چۆنایه‌تیی گه‌شه‌كردنی ئابووری

گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری له‌ دیدی كۆمه‌ڵناسییەوە گوزارشته‌ له‌ زۆربوونی به‌های كاڵاكان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی رێكخراو له‌ كایه‌ی ئابووری و فراوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی ئابووری.

هه‌رچه‌نده‌ تێگه‌یشتنی هه‌مه‌چه‌شن له‌باره‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری به‌گویره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆییه‌كان هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ و جڤاتێك به‌ تێگه‌یشتنی هه‌مه‌چه‌شن له‌باره‌ی ئابووری و چۆنیه‌تیی گه‌شه‌سه‌ندنی لێی بڕوانن، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی كایه‌یی ئابووری هه‌یه‌، ده‌كرێ بڵێی، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ هۆكارێكی هاوبه‌ش هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ كاریگه‌رن له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی ئابووری له‌ چه‌ند خاڵێكدا پوخت بكه‌ینه‌وه‌؛
یه‌كه‌م/ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌:
ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌ره‌سته‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كان له‌ ئێستا سه‌رباری ئه‌وه‌ی كۆمه‌لێ كاریگه‌ری نه‌رێنییان له‌ گۆڕینی هه‌ندێ كولتوور و ورده‌ كولتووری كۆمه‌ڵگه‌ و جڤاته‌ مرۆییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا كاریگه‌رییه‌ ئه‌رێنییه‌كانیشی كه‌م نیین، بۆیه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئاست و كایه‌ی ئابووری، ته‌كنه‌لۆژیا رۆڵی باڵای هه‌یه‌ له‌ به‌ره‌وپیشبردنی ئابووری و فراوانكردنی پانتاییه‌كانی سوودوه‌رگرتن لێی له‌ پێناو زیادكردنی به‌رهه‌م.
دووه‌م/ دابه‌شكردنی كار و پسپۆڕیبوون له‌ ئه‌ركه‌كان
لێره‌دا ده‌كرێ بڵێین كۆمه‌ڵگاكان به‌درێژایی مێژوو ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ به‌ره‌و گه‌شه‌ی زیاتر و قووڵتر ده‌ڕۆن و فشاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌چه‌ و پره‌نسیپانه‌ زیاتر ده‌بن كه‌ ده‌گمه‌نن. هه‌ر بۆیه‌ دۆكایم پێیوایه‌ هه‌ر كات ئه‌و فشار و ململانێیه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ ژیان زیاتر بێت، پسپۆڕیبوون و دابه‌شكردنی كاریش زیاتر ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ ئه‌م سه‌رچاو سنوردارانه‌ له‌به‌رده‌ست چه‌ند كه‌سێكی زیاتردا بێت. هه‌ركاتێ پله‌به‌ندی چالاكییه‌ كه‌سییه‌كان له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ پسپۆرن له‌ كاره‌كه‌ی خۆیان زیاتر بێت، كۆمه‌ڵگا له‌ ڕووی بونیادی و ئه‌ركییه‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێت.یه‌كانگیری میكانیكی كه‌ به‌گوێره‌ی لێكچوون و ویژدانی به‌كۆمه‌ڵی به‌هێز بیناكراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر شوێن و پێگه‌ی خۆی به‌و دابه‌شكردنی كاره‌ ده‌دات كه‌ به‌رهه‌می یه‌كانگیرییه‌كی ئۆرگانیكییه‌. ئه‌م یه‌كانگیرییه‌ ئۆرگانیكییه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ستیی دوولایه‌نه‌ی تاكه‌كان و گرووپه‌كان به‌یه‌كتره‌وه‌ دروست ده‌بێت.یاسایه‌كی مه‌ده‌نی شوێنی یاسای سه‌پێنه‌ر ده‌گرێته‌وه‌، یاسایه‌ك كه‌ ئیتر به‌دوای ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ بۆ ئه‌و دۆخه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یاسا له‌ هه‌موو بواره‌كان به‌ شێوه‌ی هێڵی كاری خۆی كبات. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌دگاری په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگای ساده‌ و بچووك و خێڵه‌كییه‌وه‌ كه‌ یه‌كگرتوو و پڕن له‌ لێكچوون و ویژدانی به‌كۆمه‌ڵ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن و جیاواز و پیشه‌سازی ده‌ڕوات. یه‌كگرتووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی تاكه‌كان و ئه‌و بونیادانه‌یه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌وه‌ هاتونه‌ته‌ كایه‌وه‌.
سێیه‌م/ به‌كارهێنانی میتۆده‌ تازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان
به‌رهه‌مهێنان ڕۆژ له‌ دوای رۆژ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و پێشده‌كه‌وێت، بۆیه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ میتۆدی تازه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان به‌كارده‌هێنن، ئاسته‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورییان رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام له‌و وڵاتانه‌ی شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان هێشتا هه‌ر كلاسیك و كۆنه‌، ده‌بینین له‌ رووی ئابووری هیچ پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆیان به‌ خۆیانه‌وه‌ نه‌بینیوه‌.
چواره‌م/ زیادبوونی هێزی كار
هێزی كار بڕبڕه‌ و سه‌رچاوه‌ی به‌ره‌وپیشبردن و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورین له‌ هه‌ر وڵاتێكدا، بۆیه‌ ده‌بینین وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان به‌رده‌وام به‌دوای زیادكردنی هێزی كاره‌وه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ رێگه‌خۆشكه‌ره‌ تاكو بتوانن له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ پێشبكه‌ون، له‌ راستیدا ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ كاریگه‌ریی به‌رچاویان له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری هه‌یه‌.
پێنجه‌م/ دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و خاوه‌كان
ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تایی و خاوه‌كانی تیایه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی پێشكه‌وتن و زیاتر گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورییان زیاتره‌، له‌ به‌راورد به‌و وڵاتانه‌ی كه‌ هیشتا هیچ سه‌رچاوه‌ی كانزایی و خاویان تیا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كه‌ره‌سته‌ خاوه‌كان بنه‌مای دروستكردن و به‌رهه‌مهێنانن، هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو وڵاتان میكانیزم و ئامرازی جیاواز ده‌گرنه‌ به‌ر تاكو كه‌ره‌سته‌ی خاو له‌ هه‌ر بوارێكدا بدۆزنه‌وه‌.
شه‌شه‌م/ گواستنه‌وه‌ی كاڵا و ئاسانكاریكردن
گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كاڵایانه‌ی له‌ هه‌ر وڵاتێك به‌رهه‌مهدێت، گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌، چونكه‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی به‌رهه‌مه‌كان، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ به‌رهه‌مه‌كان بره‌وی زیاتری هه‌بێت و كاریگه‌ریی زیاتر له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری دابنێت، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌رووی گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان ئاسانكاری زۆر و هه‌مه‌چه‌شنیان كردووه‌، زیاتر پێشده‌كه‌ون و په‌لوپۆ ده‌هاوێژن.

ھەواڵی زیاتر