ڕۆڵی دایك لە باخچەی منداڵاندا…

پەیمان عوسمان تەها

پاڵپشت و هەماهەنگی و هاوكاری كارگێڕی باخچە لەگەڵ كەس وكاری منداڵ و بەدیاریكراوی لەگەڵ دایكاندا ڕۆڵێكی پڕ بایەخ و گرنگ و كاریگەری هەیە.
هەڵبەتە باخچەی منداڵان لەقۆناغی گەیشتن بەو ئاستەی خوازیارییەتی و كردوویەتیە دروشم و پەیامی پیشەیی خۆی تا منداڵ لەئەستۆ بگرێ و بەپاك و دروست و جوانی بیهێڵێتەوەو بە ڕێك و پێكی دروستی بكات، ئا لێرەدا بەرپرسیاریەتیە گەورەكە دەست پێ دەكات كە لەو ڕوانگەوە باخچەی منداڵان ناوەندێكە بۆ گۆشكردنی منداڵ و ئامادەكردنی، باخچەی منداڵان فاكتەرێكی گرنگ و كاراو هاوكارو هۆكارێكی باشە بۆ چوونە نێو دونیای پێدانی زانیاری سەرەتایی و فەراهەمكردنی بۆ قۆناغەكانی دیكەی خوێندن كە لەتەمەنی شەش ساڵیەوە هەنگاوی بۆ دەنێ.
لێرەدا ئەوەی مەبەستمە لەسەری بوەستم و تیشكی بخەمە سەر وەك خاڵێكی گەوهەری و هەرە هەستیار بۆ ئەو قۆناغەی منداڵ لە باخچەدا گوزەری تێدا دەكات ڕۆڵ و پێگەی دایكە كە لەتەك سەرچاوە مرۆییەكانی باخچە، لە زۆر ڕووەوە سەرچاوەی پەروەردەو پێگەیاندنیەتی وەك گرنگیدان بە رێكخستنی كاتەكانی خەوتن و گەیاندنی منداڵ لەلایەن دایبابانەوە لەكات و ساتی خۆی بۆ باخچەو بەهەمان شێوە بردنەوەیان لەكات و ساتی خۆیدا و لەنزیكەوە وشیاركردنەوەی منداڵ و پێدانی رێنمایی لەكاتی پێویست بۆ دەست بەئاوگەیاندن و فێركردنیان بەوەی داوای ئەو پێویستییە بكەن لەكاتی پێویستی نەك شەرمكردن، نەك شاردنەوەی ئەو بابەتە كە زۆر جار بەو هۆیەوە سەر بۆ ئەوە دەكێشێ كە پیسایی بەخۆدا بكات، هەروەها خاڵێكی دیكە پێدانی خواردن و خواردنەوەیە لەكاتێ پێویستی بۆ ئەو كاتانەی منداڵ پێویستی پێیەتی لەگەڵ بایەخدان بە پاك ڕاگرتنی ئەو جل و بەرگەی منداڵ دەیپۆشێ، بەمەیش ئەوەی دەمێنێتەوە پەروەردەو پێگەیاندنیەتی لە باخچەیە لەتەواوكاری ئەو پەروەردەی لەماڵەوە دەكرێ بەمەیش مامۆستایان قۆناغ بەقۆناغ لەگەڵیان ڕێ دەكەن وەك ڕاهێنان و فێركردنی لەمەڕ ناسینەوەی ڕۆژەكانی هەفتەو مانگەكانی ساڵ و چوار وەرزەكە بەپێی ئەو زانست و زانیاریانەی لەبەر دەستن لەخستنە ڕووی هۆیەكانی فێركاری، ئەوجا فێركردنیان بۆ وشەو پیتەكان چ بەكوردیبێ یا ئینگلیزی و ڕاهێنانیان لەسەر هێماو ئاماژەكان و ئەو یارییانەی بیری منداڵ بەهێز دەكەن.
زانای ئەڵمانی (فریدریش فرۆبێل) باخچەی منداڵان وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەیی بۆ منداڵان لەقۆناغی پێش چوونە نێو قوتابخانە پێناسە دەكات و ئەو پێناسەی لەساڵی 1837ی زایینی بەدامەزراوەی یاری و چالاكییەكان دامەزراندوە كە وەك ئەزموونێكی كۆمەڵایەتی بوو بۆ منداڵ بەمەبەستی گواستنەوەی لەماڵەوە بۆ قوتابخانە.
گومانیش لەوەدا نییە منداڵان لە زۆربەی وڵاتانی دونیا بەشێكن لەسیستەمی پێش چوون بۆ قوتابخانەو زاراوەی باخچەی منداڵان لە سەرانسەری جیهان بۆ وەسفكردنی جۆرە جیاوازەكانی بەكاردێ كە بۆ منداڵانی نێوان تەمەنی 4-5ساڵ دامەزراوە.
باخچەی منداڵان پیشەیەكی هەستیارە، پێویستی بە تایبەتمەندی كەسی و ڕاهێنان و بڕوانامەی ورد هەیە لەوەشدا مامۆستایانی باخچەی منداڵان بەشێوەیەكی راستەوخۆ تێكەڵ بەخێزان دەبن و بەپێی تەمەن و قۆناغەكەیان بەشداری بەمنداڵان دەكەن لەبنیاتنانی تواناكانی مەعریفی و دەروونی و گەشەی كۆمەڵایەتی و هەوڵ دەدەن بەو ئامانجانەی بگەیەنن كە لە بەرنامەو پرۆگرامەكاندا نەخشەی بۆ دارێژراوە لەتەواوی چالاكیەكانی ژوورو ئەو چالاكیانەی لەدەرەوەی ژووردا پیادە دەكرێت، ئەوەش تایبەتمەندی ئەو مامۆستایە دەردەخات بۆ ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە ئەستۆی، بۆیە ئەركی دایك و باوكە لەو پرۆسەیەدا پەرۆش و خەمخۆری منداڵەكانیانبن و هاوكارو هەماهەنگ بن لەگەڵ باخچەی منداڵان بۆ ئەوەی بەهەردوو لا شتێكی جوان پێشكەش بە مناڵە چاوگەشەكانیان بكەن.

ھەواڵی زیاتر