مەزڵوم عەبدی: سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی قسەی کردووە و دەڵێت : سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت

مەزڵوم عەبدی، دەڵێت : دیدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بوو، داوام لە سەرۆک بارزانی کرد نێوەندگیریی بۆ وەستانی هێرشەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەردانەم بۆ لای سەرۆک بارزانی پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سووریا و زامنکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا هەیە، ئەم بابەتە بۆ هەموو کورد و بەر لە هەموویان بۆ سەرۆک بارزانی گرنگە.
وتیشی : هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەمان هەیە، سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت، لە کۆبوونەوەکەمان باسمان لە گرنگیی یەکدەنگیی کورد کرد بۆ ئەوەی بە یەک شاند بچینە دیمەشق، سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان گرنگیی بەم بابەتە دەدات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: داوام لە سەرۆک بارزانی کرد کێشەمان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات، چونکە هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی سەرۆک بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیە، دەشڵێت: سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت و متمانەم پێی هەیە.