كارزان گلی – ههولێر
خۆسێ ئەلبێرتۆ موخیکا کوردانۆ (بە ئیسپانیایی: José Alberto Mujica Cordano) بەهەژارترین سەرۆكی جیهان ناوی دەركردبوو، لە ٢٠١٠ تا ٢٠١٥، سەرۆكی ئۆرۆگوای (Uruguay) بوو، ئەو تەنیا كەسایەتییەكی سیاسی نەبوو، لە هەمان كاتدا وەكوو پاڵەوانی گەل و فەیلەسووف و مرۆڤدۆست ناوی دەهێنرا.
خۆسێ موخیکا، بەدوای ئەوەوە نەبوو، ژیانێكی شاهانەی هەبێت و هەوڵیشی بۆ نەدەدا، ئەو ژیانێكی سادەی هەبوو و هەموو هەوڵێكیشی بۆ خزمەتی گەل بوو. ٩٠٪ی مووچەكەی بۆ هەژاران تەرخان كردبوو، لە بری ئەوەی لە كۆشكی كۆماریدا بژیێت، یان لە كۆشكێك بژیێت كە هەموو سەرۆكەكانی ئۆرۆگوای لێی ژیاون، ئەو لەگەڵ هاوسەرەكەیدا چوونەوە بۆ لادێ و وەكوو جووتیارێك درێژەی بە ژیان دا و حەزی بەژیانێكی سادە بوو و بەسەیارەیەكی مۆدێل كۆنی ڤۆلكسوەیگن كە نیشانی هەموو دنیای دابوو هاتوچۆی دەكرد و زۆریش دڵخۆش بوو.
خۆسێ، بەژیانێكی زۆر سەختدا تێپەڕیوە و بەردەوام لە خەباتدا بووە، لە تەمەنی گەنجیدا كاری جوتیاری كردووە، لە ١٩٩٠ وەكوو گەریلایەك چووە ناو بزوتنەوەی (توپامۆراس) و دژی رژێمە دیكتاتۆرەکەی ئەوکات دەجەنگان. خۆسێ، كاریگەریی ماركسی زۆر لەسەر بوو، هەروەها ئیلهامی لە شۆڕشی كوبا وەرگرتبوو و ئامانجی بوو كە ئۆرۆگوای بكاتە وڵاتێكی سۆسیالیسی.
پارەی لە دەوڵەمەندەكان دەبرد و بەسەر هەژاراندا دابەشی دەكرد، كاتێك گەریلا بوو، لە بڕینی بانكدا بەشدار بووە، هەروەها خۆراكی بەسەر هەژاران دابەش كردووە. شەش جار بریندار بووە، بزووتنەوەی توپامارۆس، بە نهێنی پزیشكیان بۆی هێناوە و لە مردن رزگاری بووە، لە ١٩٧٠ تا كۆتایی ١٩٨٠، خۆسێ ١٤ ساڵ زیندانی كراوە و ئەشكەنجەی زۆر دراوە، بەڵام كۆڵی نەداوە و لە خەبات و بەرخودان بەردەوام بووە.
لە ١٩٨٥دا، دوای ئەوەی رژێمی دیكتاتۆری ئەوكات كۆتایی پێهات، ئەویش لە زیندان ئازاد كرا، بۆیە هاتە ناو دنیای سیاسەت و لە ١٩٩٤ بووە پەرلەمانتار و پاشان بووە وەزیری كشتوكاڵ.
ئەوكاتەی سەرۆكی ئۆرۆگوای بوو، تەنیا دەستی نەبوو لەوەی ئابووریی وڵات گەورە بكات، بەڵكوو لە ڕووی سۆسیال و هەروەها پەیڕەوكردنی عەدالەت، لەوەی دادگاكان بێلایەن بن، توانیی ئۆرۆگوای بکاتە وڵاتێكی هەرە پێشكەوتووی جیهان.
ئەو دەستێكی باڵای هەبوو لە پێشكەوتنی سیستەمی پەروەردە و تەندروستییشدا؛ لەو ڕووەوە ریفۆرمی گەورەی كرد و ئاستی ئەو كەرتەی گەیاندە ئاستێكی زۆر پێشكەوتوو.
ئەوەی لەگەڵ سیستەمی سۆسیالیستیدا نەدەگونجا نەیدەكرد، تەنیا لەوەیاندا لە سۆسیالیستبوون لای دا، كاتێك رێگەیدا هاوسەرگیری لەنێوان رەگەزی نێر و نێر و مێ و مێدا بكرێت، بڕوای بەوە هەبوو دەبێت مافی ژیان بەوانیش بدرێت.
ئەوەی زۆر گاریگەریی هەبوو بەسەر خەڵك، ئەو بۆچوونە فەلسەفیانەی بوو، كە بە كردار لە ژیانی خۆی و خەڵكدا رەنگی دابووەوە. خۆسێ، هانی خەڵكی دەدا كە لە بری ئەوەی لە ڕووی پارەوە خۆیان دەوڵەمەند بكەن، گرنگە لە ڕووی مەعنەوییەوە خۆیان دەوڵەمەند بكەن، ئەو دەیگوت: ”خۆشبەختی لەناخەوە هەڵدەقوڵێت، لە بری ئەوەی ببیتە خاوەنی پارە و شتی زیاتر، دەبێت فێر بین چۆن دڵخۆش و خۆشبەخت بین.“
ئەو بۆ دنیای سەلماند، كە بۆ ئەوەی ببیتە سەرۆكی گەل و دڵی خەڵك رابكێشیت، پێویستە دروست و سادە بین، هەروەها خۆرێكی ئومێد بوو بۆ خەڵك.
خۆسێ، لە تەمەنی ٧٠ ساڵاندا، لەگەڵ سیناتۆر لوجیا ژیانی هاوسەرایەتیی پێك هێنا، كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ یەك بوون و هەروەها لەوكاتەی سەر بە بزووتنەوەی توپامارۆس بوو، هاوڕێی یەكتری بوونە و هەرگیز یەكیان جێ نەهێشتووە.
كاتێك لە سەرۆكی ئۆرۆگوای نەما، چووە ئەو خانووەی هی هاوسەرەكەی بوو لە گوند و لەوێ ژیانی بەسەر برد تا ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
ئەو ئاتێست بوو، بەڵام مرۆڤدۆست بوو، دەستپاك بوو؛ هەموو سەروەتی خۆی دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆكایەتی كە ١٨٠٠ دۆلار بوو و ئەویشی بەسەر هەژاراندا دابەش كرد.
خۆشەویستیی بۆ مرۆڤ و سروشت هەبوو
خۆسێ، لە ماوەی سەرۆكایەتیدا تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، بەڵكوو لەوەشیاندا سەركەوتوو بوو كە گرنگی زۆری بە مافی مرۆڤ و سروشت و سەوزایی دەدا. ئەو خەڵكی هان دەدا دەستكاری سەوزایی نەكەن، هەروەها هانی خەڵكی دەدا لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە گرنگی زۆر بە كشتوكاڵ بدەن، بۆیە ژینگەیەكی جوانی بۆ وڵاتەكەی دورست كرد و هەروەها لە ڕووی كشتوكاڵیشەوە ئۆرۆگوای گەیاندە ئاستێكی باڵا.
لەبارەی دارستانەوە دەیگوت: ”دارستانە راستەقینەكە تێك دەدەین، لە شوێنی ئەو، دارستانی ساختەی لەناو چیمەنتۆ دروست دەكەین، ئەمە دەبێت كۆتایی پێ بێت.“
ئەو لەبارەی چۆنییەتی ژیانكردن فەلسەفەی تایبەت بەخۆی هەبوو و دەیگوت: ”ئێمە ناژین بۆ ئەوەی زیاتر بەرخۆر بین، ئێمە بۆ ژیانێكی باشتر هێزی خۆمان بەكاردەهێنین“ واتای ئەو گوتەیەی ئەوەیە، دەبێت هەمیشە بەدوای ئەوەوە بین كە دڵخۆش بین و ژیانێكی باشمان هەبێت، نەك هەموو هێزی خۆمان بەكاربهێنن، تەنیا بۆ ئەوەی بژین، بۆیە گوتە و ژیانی سادەی ئەو، كاریگەریی تەنیا لەسەر گەلی ئۆرۆگوای نەبوو، بەڵكوو لە تەواوی دنیادا ئیلهام لە كردارەكانی وەردەگیرا. خۆسێ، پێی وابوو بۆ دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن، پێویست ناكات زۆر كار بكەن و هەموو هێزی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵكوو هانی خەڵكی دەدا كە فێری زانست ببن و هەروەها ژیانێك بژین كە مانای هەبێت، بۆیە دەیگوت: ”هێز مرۆڤەكان ناگۆڕێت، بەڵكوو ناسنامە راستەقینەكەی دەردەخات.“
ئەو هۆكارانەی كە خۆسێی لای خەڵك خۆشەویست كردبوو
یەكەم: ژیانێكی سادە:
هەرگیز بەدوای دەوڵەمەندییەوە نەبووە، ژیانێكی سادەی بۆ خۆی دروست كردبوو و زۆریش دڵخۆش بوو و تەختی لەناو دڵی گەل دروست كردبوو. راستە سەرۆكی وڵات بوو، بەڵام ژیانێكی شاهانەی نەبوو، بەڵكوو لە گوند خەریكی جوتیاری بوو. سەیارەیەكی مۆدێل ١٩٨٧ی ڤۆلكسوایگنی هەبوو و زۆریش پێی رازی بوو و دڵی پێی خۆش بوو، چونكە بەپارەیەكی حەڵاڵ ئەو سەیارەیەی كڕیبوو، نەك سەیارەیەكی مۆدێل بەرزی هەبێت، بەڵام بە دزینی پارەی میللەت ئەو سەیارەیەی كڕیبێت.
دووەم: راست و دروستیی:
گەل بۆیە ئەوی خۆشدەویست، ئەوكاتەی سەرۆك بوو، دروست بوو و درۆی لەگەڵ میللەتدا نەكرد، هەروەها لەخۆبایی بوونی لەناو دڵدا نەبوو و پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ گەلدا دروست كردبوو و گوتەكانی راستەوخۆ دەچووە ناو خەڵك و كاریگەریی لەسەریان هەبوو.
سێیەم: خۆی بە هاووڵاتییەکی ئاسایی دەزانی:
خۆسێ سەرۆكێك بوو لەناو گەلەوە هاتبوو، ئەوكاتەی گەنج بوو بووە گەریلا، خەباتیشی هەموو بۆ یەكسانی و عەدالەت بوو، لەوڕووەوە باجی دابوو و ١٤ ساڵ زیندانی كرابوو، بۆیە لە ئازار و خەمی خەڵك دەگەیشت و خۆی بەیەكێك لەوان دادەنا.
ئەو لە تەمەنی گەنجیدا جوتیار بوو، كاتێك خانەنشینیش بوو، لە كیڵگەكەیدا گوڵی بەرهەم دەهێنا و دەیفرۆشت.
چوارەم: حەزی بە هاوكاریكردنی خەڵك بوو:
مووچەی مانگانەكەی خۆی ٩٠٪ی دەكردە خێر بۆ هەژاران، ئەو تەنیا بە گوتە نا، بە كردار لەگەڵ هەژاران بوو. ئەو هەستی بەوە كردبوو كە لە كۆمەڵگەی ئۆرۆگوایدا نایەكسانی هەیە، بۆیە هەموو هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی لە نێوان هەژار و دەوڵەمەنددا نایەكسانی نەهێڵێت و سەركوتوو بوو تێیدا.
پێنجەم: بوێر بوو و ترسی لە ریفۆرم نەبوو:
لەبەرئەوەی ریفۆڕمی جیدی لە كەرتی تەندروستیی و پەروەردەدا كرد، بۆیە ژیانی ستانداردی گەلی ئۆرۆگوای بەرز كردەوە، هەروەها میدیاكانی جیهان باسیان لەوە كرد، كاتێك بڕیاری دا لە نێوان هاوڕەگەزخوازاندا هاوسەرگیری رێگەی پێ بدرێت، ئەمە بڕیارێكی بوێرانە بوو و هەموو سەرۆكێكی ئەمریكای لاتین ناتوانن بڕیاری لەو شێوەیە بدەن.
شەشەم: رەخنەی لە كاپیتالیزم دەگرت:
رەخنەی زۆری لە كاپیتالیزم هەبوو، پێی وابوو مرۆڤ دەچەوسێننەوە، بۆیە بڕوای بەو فەلسەفەیەی خۆی هەبوو، كە بەرهەمی كەم، بەڵام ژیانێكی بەمانا. ئەو دەیگوت لە دنیای كاپیتالیزمدا، نایەكسانی زۆر هەیە و هەژارەكان دەچەوسێنەوە، بۆیە دەیگوت: ”دەوڵەمەند ئەو كەسە نییە، كە خاوەنی زۆر شتە، دەوڵەمەند ئەو كەسەیە، كە پێویستی بە شتی كەمە.“
حەوتەم: گۆڕینی ژینگەی سیاسی:
خۆسێ، یەكێك بوو لەو سیاسییانەی كە پێیوابوو، سیاسەت هێز نییە، بەڵكوو سیاسەت بۆ ئەوەیە خزمەتی خەڵكی پێ بكەیت. ئەم بۆچوونەی ئەویش تەنیا لە ئۆرۆگوای گرنگیی پێ نەدرا، بەڵكوو لە بەشێكی زۆری جیهاندا گرنگی بەو گوتەیەی درا، كە سیاسەت بۆ خزمەتی گەلە.
هەروەها خالی هەشتەم، گرنگیدانی ئەو سیاسییە بووە بە عەدالەت و یەكسانی لە نێوان گەلی ئۆرۆگوایدا، كە هەموو سیاسیەك ئەوەی پێناكرێت.
ئەو وانەیەی پێویستە لە خۆسێوە فێری بین
ژیان و كاری سیاسی خۆسێ، تەنیا بۆ ئەوە نییە كە وەكوو سیاسییەك یان وەكوو سەرۆكی ئۆرۆگوای بیبینین، نەخێر ئەو فێرمان دەكات كە دەبێت چۆن بژین، وانەیەكە كە فێرمان دەكات ستایلی ژیان دەبێت چۆن بێت، ئەگەر سەیری ژیانی ئەو بكەین، دەبینین كە رووناكییەكە بۆ هەموو كەسێك لە دنیادا، كە ژیان تەنیا پارە و هێز و لەخۆباییبوون نییە، ژیان ئەوكاتە مانای هەیە، بەماناوە بژیت، بۆیە كاتێك لە توركیا لێی دەپرسن دەوڵەمەندی لای تۆ چییە؟ دەڵێت: ”وەكوو كەفی سابوون وایە، دەستت پر كەف دەكات، بەڵام زوو نامێنێت و كۆتایی پێدێت.“
خۆسێ، لە ساڵی ١٩٣٥ لە دایك بووە، لە تەمەنی ٨٩ ساڵی و لە ٢٠٢٤ ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە نووسینێكی نووسەری دیاری توركیا (محەمەد عەلی چیچەكداغ) وەرگرتووە.