ئارام كۆشكی – سلێمانی
چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکەم ڕۆمانی “بێرنارد شلینک” بەناونیشانی “خوێنەرەوەکە” چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەو ڕۆمانە دەروازەیەکی سەرەتایی و کورت بوو بۆ ناسینی ئەم نووسەرە و ئیدی هیچی دیکەیم بە کوردی نەبینییوە تا لە سەروبەندی خولی 16 هەمینی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێبدا نوێترین ڕۆمانی ئەم نووسەرە بەناوی “کچەزاکەم”، کە دووەم رۆمانییەتی بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە. ئەم رۆمانە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ “ئەردەڵان عەبدوڵڵا” لە ئەڵمانییەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند لە دوتوێی “520” لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
بێرنارد شلینک یەکێکە لەو نووسەرانەی ئەڵمانیا کە بە نووسەرانی نەوەی دوای جەنگ دەناسرێن چ لەڕووی ناوەڕۆک و چ لەڕووی فۆرمەوە دونیاکەی تەواو جیاوازە و خاوەنی ڕێچکەی تایبەتی خۆیەتی. هەرئەمەش وایکردووە، کە سەرکەوتوو بێت. بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە هەڵیدەبژێرێت و قسەیان لەبارەوە دەکات، زۆر گرنگن. ئەو بەهۆی ئەوەی نەوەی دوای جەنگ، بۆیە ئاسەوار و لێکەوتەکانی جەنگ لەنێو ڕۆمانەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەیە.
ئەو لە یەک کاتدا نووسەرو پارێزەرو دادوەر و مامۆستای زانکۆشە، کەسێک نەک تەنها لەڕووی ئەدەبییەوە، بەڵکو لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییشەوە، زۆر بە وردی ئاگاداری کێشەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەڵمانیایە. هەربۆیە ئەمڕۆ لەناو میدیای ئەڵمانیدا، یەکێکە لە ناوە دیارەکانە.
بێرنارد شلینک لە ڕۆمانی “کچەزاکەم”دا هەوڵیداوە بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، حکایەتی تراژیدیای جیابوونەوەیەی ئەڵمانیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە باس بکات و لەهەمانکاتیشدا کاریگەرییە نەرێنیەکانی ئەم دابەشبوونە بخاتەڕوو. لەلایەکی ترەوە لەم ڕۆمانەدا موزیک بەگشتی و پیانۆ بەتایبەتی، پانتاییەکی زۆر داگیر دەکات و نووسەر قسەی زۆر لەبارەی موزیک و موزیکژەن و تابلۆکێشە ناسراوەکانی جیهان دەکات. هەروەها بەهێزبوونی نازیە نوێکان و هێزە ڕاستڕەوەکان و پرسی بێگانەکان لە ئەڵمانیا، تەوەرێکی تری ئەم ڕۆمانەیە.
ئەم ڕۆمانە لە ساڵی 2021 دا بەناونیشانی ” کچەزاکەم” بڵاوبوویەوە، هەر لەپاش بڵاوبوونەوەی چووە لیستی باشترین کتێبە گرنگەکانی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2021 بەتایبەتی چووە لیستی کتێبە باشەکانی گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیا. ئەو گۆڤارە پێشیوایە کە لە ئێستادا، بێرنارد شلینک، یەکێکە لە سەرکەوتووترین و هەمەلایەنترین نووسەرانی ئەڵمانیا. ڕەخنەگری ئەڵمانی مارکوس نۆیس دەڵێت: ئەم ڕۆمانە ئەزمونێکی پەروەردەیی گرنگە و دانوستان لە نێوان نەوەکانی ئەڵمانیای دابەشکراودا دەکات. هاوکات کەناڵی ئێن ئار دێی ئەڵمانیا لەمبارەوە ڕاپۆرتی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ڕۆمانی کچەزاکەم، ڕۆمانێکی زۆر سەرنجراکێش و کاریگەرە. لەلایەکی دیکەوە ژنە ڕەخنەگر و مامۆستای زانکۆ ئانا شتۆلبێرگە پێیوایە، ڕۆمانی کچەزاکەم، یەکێکە لە ڕۆمانە باشەکانی ئەڵمانیا و خوێنەر کە دەستی بە خوێندنەوەی کرد، ناتوانێت وازی لێبێنێت.
خاڵێک کە زۆر گرنگە باسی بکەم ئەوەیە کە نووسەرانی ئەڵمانینووس تا هەنووکەش وازیان لە تێمەی جەنگ و ئەو ئاسەوارانە نەهێناوە کە بەهۆی جەنگی دووەمی جیهانییەوە بەسەریان هاتووە. ئەگەرچی زیاتر لە 30 ساڵە هەردوو ئەڵمانیا یەکیان گرتووەتەوە و زیاتر لە 70 ساڵیشە دووەم جەنگی جیهانی کۆتایی هاتووە. بەڵام هێشتا بیر لە ئاسەوارە نەرێنییەکانی دەکەنەوە لەسەر نەوە دوای نەوەی ئەڵمانی. ئەمەش نیشانەی گەلی زیندووە، کە نایەوێت هەڵەکان زوو لە بیر بکات، بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە. لێرەوەیە ترسێک دروست دەبێت لەوەی دووبارە ببێتەوە. خۆ ئەگەر زوو لەبیر بکرێن ئەوا ئەگەری دووبارەبوونەوەی گەلێک زیاد دەکات.
دەستخۆشی بۆ کاک ئەردەڵان و ئەم بەرهەمە نایابە، کە ئاگاییەکی زۆر دروست دەکات لەسەر چۆنێتی کارکردنی ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننووسانی ئەڵمان و بینینی ئەوان بۆ کارەساتەکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.