێژوویی جەمال بابانە، لە گۆڤاری نەورۆز ژمارە ٣ـی ساڵی ١٩٥٩ـدا بڵاو بۆتەوە و لەم گۆڤارەدا وەک بابەتێکی زیندوو سەرلەنوێ بڵاو کراوەتەوە.
لە بەرگی دواوەی ئەم ژمارەیەدا، بە ناونیشانی (تابلۆی شانازی) ئاماژە بە یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی جەمال حەیدەری کراوە.
گۆڤاری دەقی مێژوویی لە ٦ پەیامدا مەبەست و ئامانجی خۆی بۆ خوێنەران ڕوون کردۆتەوە؛ لە یەکێک لە خاڵەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە:
پەیاممان دووبارە بڵاوکردنەوەی دەق و بەڵگەنامە مێژووییەکانە، وەک یەکەمین سەرچاوە بۆ سەلماندنی جوامێری، دڵسۆزی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەریی نووسەرانی پێشین، کە پارێزەری کەرامەتی نەتەوەیی بوون.
شیاوی باسە لەم ڕۆژانە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارە لە کتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەری ئەنجام دەدرێ.

