بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەھۆکاری سەرەکیی کردەوە تیرۆریستییەکان دادەنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە ھۆکاری سەرەکیی ھێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش و کردەی تیرۆریستی گرووپەچەکدارە لە یاسا دەرچووەکان دادەنرێن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، تەواوی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان چارە دەبن.

بۆشای ئەمنی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە، ئەو ناوچەی پێی دەوترێت بۆشای ئەمنی بە درێژای ٥٦٠ کیلۆمەتر ھەیە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئەو کات کە ناکۆکی کەوتە نێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، لەو ناوچانە نە ھێزی پێشمەرگە ماوە، نە سوپای عێراق، زۆرجار گرووپە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە دەرفەتیان لەو بۆشایە ئەمنییە وەرگرتووە، چەندین کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە، لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕیار درا دوو لیوای ھاوبەش دروست بکرێن لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی پێکەوە بە ھاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوەببن و لەژێر کۆنترۆڵیاندا بێت، بەڵام تا ئێستا لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە حەشدی شەعبی و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان و چەکدارانی داعش لەو ناوچانە ھەن، ھەمیشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ھۆشداری لەو بارەیەوە دەدرێت لەوەی ئەو بۆشاییانە بوونەتە ھۆی چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژی گرووپ و ھێزە چەکدارەکان.
کورد داوا دەکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی کە ھەیە پڕ بکرێتەوە و لیوا ھاوبەشەکان بەڕێوەببەن بۆ ئەوەی گرووپی تیرۆریستی نەتوانن ھێزی خۆیان بوەشێن و لەو ناوچانە نەمێنن.
سەبارەت بە پڕنەکردنەوەی ئەو بۆشایە ئەمنییە، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی لایەنە پێکھێنەرەکانی حکوومەتی عێراق دەکرێت، چونکە لایەنە کوردییەکانی بەشدار لە ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە یەکێک لە خاڵەکانی مەرجی بەشدارییان لە حکوومەتی ئێستای عێراق، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خاڵە وەکو زۆرینەی خاڵەکانی دیکەی تایبەت بە کورد لەو ھاوپەیمانێتییە جێبەجێ نەکراوە.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە ٢٠١٤ـەوە ھاوکاری سەرەکی ھێزە عێراقییەکانن بۆ لەناوبردنی داعش بەردەوام جەخت لەوەدەکەنەوە، تارمای داعش بە ئاسمانی عێراقەوە نەڕەویوەتەوە و ھەردەم توانای دەستوەشاندن و گورزی قورسیان ھەیە، ھەر بۆیە قسەکردن لەسەر کۆتایھاتنی داعش ھێشتا زۆری ماوە.
ماددەی ١٤٠ سێ قۆناغە، یەکەم قەرەبووکردنەوە، پاشان ئاسایی کردنەوە و دواتر سەرژمێری، بریار بوو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ ھەرسێ قۆناغەکەی جێبەجێ بکرێت، لە ھەر سێ قۆناغەکەی ماددەی ١٤٠، تاکو ئێستا ٢٠%ـی قۆناغی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ نەکراوە.
محەممەد سەلام، شارەزای بواری سەربازیی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک بوو، لەو ماوەیەدا یەک کردەوەی تیرۆریستی لەو ناوچانە ڕووینەداو خەڵکی ئەو ناوچانە بە ئازادانە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەژیان و ڕۆژانە کار و کەسابەتیان دەکرد و ھیچ کێشەیەکیان نەبوو، بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی لەو ناوچانە ڕوودەدەن، حکوومەتی فیدراڵ بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانی نەکردووە، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە شانە نووستوەکانی داعش لەو ناوچانە ھەبن و زیان لە ھێزەکانی عێراق بدەن و خەڵک نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەلام، گوتیشی: پێویستە ھەندێک بنکەی ھاوبەش ھەبن بۆ پاراستنی بۆشایی ئەمنیی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حکوومەتی عێراق ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بەو ئاراستەیە نەناوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: بەردەوامبوونی چالاکییەکانی داعش کۆمەڵێک ھۆکاری ھەیە، ھۆکارە سەرەکییەکەی کەوتووەتە ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنی ھەیە، چونکە تا ئێستا دوو لیوا ھاوبەشەکە دەست بەکارنەبوونە بۆ ئەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ بکەنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، باسی لەوەش کرد، ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی ھەیە ھێزەکانی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپاشی لێیە، بەڵام بەھۆی نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان ئەم ھێزانە داعش زۆر جار بە دەرفەتی دەزانێت کە لەو ناوچانەدا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدات.
ھاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژەی بەوەشدا، ھەموو کاتێک داعش مەترسییە لەسەر عێراق و بە تایبەت لەسەر ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنیی ھەیە، بە دەستبەکاربوونی دوو لیوا ھاوبەشەکە، ھاووڵاتی و جووتیاران بە ئاسانی دەتوانن لەو ناوچانە بە ئازادی خۆیان ھاتووچۆ و کاری خۆیان بکەن.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیاتر گوتی: جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠، جیاکاری و کێشە دروست دەکات، ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، تەواوی کێشەکانی ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان و ئیدارەی ھەرێم چارە دەکرێن.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، پێشتر بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاندبوو، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە زیاتر لە نەوەد و دوو ھەزار کەسی عەرەب براونەتە کەرکووک و نیشتەجێ کراون.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەوەشی گوت: کاتی ئەوەیە کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق چارە بکەین، چونکە کێشەکان زۆرن ئەگەر چارەیان نەکەین، بە ھەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.