كارزان گلی – ههولێر
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ئاكەپە شارەوانیی ئیستانبۆڵی دۆڕاند و بۆ جاری دووەم ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە، بووەوە بە سەرشارەوان (سەرۆكی شارەوانی)، هەروەها لە ئەنجوومەنی شارەوانیی ئیستانبوڵیش جەهەپە بووە زۆرینە، لە كاتێكدا پێشتر لەو ئەنجوومەنە، ئاكەپە و مەهەپە زوورینە بوون. بەڵام قەیومكردنی شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە، ترسێكی گەورەی لای ئەو پارتە دروست كردووە، بەوەی نۆرەی قەیومكردنی ئیمامئۆغڵوش دێت.
لە چەند رۆژی رابردوو، رەزا ئاكپۆڵات، سەرۆكی شارەوانیی بشیکتاش، لەسەر لیستی جەهەپە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا، پاشان شارەوانییەكەی قەیوم كرا.
ئاكپۆڵات، تۆمەتی ئەوەی دراوتە پاڵ، بەنهێنی كاری بۆ پەكەكە كردووە، هەروەها لە چەند پڕۆژەیەكدا گەندەڵی كردووە، بەڵام جەهەپە هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و دەڵێت، هەموو ئەو شارەوانییانەی ئاكەپە بە هەڵبژاردن دۆڕاندویەتی، دەیەوێت بە قەیوم بەدەستی بهێنێتەوە.
سێ مانگ بەر لە ئێستاش، ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەن یورت، كە گەورەترین شارەوانیی ئیستانبۆڵە، لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیر كرا و شارەوانییەكەشی قەیوم كرا، وەكوو ئەوەی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە باسی دەكەن، وەزارەتی ناوەخۆ بەردەوام دەبێت لە قەیومكردنی شارەوانییەكان، ئەگەر تۆمەتی تیرۆریان درابێتە پاڵ.
شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، ئامانجە گەورەكە بۆ ئیمامئۆغڵوە، چونكە دۆسیەی ئەویش لە دادگایە و رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا دادوەر بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات.
دەستگیركردنی ئۆزەر و قەیومككردنی گەورەترین شارەوانیی ئیستانبۆڵ، جەهەپەی هان نەدا تا خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجام بدات و هەروەها دژی قەیوم بوەستێتەوە، بۆیە ئەم بێدەنگییە بووە هۆی ئەوەی، شارەوانیی بشیکتاشیش قەیوم بكرێت.
دۆسیەی ئیمامئۆغڵو شەش ساڵە لە دادگایە، تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ، لەناو شارەوانییەكەیدا چەندین كەسی سەر بە پەكەكەی دامەزراندووە، هەروەها لە ٢٠١٩ كاتێك لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردن بردیەوە، ئاكەپە ئەنجامەكەی رەت كردەوە، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنیش بڕیاری دا هەڵبژاردنی لە ئیستانبۆڵ دووبارە بكرێتەوە، ئەوكات ئیمامئۆغڵو بە كۆمیسیۆنی گوت ”ئەحمەق“، ئەمەی لەسەر گەورە بووە و داوا دەكرێت لە سەرۆكایەتیی شارەوانی دوور بخرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەگەر زۆرە، ئیمامئۆغڵو سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر بسەپێنرێت، هەروەها قەدەغەی سیاسەتیشی لەسەر جێبەجێ بكرێت.
ئیسماعیل سایماز، رۆژنامەنووسی بێلایەن لە توركیا، دەڵێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی لە توركیا، تاكە بەربەستی بەردەم ئەردۆغان، ئەكرەم ئیمامئۆغڵووە، بۆیە لەرێگەی دادگاوە ئەو بەربەستەش لا دەدات.
ئیمامئۆغڵو، دوای دەستگیركردنی ئاكپۆڵات و قەیومكردنی شارەوانیی بشیکتاش، بەخۆی كەوتووە و چەند كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام داوە و هۆشیاری دەداتە ئاكەپە، بەوەی دەست لەو یارییە ناشرینە هەڵبگرن، ئەوان ناترسێن و بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی حكوومەت و ئامانجیشیانە دەوسەڵات بگرنە دەست.
ئیمامئۆغڵو، دوو جار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، لە بەربژێری ئەردۆغانی بردەوە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیدا، دەبێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن و بە ئەگەرێكی زۆرەوە، كورسی سەرۆكایەتیی دەباتەوە، بۆیە ئەردۆغان لە رێگەی قەیومكردمی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ گەمارۆی ئیمامئۆغڵوی داوە و دەیەوێت هەر لە رێگەی دادگا و تۆمەتباركردنی بە چەند دۆسیەیەك، لە سەرۆكایەتیی شارەوانی دووری بخاتەوە و هەروەها قەدەغەی سیاسەتیشی لەسەر جێبەجێ بكات.