رۆژنامەی ھەولێر

هەر بە تەنها عاشق وایە

ئازا حەسیب قەرەداخی

 

دەڵێن عاشق بە تەنیایە
لە بولێڵدا تارماییە
ئەوە منم لە ناخمدا
وەک تارمایی تەنیا ماوم
من دەتوانم سەر هەڵگرم
بە ئاسمانی ئەندێشەدا
ئازادانە تەنیا بفڕم
ئەگەر تەمە بەری چاوم
ئەگەر عاشق باڵی لێک دا
وەکوو قەقنەس بەرزەفڕە
ئەوە منم پاش دامرکان
فوو دەکەم بە پشکۆی دڵما
من دەتوانم لە ون بووندا
لەناو کوانووی هەڵسانەوە
خۆم بپێچم لە ئاگر و
کڵپە بکەم لە سکڵما
هەر بە تەنها عاشق وایە
ئازاری خۆی چاوگەیەتی
منم هاژەی لێک دابڕان
زایەڵەی دێ لە کارێزما
دە کولانکەی تیایە سینەم
بۆیە توانیم ببمە شمشاڵ
بۆ ژەنینی بەسەرهاتم
دڵ داخورپێ لە ئامێزما
تەنها عاشق تەنیایی خۆی
چیائاسا هەڵچنیوە
ئەوە منیش خەمەکانم
سەربەرزانە بەرانبەرمن
لە دوای گەشتی دۆزینەوەی خۆما وتیان
هەستە جاڕدە:
پەیامی من شیعرەکانمە
تابلۆکانم پەیامبەرمن