رۆژنامەی ھەولێر

تیماج

ئەم ڕۆمانە دوو بەرگە، پێداچوونەوەیەکی مێژووییە بە سیاسەت و ئایین لە ناوچەی نێوان هەردوو ڕووبار (میسۆپۆتامیا)، لەگەڵ یەکەم هەنگاوەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی و گەیشتنی بۆ ئەم ناوچانە، لە سەدەی یەکەمی زایینی، هەتا دەگەینەوە بە سەردەمی گەیشتنی ئایینی ئیسلام.

ئەو سیاسەت و ئایینە تێکەڵە بە مێژووی ئەو دەستەنووسانەی لەسەر پێستەی ئاژەڵ داڕێژراون (تیماجەکان)، ئەمەش تێکەڵە بە خۆشەویستی، قوربانیدان و ئاکامی قین و هەڕشە و تێنەگەیشتن ”لەوی تر”.. ڕووداوەکانی هەردوو بەرگەکە بەبێ لایەنگرتن خراونەتە بەر دیدی خوێنەران.
بەیان سەلمان ڕۆماننووس و شاعیر و وەرگێڕێکی کوردە، لەدایکبووی باشووری کوردستانە. ئێستا لە شاری پاریسی فەرەنسا نیشتەجێیە. نووسینەکانی بە زمانی کوردی، لەگەڵ چەندین بەرهەم بە زمانی عەرەبی و فەرەنسیش، هاوکات لە تەک ڕۆماننووسین و شیعر دوو شانۆنامە و کتێبی تێۆری و چەندان وتاری لە بواری ئەدەبی و هونەری و فیکری و پرسی ژن نووسیوە.
وەرگێڕانەکانی:
– لە فەرەنسییەوە بۆ کوردی: (کاندید)ەکەی ڤۆڵتێر، (میتامۆرفۆس)ـەکەی ئۆڤید، (کەرکەدەن)ـەکەی یوجین یۆنێسکۆ، (شەقامی دووکانە تاریکەکان)ـەکەی پاتریک مۆدیانۆ و، شیعرەکانی مالارمێ، پۆڵ ڤالێری، ڕامبۆ، گیلێڤیگ، سۆفی دائاربوڤیل، پۆڵ‌جان تۆلێیە.. هەروەها کتێبی فۆتۆگرافەری ڤێتنامی لام هیان دوک ”کوردستان خۆشەویستەکەم”؛ کۆمەڵەچیرۆکی ”چیرۆکەکانی بنەچە”
– لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی: ویلیام بلەیک، ئەلێکسەندەر پۆپ.
– لە عەرەبییەوە بۆ کوردی: ئەدۆنیس، ئونسی ئەلحاج و سەلاح فایق.