یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

وانەی وەفاداریی لە “سەردەمی سپڵەکان”دا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

مینیماڵیستەکان لەژێر دروشمی “کەم زۆرە” تا دوائاست و ئیمکان دەقیان کورت کردەوە. چیرۆکیان لە چەند لاپەڕەوە کەمکردەوە بۆ چەند دێڕێکی کەم. دەق لای مینیماڵیستەکان چەشنی دڵۆپێنراوی عەترسازێک وەهایە، کە لە کەمۆڵەیەکی گەورە تەنها یەک شووشەی بچووک عەتر بەرهەم دەهێنرێت. کاری نووسەر لە دونیای مینیماڵیدا چەشنی کاری ئەو عەترسازەیە، کە پێویستی بە وریایی و سەلیقە و ئەزموون و زۆر شتی دیکە هەیە، کە دەق دەیخوازێت. ئەمەش تەنها لەپێناوە ئەوەی دەقەکە چەشنی بۆنێکی کاریگەر، یان بروسکەیەک لای خوێنەر بۆ هەمیشەیی بمێنێتەوە. خۆ ئەگەر بەو شێوەیە نەبوو، ئەوا چەشنی بۆنێکی رۆژانە هەر زوو بیر دەچێتەوە. بۆیە عەترسازە بە سەلیقەکان بەدوای ڕۆحی بۆنەوەن، وەکو چۆن نووسەرە مینیماڵیستە بە سەلیقەکانیش بەدوای رۆحی وشەوەن.

زۆرجار کردنەوەی کۆدی دەقە مینیماڵییەکان ئاسان نییە، زۆرجاریش هەر خێرا خۆبەدەستەوە دەدەن. ئەمەش کەوتووەتە سەر کارکردنی نووسەر و هاوکات پاشخانی ئەو خوێنەرەی مامەڵە لەگەڵ دەقەکەدا دەکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کتێبی “سەردەمی سپڵەکان”ـم خوێندەوە، کە کۆمەڵە دەقێکی مینیماڵییە و “موشی پوڵس موشی” نووسیویەتی و “مەلول” لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 72 لاپەڕەدا بەچاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە بچووکە 50 چیرۆک، یان دەقی مینیماڵی لە خۆگرتووە. بۆیە هەر بە چیرۆک ناوی نابەم، چونکە مەرج نییە هەموویان چیرۆکبن. خوێنەر بەر کۆمەڵێک بروسکە دەکەوێت، کە دەقی مینیماڵی هەڵگریەتی.
لە خوێندنەوەی ئەم دەقانەدا ئەوەی بەلای منەوە گەلێک سەرنجڕاکێش بوو هەڵبژاردنی ناونیشانی سەرەکی دەقەکانە، کە بۆ کتێبەکە هەڵبژێردراوە “سەردەمی سپڵەکان”. ئەم ناونیشانە لە سەردەمێکدا، کە وەفادارەکان گەلێک کەمبوونەتەوە و زۆرجاریش هەر ونن، یان زۆر کەم بەریان دەکەوین و هەموان بەرەو سپڵەیی و بێوەفایی ڕۆیشتوون. زەمەنێک دێتە پێشەوە، کە دەشێت بە “سەردەمی سپڵەکان” ناوی بەرین. ئەگەرچی ئەم ناونیشانە بۆ تەواوی دەقەکان دانراوە، بەڵام یەکێک لە دەقەکان بە هەمان ناونیشانەوەیە و لەوێدا باس لە ژیانی کەسێک دەکات، کە هەتا وزەی داهێنەرانەی تێدا بووە هەمووان بە دەورییەوە بوون و ستایشان کردووە، بەڵام کاتێک پیر دەبێت و ناتوانێت بەو گوڕەی جارانەوە لەکار بەردەوام بێت، ئیدی کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە و بە فەرامۆشی دەسپێردرێت.
نووسەر لەم دەقە مینیماڵانەدا تیشکی خستووتە سەر کۆمەڵێک پرس و ئاریشەی سەردەم کە بە شێوەیەکی چڕکراوە و بروسکەئاسا دەیەوێت لەبارەیانەوە بدوێت و بیرۆکەیەک بخاتەڕوو (وەک ئەو نموونەیی باس کرا). ئەم دەقانەی لەم کتێبەدان ئەگەرچی هەموویان یەک ئاستی هونەریی و ماناییان نییە و بەشێکیان لاوازن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان بروسکەئاسا خوێنەر لە پرسێکی مرۆیی بەئاگا دێننەوە و دەبنە خاڵێک لە بیرکردنەوەی خوێنەردا و پرسیار دەوروژێنن، کە هەر ئەمەشە پەیامی سەرەکی دەقی مینیماڵی.
ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو بەشێکی زۆر لە دەقەکان لە چوارچێوەی سپڵەییدا دەسووڕانەوە، وەکو ئەوەی ئەم سەردەمە، سەردەمی سپڵەیی بێت و وەفاداریی بە یەکجاریی ماڵئاوایی لێ کردبین، ئەمەش لە دەقەکانی “هەلپەرست، بەڵا، بێ بەڵێنەکان، دەمامکپۆس…” چەندینی دیکەش ڕەنگی داوەتەوە. خاڵێکی دیکە لەم کتێبەدا لەکاتی خوێندنەوەدا دەبێتە جێگە سەرنج ئەوەیە کە زمانی وەرگێڕانەکەی گەلێک پاراوە و وەرگێڕ گەلێک وشەی دانسقەی کوردی بەکارهێناوە، کە وشەی کوردی پەتین و ئەمەشی بە شێوەیەکی هونەریی و خۆڕسکانە بەکارهێناوە، نەک بەزۆر خستبێتییە نێو دەقەکانەوە و جۆرێک لە ناهارمۆنییەتی دروست کردبێت.
بەجێهێشتنی سەردەمی سپڵەکان سەخت نییە، بەڵکو تەنها دڵێکی وەفادار و لێبوردەی دەوێت. ئەوانەی وەفادارن هەمیشە وەفاداریی دێتەوە ڕێیان و ئەوانەشی سپڵەن هەمان سپڵەییەتی خۆیان دێتەوە ڕێیان. بۆ ئەوەی نەکەوینە نێو جیهانی سپڵەکانەوە گرنگە لەم چیرۆکە کورتانەوە وانەی وەفاداریی لێوە فێربین.