ئاوڕدانەوەیەك لە سوورەتی “والمرسلات عرفا”

عومەر چنگیانی
بەشی یەكەم:
لەگەڵ ئەوەی لە هیچ سەرچاوەیەكدا نەهاتووە كە پێغەمبەر ـ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت ـ فەرمووبێتی لە پێش وشەی “المرسلات” وشەی سوورەتی بۆ بنووسن، بەڵام بە گێڕانەوەی دروست چەسپیوە كە یاران ـ خوایان لێ ڕازی بێ ـ هەردەم دەیانگوت:”سوورەتی والمرسلات عرفا.”
جا ئەم سوورەتە كە “پەنجا” ئایەتە و لە ڕێزبەندیدا “حەفتاوحەوت”ـەمی سەرجەمی سوورەتەكانی قورئانە و دوایین سوورەتی جزمی “بیستونۆ”یە و ئاخروئۆخری حزبی “پەنجاوهەشتە” و دادەنرێت بە یەكێك لەو سوورەتانەی كە زۆربەی لە شاری مەكە هاتووەتە خوارەوە و لە نێو ئەو سوورەتانەدا ناوی نەهاتووە كە زیاتر لە ناوێكیان هەیە و یاران – خوایان لێ ڕازی بێ ـ باسیان لەوە كردووە كە لە كاتێكدا هاتۆتە خوارەوە بۆ پێغەمبەرـ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – كە لە نێو ئەشكەوتێكدا بووە لە “مونا”.
مەبەستەكانی سوورەتی “والمرسلات عرفا”
وەك جەنابی “ئیبن عاشوور” لە تەفسیری “التحریر والتنویر”ەكەیدا باسی لێوە دەكات و، ئێمە دركی پێ دەكەین، هاتنەخوارەوەی ئەم سوورەتە بۆ چەسپاندنی چەندین مەبەستی گرنگ و سەرەكی هاتووەتە خوارەوە؛ وەک:
• بەڵگەهێنانەوە لەسەر دروستبوونەوەی گیانبەبەراكراوان دوای لەناوچوون و تێكچوونی باری ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە.
• ئاماژەدان بە هەندێك لە نیشانەكانی نەمانی ژیان و تێكچوونی هەسارەی زەوی.
• باسكردن لە ـ بە لە پێش چاوگرتنی بوون و دروستبوونی یەكەمین جاری خەڵك ـ ئاسانێتی سەرلەنوێ زیندوكردنەوە و هێنانیان بۆ ژیانێكی تر.
• ترساندنی بیبڕوایان بە ڕۆژی دوایی و باسكردن لە هەندێك لە سەختییەكانی ئەو ڕۆژە.
• ئاماژەكردن و ترساندنی بێبڕوایان بە باسی نەتەوە و گەلانی پێش خۆیان، وەك جۆرە بیرهێنانەوە و بە دوور نەزانینی سەرلەنوێ دووبارەبوونەوەی هەمان شێوە سزای خوایی و توندتریش.
• بانگەشەكردن بۆ شوێنكەوتنی ئایینی ئیسلام و لەبەر ڕوونیی بەڵگەكان لەسەر راستێتییەكەی، بڕواهێنان بە قورئان.
سەرەتای سوورەتەكە بە”واو”ی سوێند دەست پێدەكات و وەك هەر جارێكی تریش باسم كردووە، سوێندخواردنی خوا بە هەرشتێك بۆ هەر حیكمەتێك كاری خوایە و سوێندخواردنی ئێمە بە بەدەر لە ناوەكانی خوا و قورئان كە گوتەی ئەوە، دروست نییە و هیچ بەهایەكی شەرعیی نییە و تەنانەت هەر ئەوەیشە كە هەمیشە من ڕێگا نادەم هەر سوێندێك بە تەڵاق بخورێت، بە تەڵاق دابنرێت.
خوا گیان لە سەرەتای ئەم سوورەتەیشدا بە سوێندخواردن بە “با” و “فریشە” دەست پێ دەكات و دەفەرمێت:
“سوێند بەو “با”یانەی بە بەردەوام و لە دووی یەك لە كاردان و گژ و گیا و پووش پەڵاش تاووتوێ پێدەكەن، یاخود سوێند بەو بایانەی بە فەرمانی خوا دەبنە هۆكاری پەخشكردنی كاری باش لە دووی یەك و، لە هەمان كاتیشدا دەكرێ “عصفا” بە مانا تەفروتووناكردن بێت وەك لەناوبردنی نەتەوەكانی پێش خۆمان.”
“سوێندیش بە “فریشتە” كە میهرەبانی پەخش دەكەن لە نێوان بەندەكان و جیاوازییەكان كە خوا فەرمانیان پێ دەدات دروست دەكەن و ئەو شتانەی دەبنە هۆی خوابیرهێنانەوە دەنێرنە خوارە و، ئیتر پۆزشهێنانەوە بێت بۆ ئەوانەی تەوبەیان كردووە یاخود ترساندن بۆ ئەوانەی بەردەوامن لە گوێپێنەدان.”
چەند خاڵێك لەسەر ئەم شەش ئایەتە:
• وەك هەندێك لە خاوەن تەفسیرەكان دەڵێن مەبەست لە هەر هەموو ئایەتەكان سوێندخواردنە بە فریشتە كە هەموو ئەو سیفەتانەیان هەیە.
• دەكرێ سوێندخوارنەكە بە “با” و سیفەتەكانی “با” بێت.
• دەكرێ ئایەتی یەكەم و دووەم مەبەست لێیان “با” بێت و، ئایەتی “سێ و چوار و پێنج و شەش” مەبەست لێیان فریشە بێت.
• ئەوكەسەی شتێك لە زمانی عەرەبی تێبگات دەزانێ “عەتف”كردن بە”واو” و “فا” جیاوازییان هەیە و بە “واو” وەك یەكییە و بە “فا” بۆ جیاوازییە، كەواتە ئایەتی یەك و دوو بە “واو”ە بۆ باسكردنە لە یەك جۆر و، چوارەكەی تریش بۆ باسكردنە لە جۆرێكی تر.
• لە باسی “با”دا ئەوەندەی زانست باسی لێ دەكات و توێژینەوەمان پێ دەدەن باسكردنە لە شتێك كە خۆی هەیە واتە “با”ی دروست بوو، بەڵام پرسیارەكە ئەمەیە كێیە “با” دروست دەكا و بەڕێوەی دەبات؟
ماویەتی….