دووشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2025، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی زیاتر لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەخاتە ڕوو، کە تایبەت بوو بە پاراستنی ژینگەی هەولێر و دهۆک.
پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند “لە ئەمڕۆوە هەموو ئەو پاڵاوگانەی نەوت و کارگانەی ژینگە پیسدەکەن دادەخرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر پاڵاوگەیەک یان کارگەیەک بیەوێت کاربکات، دەبێت پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و حکوومەت بێت”
پارێزگاری دهۆک گوتی: “بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆکمان ڕاسپاردووە بۆ دەست بە سەرداگرتنی هەموو ئەو ئۆتۆمبیلانە کە دووکەڵی ڕەش بڵاودەکەنە و دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە، داواش لە هاووڵاتییان دەکەین، هاوکارمان بن بۆ خاوێنڕاگرتنی ژینگە.”
عەلی تەتەر ئاماژەشی دا ”هەڵکردنی ئاگر لە نێو بازاڕ بە هەموو شێوەیەک بۆ هەموو کەسێک قەدەغەیە. بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی دهۆکمان ئاگادار کردووەتەوە هەر کەسێک لە نێو بازاڕدا ئاگر بکاتەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.”
هەروەها گوتیشی: “هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو جووتیارانەی کە بە ئاوی پیس بەرهەمە سەوزایییەکانیان ئاو دەدەن و لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشن.”
پارێزگاری دهۆک ڕاشیگەیاند “خاوان مووەلیدەکان دەبێت بەنزینێکی خاوین و باش بۆ مووەلیدەکانیان بەکار بهێنن و ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی دووکەڵی ڕەش لە نێو شاردا بکەن، هەر کەسێک پابەند نەبێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.”
هاوکات، لە کۆبونەوەکەی دوێنێ یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەن بڕیارێکی لەبارەی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک دا.
بڕیارەکان بریتین لە:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی مووەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت .