حەفتا و نۆ ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ کە هاوکات دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٤ی کوردییە حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت. ئەو کۆمارەی هەرچەندە تەمەنی کورت بوو و تەنانەت نەگەیشتە یەک ساڵ، بەڵام کاریگەریی ئەوەندە زۆر بوو کە بووە هەوێنی بەردەوامیدان بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

ئەگەر مێژووی کوردی بکرێتە بنەما ئەمڕۆ دووی ڕێبەندانە و ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی کۆمارە و ئەگەر مێژووی زاینی بکرێتە بنەما سبەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنەکەیە، چونکە لەبەر ساڵی کەبیسە هەندێک ساڵ یادەکە دەکەوێتە ٢٢ی مانگ. لەو ڕۆژەدا لە ساڵی ١٩٤٦، کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا. کۆمارەکە یازدە مانگی خایاند و کۆمەڵیک دەستکەوت و شانازیی گەورەی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد تۆمار کرد . کۆماری کوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕی و شەڕی دووەمی جیهانی تازە کۆتایی پێهاتبوو. وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کە لە جەنگەکەدا سەرکەوتبوون. لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا ئەوەندەی چاویان لە دەستکەوتەکانی جەنگ بوو، بیریان لە گەلە ستەملێکراوەکان نەدەکردەوە.
یەکێتی سۆڤییەت لەو سەردەمەدا بە یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان هەژمار دەکرا و تەنانەت یارمەتیی کۆماری کوردستانیشی دەدا، بەڵام دوای کشانەوەی لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران ئەو یارمەتییانەش لە کۆماری کوردستان بڕان و حکوومەتی پاشایەتیی ئێران دوای گرتنەوەی کۆماری ئازەربایجان کە پایتەختەکەی تەورێز بوو، هەر زوو مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستانیشی داگیر کرد.
ئەو سەردەمەی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستان دامەزرا سەرجەم حکوومەت و دەسەڵاتەکانی ناوچەکە خێڵەکی یان پاشایەتی بوون. لە ئێران ڕژێمی پاشایەتیی پەهلەوی حوکمڕانی دەکرد کە نەک هیچ مافێکی بە گەلی کورد بە ڕوا نەدەبینی بگرە بە توندی سەرکوتی دەکرد و دەیچەوساندەوە. ڕژێمی شا کەوتبووە سەرکوتکردنی گەلانی ئازادیخواز و لەسێدارەدانی لاوانی نیشتمانپەروەر و بە بیانووی جیاواز دەیویست نەتەوەی کورد بتوێنێتەوە و ڕێ لە دەربڕینی هەر جۆرە مافێکی نەتەوەیی گەلی کورد بگرێت.
رەزا شا کە دوو دەیە پێشتر بە کودەتایەکی سەربازی توانیبووی دەسەڵات بگرێتە دەست، لە ساڵی ١٩٢٣ لەژێر کاریگەری مۆدێلی ناسیۆنالیزمی تورکی هەوڵی سڕینەوەی سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی دا کە نەتەوەکانی ناو ئێران هەڵیانگیرساندبوو و هەر لە سەرەتاوە پەلاماری شۆڕشە نەتەوەییەکانی کوردی دا و هەوڵی دا لەناویان ببات.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە یەکێتیی سۆڤییەت و بەریتانیا بەشەکانی باکوور و باشووری ئێرانیان داگیر کردبوو و هێزەکانیان لە قەزوین بە یەکتر گەیشتبوو، دەسەڵاتی تاران بە تەواوی لاواز بوو و بە تۆمەتی یارمەتیدانی نازییەکان، ڕەزاشا لە دەسەڵات دوور خرایەوە و کوڕەکەی واتە محەمەد ڕەزا شا لە جێگەی دانرا. لاوازیی تاران لە لایەک و کرانەوەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخە نوێیە هۆکار بوو لە کوردستان ڕێکخراو و حزبی نوێ و مۆدێرن دابمەزرێن.
کۆمەڵەی ژێکاف لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و لەسەر بنەمای گەشەی هزری نەتەوەیی و بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دامەزرا. سێ ساڵ دواتر کۆمەڵەکە لەسەر بنەمای ڕێکخراوێکی مۆدێڕنتر لە ژێر ناوی حزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و قازی محەمەد بوو بە سکرتێری حزبەکە. چەند مانگێک دواتر لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان لە نێو ئاپۆڕای جەماوەر لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد ڕاگەیەنرا. پێشەوا قازی محەمەد کرایە سەرۆک کۆمار، پۆستی سەرۆک وەزیران بە حاجی بابەشێخ و وەزیری بەرگریش بە سەیفی قازی سپێردرا.
سیستمی سیاسی لە کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی زۆربەی ڕژێمەکانی ئەو سەردەمە سیستمێکی دیموکراسی بوو و لەگەڵ بەها مۆدێرنەکانی حوکمڕانی لەو سەردەمەدا یەکی دەگرتەوە. کۆماری کوردستان کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی لە بواری دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین بەدی هینا.
دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی له‌ کۆمه‌ڵی کورده‌واری و پێگه‌یشتوویی و تێگه‌یشتوویی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی نەتەوەی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو. بۆیەش کۆماری کوردستان له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا توانی له‌ ناوچه‌یه‌ک دا که‌ دانیشتووانەکەی بەدەستی دەسەڵاتدارانی پاشایەتی دەچەوسێندرانەوە، دەسەڵاتێکی دێموکراتیک دابمه‌زرێنێت.
مەلا مستەفای بارزانی لە باشووری کوردستان بە خۆی و هێزەکانییەوە یارمەتی سەرخستنی کۆماری کوردستانی دا و خۆیشی پلەی ژێنێراڵی وەرگرت و کۆمەڵێک شانازی و قارەمانێتی تۆمار کرد. کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی کورتیدا دەستکەوتێکی زۆری هەبوو و توانی هه‌لومه‌رجێکی نوێ بۆ ژیانی سیاسی و کولتووریی و ئابووریی خۆی، بێنێتە کایەوە و چرای ڕێگای خەباتیش بۆ نەوەی داهاتوو پڕشنگدار بکات.
گەلی کورد لەو کاتەوە لە خەباتی بێ پسانەوەدایە و هەوڵ دەدات بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی بگات، بەڵام دووبەرەکیی ناوماڵی کورد لە لایەک و دڕندەیی و بێبەزەییی دوژمنانی کورد لە لایەکی تر، کاریگەریی خراپی لەسەر ئەو هەنگاوانە هەبووە.
لە حەفتا و نۆ ساڵی ڕابردوودا خەباتی گەلی کورد بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و سەرکەوتن و نسکۆدا تێپەڕیوە بەڵام هەرگیز لە خەبات سارد نەبۆتەوە و ئەو تۆوەی قازی محەمەد بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان چاندی، بەرهەمەکانی تا ئێستا دەچنرێنەوە. ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی کۆماری کوردستان دەکرێتەوە کە دیسان دەرفەتی نوێ بۆ گەلی کورد ڕەخساوە و ڕژێمێکی تری ستەمکار و زاڵ بەسەر پارچەیەکی تری کوردستان ڕووخاوە و گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەخوازێت لە چوارچێوەی ڕژێمی نوێی سیاسیی سووریادا کە هێشتا کاتییە و هیچ دەستوورێک نەنووسراوە مافە ڕەواکانی خۆی بەدی بهێنێت.
هەفتەی ڕابردوو مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە کە ڕووداوێکی گرنگ بوو و خەڵکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان دڵخۆش کرد و لە لایەن ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێشوازی لێ کرا. لە باکور گفتوگۆکانی ئاشتی دەستی پێ کردووە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کورد بەگوڕتر لەهەر کاتێکی دیکە تر لەسەرپێیە و داوای مافەکانی دەکات. دوای حەفتا و نۆ ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان کە ئەو کات تەنیا یەک پشتیوانی کاتیی هەبوو، ئەمڕۆ بەشی زۆری وڵاتانی جیهان بە تایبەتی زلهێزەکان پشتیوانی لە کورد دەکەن و ڕۆڵی کورد لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەرز دەنرخێنن و وەک نزیکترین هاوپەیمان لێی دەڕوانن.
تەنیا یەکگرتوویی و هاوگوتاریی هێز و لایەنە سیاسییەکان لە هەر پارچەیەکی کوردستان لەگەڵ یەکتر و پاشان پێوەندیی پتەوی پارچەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتر و کۆبوونەوەیان لەژێر چەتری گوتارێکی نیشتمانی بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی جیۆپۆلیتیکی هەر پارچەیەکی کوردستان دەتوانێت ویستە مێژووییەکانی ئەو گەلە بەدی بهێنێت و پەیام و ئامانجەکانی کۆمار سەربخات کە ئازادی و دیموکراسی و گەیشتن بەو قۆناغەیە کوردیش هاوشێوەی هەر نەتەوەیەکی تر ئاڵای سەربەستیی خۆی بشەکێنێتەوە.