کلیلدان؛ دەروازەیەک بۆ ڕەخنەسازی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

خزمەتکردنی هەر کولتوورێک لە خزمەتکردنی زمان و ئەدەبەکەیەوە دەست پێ دەکات. چونکە ئەوان سەرچاوە بنەڕەتەکەن بۆ گەشەکردنی هەموو لایەنەکانی دیکە کولتوور. بەڵام پشتگوێخستنی زمان و کولتووری هەر نەتەوەیەک بە مانای سڕینەوە و لەناوبردنی دێت. هیچ زمانێک پێشناکەوێت ئەگەر بواری فەرهەنگسازییەکەی کاری بەردەوام و وردی بۆ نەکرێت. ئەوەی لە 30 ساڵی ڕابردوودا لە بواری فەرهەنگسازی و خزمەتکردنی زمانی کوردیدا سەرپێ خراوە کەم نییە، بەڵام ئەوەی ئەم هەوڵانەی تاکوتەرا هێشتووەتەوە ئەوەیە کە سەرجەمیان هەوڵی تاکەکەسین و هەوڵی دەزگا و دامەزراوە فەرهەنگییەکان نین. (هەڵبەت جگە لە فەرهەنگێکی چوار جلدی دانشگای کوردستان لە سنە، کە هەوڵی تاکەکەسی نییە).

بەهۆی نەبوونی سیاسەتی کولتوورییەوە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمەوە ئیدی بواری فەرهەنگسازیش وەکو هەموو بوارەکانی دیکەی فەرهەنگی ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. بۆیە خزمەت نەکردنی زمان و ئەدەبی کوردی بە شێوەیەکی بەرنامە بۆدانراو بووەتە هۆی ئەوە جۆرێک لە “پاشاگەردانی ڕۆشنبیریی” دروست بێت، کە دواجار قەیرانێکی قووڵی لە هەموو بوارەکاندا دروست کردووە.
زۆرجار کە باس لە قەیرانی ڕەخنەی کوردی دەکرێت، تەنها باس لەوە دەکرێت تێکستی ڕەخنەییمان نییە، یان ڕەخنەگرمان نییە، بەڵام هیچ کام لەو کەسانەی ئەم قسانە دەکەن باس لەوە ناکەن کە زەمینەیەکی مەعریفی و تیۆریمان نییە بۆ ڕەخنە و ڕەخنەگری کورد لەبەردەم کتێبخانەیەکی چۆڵ و مەعریفەیەکی کەمی ڕەخنەییدایە. لێرەدا مەبەستم لەوەیە کە کتێبخانەی کوردی چۆڵە لەو کتێبانەی کۆمەکی ڕەخنەگر بکەن بۆ ساغبوونەوە لەسەر بەکارهێنانی چەمکەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەیان لە تێکستی ڕەخنەییدا. نەبوونی مەعریفەش لێرەدا مەبەستم لەوەیە کە زۆر کەمن ئەو تێکستە ڕەخنەییانە لە مەعریفەیەکی قووڵی ڕەخنەییەوە سەرچاوەیان گرتبێت، بەڵکو زۆرجار تەنها بە دەوری تێکستدا دەسووڕێنەوە، نەک هەموو ڕەهەندەکانی ناوەوەی تێکست بپشکنن.
لە مانگی ڕابردوودا فەرهەنگێکی ئەدەبی و ڕەخنەیی گرنگ و ناوازە بەناونیشانی “کلیلدان” بڵاوکرایەوە، کە دەتوانم بڵێم دەبێتە دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم ڕەخنەکاران و خولیایانی بواری ڕەخنە و ئەدەب. ئەم فەرهەنگە لە نووسین و ئامادەکردنی “عەبدوڵڵا تاهیر بەرزەنجی و د. عەلی تاهیر بەرزنجی”یە و لە دوتوێی 578 لاپەڕەدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاویکردووەتەوە.
وەک لە ناونیشانەکەیدا دەردەکەوێت “کلیلدان؛ فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە”، ئەم فەرهەنگە دەبێتە دەروازەیەک بۆ نووسەر و توێژەران و ڕەخنەگران بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسان دەستیان بە چەمکە ئەدەبی و ڕەخنەییەکان بگات و لە مانا فەرهەنگییەکەی ئاگاداربن. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی لەم فەرهەنگەدا ڕەچاوکراوە ئەوەیە کە مانای چەمک و وشەکان بە سێ زمان دانراوەتەوە ئەوانیش زمانی “کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی”ین. ئەمەش دەبێتە ئاسانکارییەکی دیکە بۆ نووسەران و ڕەخنەگران ئەگەر ویستیان زیاتر لەبارەی هەر چەمکێک نێو ئەم فەرهەنگەوە بزانن دەتوانن بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی بەدوایدا بگەڕێن.
یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم فەرهەنگە ئەوەیە کە هەردوو نووسەر دەرگای فەرهەنگەکەیان بەڕووی خوێنەردا دانەخستووە و وەکو پرۆژەیەکی کراوەی ناتەواو چاپیان کردووە، کە ئەمەش مژدەیەکی خۆشە کە لە چاپەکانی داهاتوودا دەوڵەمەندتری بکەن و زاراوە و چەمکی زۆرتری بۆ بهێنن و هاوکات لەڕووی شرۆڤەشەوە ئەو چەمکانەی ئێستا نەیانتوانووە وەکو پێویست شرۆڤەی بکەن هەوڵ بدەن لە چاپەکانی دیکەدا بە تێروتەسەلتر شرۆڤەی بکەن.
کلیلدان دەشێ ببێتە هەوڵێکی نوێ، یان کردنەوەی دەرگایەکی نوێی ڕەخنەیی و ئیدی ئەو کەسانەی کە لایانوابوو کتێبخانەی کوردی لەم بوارەدا گەلێک هەژارە لە هەژاریی ڕزگاریی بووە و ئیدی کاتی دەوڵەمەندکردنییەتی بە تێکستی ڕەخنەیی، تا دروستبوونی عەقڵێکی ڕەخنەیی و پێشخستنی ڕەخنەی کوردی، چونکە کلیلدان؛ دەروازەیەکە بۆ ڕەخنەسازییەک بە مەعریفەیەکی دەوڵەمەندەوە لەبارەی چەمکە ڕەخنەییەکانەوە..
دەستخۆشی بۆ هەردوو و مامۆستای نووسەر و بەهیوام هەمیشە بەرهەمی نوێتریان ببینم.

ھەواڵی زیاتر