چۆڵەوانی!

هیچ شتێک لە وێستگەکە نەماوە
جگە لە تارمایی گلەیی و
پاشماوەی نیگەرانیی و
شوێنپێی خۆخواردنەوە
هیچ شتێک لەوێ بەجێ نەماوە
بێجگە لە سووتووی خەم و
خۆڵەمێشی برین و
تەپوتۆزی ئازار
هیچ بەجێ نەماوە هیچ
جگە لە سێبەری چرا و
ڕەنگی ڕژاوی سەرما و
دەنگدانەوەی بێتاقەتی
هیچی لێ نییە هیچ
بێجگە لە شەوی درێژ
ڕۆژی تەمگرتوو
هەفتەی تاریک
مانگی ڕەش
وەرزی تاڵ و
ساڵی شەکەت
وێستگەکە پڕە لە تاتەشۆر
پڕە لە دارەباز
پڕە لە کفن
پڕە لە کێل
هەر هەنگاوێک و بەسەر تەرمێکدا دەکەویت
تەرمی پەپوولە
تەرمی تاریکی
تەرمی گەڵا و
تەرمی گۆرانی
سێبەری ڕێبوارێکی هەترەش چوو
وەک سەربازێک کە لە سەفەری جەنگێکی دوور و درێژ و
بەناو دارستان و ترسدا گەڕابێتەوە،
ڕەنگی پەڕیوە
جانتایەک چیڕۆکی کوشتنی بە کۆڵەوەیە و
چاوەڕوانی گەیشتنی پاس،
نا، شەمەندەفەرێک دەکات
هەر بەپێوە وەنەوز دەدات و
دواجار بە دەم کروشکەکردنەوە خەوێکی قووڵ دەیباتەوە
ڕۆژ دەبێتەوە و
گالیسکەیەکیش بەو ناوەدا گوزەر ناکات
چاوەکانی هەڵدەگڵۆفێت و دەبینێت
نە شەقامێکی قیڕ و
نە ئاسنەڕێ و
نە بزنەڕێ
وێستگەیەکە لە بۆشایی
نە پێیەکی لەسەر زەوییە و
نە دەستیشی بە لقی ئاسمانەوە گرتووە
شۆک دەیگرێ،
لەم فەزا بێ هاوار و بانگەدا
لەم چۆڵەوانییە بێ وەرز و ڕەنگەدا
چۆن جێی ئەم هەموو (خەم و خۆخواردنەوە، برین و ئازار، سێبەر و سەرما، تەم و تاریکیی، تاڵیی و تارمایی، تەرم و تاتەشۆرە) لەناو جانتای پڕ لە چیڕۆکی کوشتندا بکاتەوە؟

ھەواڵی زیاتر