شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و تاوتوێکردنی هەمواری بودجە؛ دەچێتە بەغدا.
ئێواری ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-01-2025، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی و ئەندامێتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ دەگاتە بەغدا.
ئامانجی سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تاوتوێکردنی هەمواری بودجەی گشتیی عێراقە کە تاوەکوو ئێستە دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، سبەینێ دووشەممە، 20-01-2025، کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەتی فیدراڵی دەست پێ دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر، سەرۆک فراکسیۆن و نوێنەرانی کورد لە بەغدا،ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران کرد.
لە میانی کۆبوونەوکەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، چی دیکە ئەم مامەڵەیەی ئێستەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەن و دەبێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بکرێتەوە.