دیمانە – هێمن خەلیل- ههولێر
د.پشتیوان ئەسعەد ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی: (( شیعر لەڕوانگەی شاعیرانی کلاسیکی کوردەوە کرمانجی خواروو وەک نموونە)) تیزی دکتۆراكەی بە ناونیشانی: ((شاعیر، شیعر و وەرگر) لە دەقی شیعری کوردیی (جەمال شارباژێڕی، عەبدوڵڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت) دا)) بوو، لە ساڵی (٢٠٢٣) گفتوگۆی لەسەر کرا، تایبەت بە بەشێك لە تێزی دكتۆراكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد.
لەسەرەتادا پرسیارمان لە د.پشتیوان مەبەست لە بەكارهێنانی زاراوەی شیعر لە بری زاراوەكانی تردا چییە؟ لە وەڵامدا گوتی:”له زمانی ئینگلیزیدا “Poetry، Poem” بۆ شیعر بەکاردەهێنن، “لە زمانی کوردیدا لە بەرانبەر شیعر(شێعر) و (شعر)ی عەرەبیدا؛ زاراوەکانی وەک: (هۆزان، هەڵبەست، هۆنراوە) هەن و هۆنراوە و هەڵبەست؛ واتا ڕۆیشتووەکەیان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان کێشەی لەسەرە، “د. دڵشاد عەلی” هۆنراوە بەرانبەر بە شیعر و هەڵبەست بەرانبەر بە “قصیدە” دادەنێت و دەڵێت: ((هەڵبەست بۆ خۆی بەشێکە لە هۆنراوە))، بەڵام لە توێژینەوەی ئەکادیمی و لە زمانی ڕۆژانەدا زاراوەی شیعر زیاتر ڕۆیشتووە و بەکارهێنانی بەرفراوانتر بووە، تا دەگات بەوەی تەنانەت -بەشێک لە نووسەر و توێژەران- بەکارهێنانیشیان لە شوێنی “شیعر”دا پێگونجاو نەبێت، بۆ نموونە”جمال حبیب الله(بێدار)” لەم ڕووەوە دەڵێت: ((ئهگهر شعور پارچه قوماشێكی تهڕبێ و بگوشرێت، چۆڕاوهكهی پێ ئهگوترێت “شیعر”. لهبهر ئهوه ههرگیزا و ههرگیز وشهكانی “ههڵبهست، هۆنراوه”؛ ناتوانن جێگهی وشهی شیعر بگرنهوه و ههرگیز ئهو بۆن و بهرامهیه نادهن؛ كه وشهی شیعر ئهیدات))، هەروەها -بەشێکیان- ئەوەش ڕەتدەکەنەوە، کە وشەی شیعر عەرەبی بێت، بۆ نموونە محهمهد فهریق حهسهن، لە کتێبی: “تكایه دهست به شیعرهوه بگرن”دا دەڵێت: ((وشهی شیعر، كه ههندێ به ههڵه به عارهبیی دهزانن، له زۆربهی زمانهكانی ئهم ناوچهیهدا ههبووه، بهو ژانره وتراوه، كه بۆ گۆرانی ئامادهكراوه. وشهكهش له بناغهدا بۆ “شیرو”ی بابلی و “شیر”ی عیبری و “شور” ی ئارامی و “سر”ی سۆمهڕی دهگهڕێتهوه))، ئەم بۆچوونانە ڕوونکەرەوەی ئەوەن؛ کە بەکارهێنانی زاراوەی “شیعر” لە زمانی کوردیدا واتایەکی چەسپاو و کۆکبوونی لەسەرە، بەکارهێنانی نە خەوشە و نە نەگونجانی لەگەڵ کاری زانستیدا هەیە.”
دەربارەی چەمكی شیعر و ئاڵۆزی ناساندنی د.پشتیوان دەڵێ:”هەر کات باسی شیعر بکرێت؛ کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامدانەوەی جیاواز سەرهەڵدەدات، پرسیاری ئەوەی شیعر چییە؟ پرسیارێکە زۆر کراوە و هەمیشەش دەکرێت، دیارە ئەم پرسیارە لە خۆوە ناکرێت و هەروا بە ئاسانیش وەڵام نادرێتەوە، شیعر خۆی بابەتێکی ئاڵۆزە و ناساندنی کارێکی ئاسان نییە، بەو پێیەی شیعر و مرۆڤ دوانەیەکی لێکدانەبڕاون، شیعر زادەی هەست و سۆز و خەیاڵ و هزری مرۆڤە و زمانی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، هەروەها مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ مرۆڤدا هەیە، بۆچوونی جیاواز لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانییەوە هەن، بۆچوون هەن پەیوەندییە مێژووەیەکە بە سەرەتای هەرەزووی هەستی مرۆڤایەتییەوە دەبەستێتەوە و هەموو وتەیەکی مرۆڤ لە سەرەتاکانی ژیان و دەرکەوتندا بە شیعر دادەنێن و دەڵێن: ((هەموو جۆرەکانی گوتن، لە سەرەتای ژیانی ئادەمیزاددا جۆرێک بووە لە شیعر))، چوونکە زمان دەربڕینی ناخی مرۆڤە و گوزارشت لە هەست و سۆزەکانی دەکات و بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی لە شیعر نزیک کردۆتەوە، شیعر و مرۆڤ دوانەیەکی بەیەکەوە گرێدراون و بە درێژایی ڕۆژگار بەیەکەوە هەڵیانکردوە، بەرهەمێکە لە ناو کۆمەڵگەی مرۆییدا باو و جێگەی سەرنج بووە، هەمیشە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن بووە، خۆی خستۆتە سەرووی شتە سەرنجڕاکێشەکانەوە، هەر ئەم خاڵە بووە؛ وای لە ئەفلاتون کردوە،ئەوە بخاتەڕوو، کە (شارەکەیان گەلێک خەسڵەتی چاکی هەیە، لە هەموویان سەرنج ڕاکێشتر هۆنراوەیە)، ئەم سەرنج ڕاکێشییەی شیعر بووەتە هۆی ئەوەی شیعر و شاعیر و کاریگەریەکەی بخاتە گفتوگۆکانییەوە، هەروەها ئەم سەرنج ڕاکێشییەی شیعر وایکردوە، شاعیر وەکوو جادووگەر(ساحیر) سەیر بکرێت، شیعریش بکات؛ بە جادووییەکی ڕێگەپێدراو(سیحری حەلاڵ)، بەو پێیەی لە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (محمدد.خ)دا هاتووە؛ ئاماژە بە هێزی سەرنجڕاکێشراوەکەی شیعر دراوە، وەک دەفەرمووێت: ((إِنَّ مِنَ الْبَێانِ سِحْرًا، ۆإِنَّ مِنَ الشِّعْڕ حِكَمًا))، شیعر بەرهەمێکی ئەدەبی چێژبەخش و ئەرک بینە و – وەک لە پێشووتریش باسمانکرد- خاوەن هێزێکی سەرنجڕاکێشە، هەر لەکۆنەوە -تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت- جێگەی باس و هەڵوەستە لەسەر کردن بووە، بە زۆر شێوە و لە زۆر ڕووەوە لێی دواون، بۆیە ئاساییە بوترێت: (بە قەد شیعر و جیهانبینی کەسەکانەوە ناساندن و تێگەیشتن بۆ شیعر هەن).”
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەربارەی شیعر وەك بەرهەمێكی زمانی ڕای وایە: ” شیعر؛ کۆڵەگەکەی زمانە و مەیدانی سوارچاکیی شاعیرە، “ڤالێری” دەڵێت: (شیع ر؛ زمانە لە ڕێگەی زمانەوە)، لەمدیدەوە؛ هەر کات باس لە شیعر بکەین، باس لە زمان دەکەین، چوونکە زمان کەرەستەی سەرەکیی ئەدەبە بە گشتی و شیعرە بە تایبەتی، لە شیعردا زمان خۆی دەردەخات وا دەکات بڵێین: “شیعر زمانێکی تایبەت و خاوەن ئیستاتیکای سەرسووڕهێنەرە”، دەق لە ڕوانگەی فۆڕمالیستە ڕوسەکان، خودی زمان خۆیەتی، کە لە سایەی لادانەوە بەدەستهاتووە، بەوواتایەی دەق: ((بریتی بوو لە ڕێکخستنێکی تایبەتی زمان))، لەو باوەڕە دابوون: هەست و سۆز دەق ناکات بە دەق، بەڵکوو ئەوە زمانە دەق دەکات بە دەق، بۆیە لەم دیدەوە: (هەڵەبوو سەیری ئەدەب بکەیت؛ وەکوو دەربڕینی مێشکی دانەر)، بەمەش دەسەڵاتی باڵابوونی نووسەر بۆ دەست باڵابوونی وەرگر لە دەقدا گواسترایەوە، ڕۆڵی وەرگر هاتە پێشەوە و وەرگر کرا بە سەنتەر، بەگشتی میتۆدە نوێیەکانی ڕەخنەی ئەدەبی- وەک: فۆرمالیستەکان، ڕەخنەی نوێ، هەڵوەشاندنەوەگەرایی، …- کار لەسەر زمانی شیعر دەکەن، دەق – شیعر- وەک یەکەیەکی زمانی دەبینین.”