جارێکی دیکە دروستبوونی لافاو لە هەولێر زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە، 20 تیم خەریکی خەمڵاندنی زیانەکانن، بە گوێرەی زانیارییەکان 200 ماڵ زیانیان بەر کەوتووە، کە تەنیا لە زیلان سیتی ئاو چووەتە 120 ماڵ، لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە ئەوە سێیەمین لافاوهەستانە لە هەولێر. سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێرەوە دەکات و داوا دەکات هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان بکرێت.
تیمەکانی ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا، شارەوانی، بەرگریی شارستانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستیان بە پاککردنەوە و لادانی پاشماوەکانی لافاو کردووە؛ 20 تیم سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکان و تۆمارکردنی زیان لێکەوتووانن کە بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 200 خانوو ئاو چووەتە نێویانەوە 120 دوکان و عەرەبانە و چەندین ئۆتۆمبێل و کۆگای کەرتی تایبەت زیانیان بەر کەوتووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام کار دەکات و لە هەر شوێنێک پێویست بێت بە هانای خەڵکەوە دەچن و یارمەتییان دەدەن.
لە دوو مانگی رابردوودا، سێ جار لافاو هەستاوە و ئاو پەنگی خواردووەتەوە، زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی 30/10/2021 قەرەبوو کراونەتەوە، زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی 17/12/ 2021 کە زیانەکانیان بە 21 ملیار دینار خەمڵێنراوە تۆمار کراون و ئامادەن بۆ قەرەبوو کردنەوە، زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەمجارەش چاوەڕوانی قەرەبووکردنەوەن.
لەبارەی رەوشی هاووڵاتییان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاو لە هەندێک گەڕەکی هەولێر، سەرۆک بارزانی، پەیوەندیی بە پارێزگاری هەولێرەوە کرد و رایگەیاند، هەرچی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بکرێت.
لای خۆییەوە پارێزگاری هەولێر، رەوشی شاری هەولێر و ئەو شوێنانەی بە هۆی رێژەی زۆری باران بارینەوە دووچاری گردبوونەوەی ئاو هاتوون، روون کردووە، پرۆسەی فریاکەوتن و بە هاناوەچوونی تیمەکانی فریاگوزاریی و فەرمانگە خزمەتگوزراییەکانی بۆ سەرۆک بارزانی باس کرد.
دووپاتیکردووە، تەواوی دامودەزگا و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ پاراستنی سەلامەتیی سەر و ماڵ و گیانی هاووڵاتییان لە ئامادەباشیدان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵمان لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەنجامدانی هەرچی پێویست بێت لە هاوکاری و یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان.
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی بارانی بەخووڕ لە هەولێر و کۆبوونەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی پایتەختی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جارێکی دیکە بارانی بەخووڕ لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی لە چەند گەڕەکێکیشاری هەولێر و دەوروبەری ئاو کۆببێتەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئاو لە هەندێک شوێن پەنگی خواردووەتەوە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی وەکو دوو رووداوەکەی پێشوو لە 30ی 10 و 17/12/2021، ببێتە لافاو، داواکارین لە هاووڵاتیان لە هەر جێگایەک هەستیان بە مەترسیی کرد، دەتوانن پەیوەندی بە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بکەن بۆ بەهانەوەچوونیان.”
سەبارەت بە لافاوی 30/10ی ساڵی رابردوو ئومێد خۆشناو رایگەیاند، وەکو پێشتریش رامانگەیاند تەواوی قەرەبووەکان تەواو بووە، سەبارەت بە لافاوی 17/12ی هەمان ساڵ هەم کەمپین بەردەوامە، جەردەکان تەواو بووە، زیانەکان دەستنیشان کراون، لە حکوومەت سەرقاڵی ئەوەین، جگە لەتەواوبوونی کارەکانی کەمپین، بە پشتیوانیی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت بودجەیەکی دیکەش دیاری دەکرێت و ئامادەکاری بۆ دەکرێت، لێرەوە بە رای گشتی رادەگەیەنین پرۆسەی قەرەبووکردنەوەیان هاوکاریی ئەو خەڵکانەی لە لافاوی دووەم زیانیان بەر كەوتووە بە چ جۆرێک دەبێت و هاوکارییەکان دەست پێ دەکات.