سەرووی ٣٢ هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن

بە پێی ئاماری ڕێکخراوێکی پێوەندیدار بە کرێکارانی بیانی ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، دەگاتە زیاتر لە ٣٢ هەزار کرێکار، بەڵام ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە و، بە هەزاران کرێکاری دی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن کە ڤیزاکانیان گەشتیارییە و، بە ناوی کارکردن نەهاتوونەتە کوردستان.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان شوێنێکی نوێ بووە بۆ کار و کاسبی و ڕاکێشانی سەرنجی کرێکارانی بیانی. بە هەزاران کرێکار لە وڵاتانی دوور و نزیکی جیهان ڕوویان لە هەرێمی کردووە و ئەو هەرێمەیان کردووەتە شوێنێک بۆ کارکردن و دەستخستنی برێک پارە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی بووژانەوە و توانای دارایی و ئابووری خەڵک بە خێرایی گەشەی کرد، بە سەدان کۆمپانیای بیانی ڕویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بە سەدانی تریش لە ناوخۆ دامەزران و هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار. بەشێکی بەرچاو لەو هەلانەی کار هەر لە کوردستان پڕ کرانەوە و خەڵکێکی زۆر بووە خاوەنی کار و پیشە، بەڵام هەندێک هەلی کاریش هەبوون کە لە ناوخۆ کەس ئامادە نەبوو بیکات و بۆیەش هانا بۆ کرێکاری بیانی بردرا.
گۆڕانکاری ئابووری و دارایی لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ئاستی کوالێتی ژیان لە کوردستان هەندێک هەلی کاری هێنایە کایەوە، کە پێشتر لە کوردستان نەبوو.
سەرەتاکان زیاتر لە وڵاتانی دراوسێ و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق خەڵک بۆ مەبەستی کرێکاری ڕوویان لە هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دواتر هێنانی کرێکاران ڕێک خرا و هەندێک کۆمپانیا دامەزران کە لە وڵاتانی دوور و نزیک دەستیان بە هێنانی کرێکاران کرد و بەهۆی ئەوەی کە ئەم جۆرە پیشە نوێیانە لە ناوخۆ پڕ نەدەکرایەوە هانا بۆ وڵاتانی باشووری ئاسیا و ئەفریقا بردرا. یەکێک لەو پیشە نوێیانەی لە کوردستان نامۆ بوو و لەگەڵ باشتربوونی ئاستی ژیانی خەڵک هاتە کایەوە پیشەی خزمەتکاریی ماڵان بوو، کۆمپانیاکان لە فیلیپین، سۆمالی و ئەسیۆپیا و کۆمەڵێک وڵاتی تر کرێکاریان هێنا و لە کوردستان دەست بەکار بوون،ئێستاش ژمارەیەکی زۆری کرێکار لە کوردستان لە بواری جیاوازدا کار دەکەن.
ئامارەکانی ڕێکخراوێکی پێوەندیدار بە کرێکارانی بیانی دەری دەخات، لانی کەم ٣٢ هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و بەسەر پیشەی جیاوازدا دابەش بوون. بەرزان ڕەئووف لێپرسراوی پێوەندییەکانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و داکۆکیکردن لە مافی کرێکارانی بیانی بۆ میدیاکان کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢١ی ئاشکرا کرد و گوتی بە پێی ئەو ئامارەی لەبەردەستیاندایە ٣٢ هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
ئەگەر بە نێو بازاڕەکاندا بسووڕێینەوە، لە هەر شەقام و بازاڕێک چاومان بە کرێکاری بیانی دەکەوێت کە لە بواری جیاوازدا کار دەکەن.
راستە کرێکاران بۆ مەبەستی کار و دەستخستنی پارە هاتوونەتە کوردستان بەڵام لە کێشە و ڕووداوی جیاوازیش بەدوور نەبوون. هەر لە ساڵی ڕابردوودا ٢٢ کرێکاری بیانی گیانیان لەدەست داوە و حەوت کەسی تریش بریندار بوون. لەو ٢٢ کەسەی گیانیان لەدەست داوە پێنجیان لە ڕەگەزی مێ و ١٧ی تریان لە ڕەگەزی مێ بوون و کۆرۆنا و ڕووداوی هاتوچۆ و نەخۆشی و چەند هۆکارێکی تر بە هۆکاری مردنی کرێکاران هەژمار دەکرێن.
هەر لە ساڵی ٢٠٢١دا کێشەی لێسەندنەوەی پاسپۆرت یان کێشەی تر بۆ ٣٠ کرێکار دروست بووە کە لە لایەن ڕێکخراوەکەوە چارەسەر کراوە. دوو کرێکاریش دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر و سێ حاڵەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤیش تۆمار کراوە.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە دۆخی مافی کرێکارانی بیانی ساڵ بە ساڵ بەرەو باشتر دەچێت و ڕێکخراوەکان ڕێگری لەوە دەکەن هیچ کۆمپانیا یان خاوەن کارێک ببنە هۆی چەوساندنەوەی کرێکاران.
هاتنی کرێکاران بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت ئەو جۆرە کارانەی لە ناوخۆش داخوازی لەسەریان هەیە مایەی نیگەرانی کرێکارانی ناوخۆیە و، پێیان وایە بە دوو هۆکار زیانیان بەر دەکەوێت: یەکەم ئەوەیە هەلی کار کەم دەبێتەوە و دووەمیش ئەوەیە کرێکاری بیانی بە پارەی کەمتر ڕازین و، ئەگەر کرێکاری ناوخۆیی بە هەمان کرێ کار بکەن ئەوا بۆیان دەست نادات و کۆمپانیا و خاوەن کارەکانی کوردستان بۆ ئەوەی پارەی کەمتر بدەن، زیاتر سوود لە کرێکاری بیانی وەردەگرن.
کرێکاران داوا دەکەن ئەو کەرتە بە تەواوی ڕێک بخسترێت و کرێکاری بیانی لەسەر حسابی کرێکاری ناوخۆیی ڕێی کاری پێ نەدرێت و ئەولەویەت بە کرێکارانی ناوخۆیی بدرێت و ئەگەر دەستی کار لە ناوخۆ دەست نەکەوت هانا بۆ دەرەوە ببردرێت.

ھەواڵی زیاتر