خوێندنەوەی: ئاری ئاغۆک
بیرەوەریی بەنگلادیشییەک، ناونیشانی کتێبێکی تازەی نووسەرو ڕووناکبیر (زیرەک کەمال)ـە کە لە ڕێگەی کۆمەڵە و وتارێکی تەنز ئامێزەوە، پەیامێکی کۆمەڵایەتی، بەتێکهەڵكێشکردنی (واقیع و خەیاڵ) ڕاستیەکانی ئەودیو پەردەوە بۆ خوێنەر دەخاتە ڕوو، لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی گشتگیر بۆ دیوی دووەمی ناوەڕۆک و پەیام و دیدگای نووسەر دەربارەی ئەم کتێبە بکەین.
کتێبی بیرەوەریی بەنگلادیشییەک (٢٥٢) لاپەڕە یە، لە سێ بەش پێک هاتووە، بەشی یەکەم کۆمەڵەوتارێکە بە ناونیشانی (نامەکانی کلارک)، بریتین لە ٣٣ نامەی جیاجیای تەنز و جدیەت کە لە هەر نامەیەکدا پەیامێک دەخاتە زەین و زهنی خوێنەر، (کلارک) خەڵکی ووڵاتی بەریتانیایە، لە کاتی نووسینی نامەو یاداشتەکانی ماوەی ٣ ساڵە لە کوردستانە، کە بەئامانج و کاری جیاجیا لە کوردستان ماوەتەوە، بەدیدگای (کلارک) ئەو وڵاتە بەشێکە لە نیشتمانێکی گەورەتر کە پێی دەڵێن (کوردستانی گەورە) و لە دەرەنجامی زڵم و ستەمی وڵاتانی زلهێز و دەستڕۆیشتووی جیهان، بە بەریتانیا خۆیشیەوە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر بەش کراوەتە سەر چوار دەوڵەتی دراوسێ!
کە بە شێوەی نامە و یاداشت، جارجارە دەینووسێتەوە و بۆ (کریستینیا)ی هاوسەری دەینێرێ، ئێمەی خوێنەریش لە گۆرینەوەی یاداشتی نێوان ئەم دوو هاوسەرە دەچینە نێو قووڵایی مەبەستە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتووری و دابونەریتەکانەوە.
دەسپێکی ئەو نامەیەی (کلارک) بە مێژوو و زڵم بەرامبەر بە گەل و خاکی کوردستان دەستی پێکردووە، لەگەڵ ئەوەی خۆناسینی سەرەتاو دەسپێکی (کلارک)ـە، بەڵام بەمەفهومێکی گەورەو بەڕەهەندێکی سیاسی و کلتووری دەستی پێکردووەو تا کۆتایی نامەی یەکەم باس لەو غەدرە سایکۆلۆژی و نەتەوەییە دەکات کە بەداخەوە بە درێژای مێژوو لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە ئاراستەی نەتەوەی کورد کراوە و قۆناغ دوای قۆناغ زێتر بەسەریدا سەپێندراوە! بۆیە لە یەکەم نامەدا ڕاستەوخۆ ئاشنا دەبین بە ڕابردووی خەڵکێک و نەتەوەیەک ئەویش کوردن و خەڵکی کوردستان کە یەکەم پرسیار لای (کلارک) ئەوەیە ئایا بۆچی کوردەکان ئەوپەڕی ڕێزی غەریبە و بیانی دەگرن، بەڵام لەناو خۆیاندا ناتەبا و ناحەزی یەکترن!
ئیدی نامەکانی (کلارک) بەردەوام دەبن کە لە هەر گۆشەیەکدا دەردەدڵ و واقیعیەتێک دەخاتە ڕوو، لە نامەی پێنجەم بە ناونیشانی (زیادەڕۆیی) کە لە لاپەڕە ٢٩ تا ٣٢ بڵاوبۆتەوە، لە دوادێڕەکانی ئەم نامەیە دەڵێت: بەشی زۆری کوردەکان لە خواردنیش تابڵێی زۆرخۆرن و هیچ حساب بۆ باری تەندروستی و جەستەیی خۆیان ناکەن، ئێوارەیەک داوەتی کوردێکی هاوڕێم بووین، کە لە هەموو دنیا جەمی ئێوارە خواردنێکی سووک و سادەیە، لەو داوەتە ئێمە ژمارەمان حەوت کەس بوو، کەچی سفرەکە (عەلەشیشێک، دوو مریشکی سوورەوەکراو، دوو ماسی و دووجۆر برنج و چەندین جۆر مەرەگە دانرابوو!)
بێگومان لەو نامەیەدا ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئێمەی میللەتی کورد، هەمیشە حەزمان لە زۆر خواردنە بێ گوێدانە لایەنە تەندوستیەکە کەکاریگەریەکی خراپی هەیە لەسەر جەستە، بۆیە مەبەست لە دیوی یەکەمی ئەو نامەیە ئەوەیە، کە ئەو میللەتەی کە (کلارک) لەگەڵیان دەژیێت، زۆر گوێ بە لایەنی تەندروستی نادەن و حەزیان لە خواردنە!
بەڵام ئەگەر دیوی دووەم و تەواوکاری ئەو نامەیە شی بکەینەوە کە باس لە میوانداری خۆی و شەش کەسی دیکە دەکات، لەسەر سفرەیەک کە خوانەکەی بۆ زیاتر لە ٢٠ کەس ئامادەکراوە، ئەوا دەبێ بەچاوی چاوتێری و سفرە قەرەباڵغی و سەخی تەبیعاتی میللەتی کورد بڕوانین، کە هەمیشە حەز دەکەن میوان و میواندارییان بە فراوانی و گەورەیی بێت، نەک بە سادەوساکاری، هەروەها پرسیارێک دێتە پێش ئایا ئەم خواردن و خوانە، ئەم چەند جۆرە تەعامە، بەدەستی کێ ئامادەکراوە؟ کێ سەرچاوەی دروستی ئەم جۆرە میوانداری و داوەتانەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێین بێگومان بەدەستی کابان و ئافرەتی چوست و چالاک ئامادەکراوە، کە بەشێکی زۆری ئەرکە قورسەکە کەوتۆتە سەر ئافرەتی ماڵ . بۆیە لەو ڕوانگەیەوە دەبێ خاتوو (کریستینیا) سەرسام بێ بە هێزو تواناو پشوودرێژی ئافرەتی کورد، کە جگە لە ئەرکی دایکایەتی و ماڵ، ئەوا خواردنی ڕۆژانە و میواندارییشی لەئەستۆیە، بڕواناکەم بە هەموو ژنانی عەشیرەتی خاتوو (کریستینیا)ی بەریتانی لە ژیانیاندا سفرەوخوانێکی حەوتنەفەرەی ئاوایان ئامادە کردبێت!
لە دوانامەی (کلارک) بۆ (کریستینیا)ی هاوسەری کە (سیوسێ)یەمین نامەیە لە لاپەڕە ١٤١ تا ١٤٤ بڵاو بۆتەوە، بڕیاری داوە لە نزیکترین کاتدا بنەوبارگەی بپێچێتەوە و لە دووری بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، چونکە بە قسەی خۆی لە کوردستان عێدز و بێزارە و ڕۆژانە خۆی دەخواتەوە، کە بە چەند (دەردەدڵ)ێک دەستی پێکردووە، لە گۆشەیەکی بێزاری ئەو (دەردەدڵە)یدا لە یەکێک لە هۆکارەکان دەڵێت: کە تەماشای پەیج و سایت و ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی کوردەکان دەکەم، ئەوەندە دڵڕەق و دوژمنکارن، مرۆڤ هەست دەکات کوردەکان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ نەتەوەی سەردەستی تورک و فارس و عەرەب نیە و تەنها کێشەیان لەگەڵ یەکتری هەیە!
لێرەدا من وەک خوێنەرێک دەڵێم بەڵێ (کلارک) ڕاست دەکات. بە داخەوە نەک خۆمان بگرە بێگانەش شارەزامان بوە، کە لە ڕێگەی فەیسبوک و تیکتۆک و سناپ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەگشتی، چۆن سروشتە واقیعیە خراپەکەی خۆمان دەخەینە ڕوو! چۆن لە ڕێگەی ئەو شێرپەنجە ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتیە، دیوە ناشیرینەکان پیشان هەمووان دەدەین! چۆن فێل لە خۆمان دەکەین کە لە دیوی کامیرای سناپدا بەختەوەری و کەیفسازی (ژن و مێرد) نیشان فۆڵۆوەرەکانمان دەدەین و دوای چەند چرکەیەک بە بوغز و ڕق و زمانی دڕک (ژن و مێرد)ەکان یەکتر دەشکێنن! هەروەها بۆ بینینی زیاتر، چۆن لە تیکتۆکەوە شکۆی یەکتر دەشکێنینەوە و هەموو سنوورەکانی حەیاو شەرم دەبەزێنین!
بۆیە لەو نامە ڕەنگاوڕەنگە هەمە چەشنەی نووسەر (زیرەک کەمال) ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لە پێشەکی ئەم کتێبەدا لە گۆشەیەکدا دەڵێت: سەرجەم گۆشەکانی لەم کتێبەدا بڵاو کراونەتەوە تەنزئامێزن، ڕاستە تا ڕادەیەکی باش جددیەت و قووڵایی بەدەقی نووسینەکانمەوە دیارە، بەڵام بە شێوەی تەنز دامڕشتوون. نازانم هێزی ئەوەیان هەیە و لە ڕووی بنەما و فۆرم و ناوەڕۆک دەچنە ئەو چوارچێوەیە یان نا؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو خوێندنەوەی سەرەوەم بەشێکە لە گەواهی فۆرم و ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکەی نووسەر دەربارەی ئەم کتێبە کە هەربابەتێکی هەڵقووڵاوی واقیعی سەردەمە، بۆیە ئێمەش بە خوێندنەوەی دیوی دووەم زیاتر شرۆڤەی بەشێک لە بابەتەکانم کردووە.
بەشی دووەمی ئەم کتێبە لە لاپەڕە ١٤٧ تا ٢٠٦ تەرخان کراوە بۆ بیرەوەریی بەنگلادیشییەک، لە ڕێگەی یاد و بیرەوەریی گەنجێکی بەنگلادیشی بە ناوی (شیشیلەشان) کە بە هۆی بارودۆخی سەختی ئابووری و نەداری و خەم و ئازاری ژیان لەو سەری دنیاوە هاتۆتە کوردستان و دەیەوێ بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی بە ئابووریەکی باش مسۆگەر بکات، بۆیە لێرە لەم هەرێمە و لەم نیشتمانە دەژیێت، (شیشیلەشان) دەرچووی زانکۆیە، نووسەرو شاعیریشە،
(زیرەک کەمال) ناونیشانی کتێبەکەی بە ناوی (بیرەوەریی بەنگلادیشیەک) کردووە، بۆیە ئەم بەشەش تەرخان کراوە بۆ یادەوەری، ئەمجارەیان لە بەریتانیاوە دەچینە وڵاتێکی دیکە، کە ڕەنگە بڵێم پێچەوانەی یەکترن لە زۆر ڕووەوە بە تایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە ئەویش وڵاتی (بەنگلادیش)ـە .
نووسەری کتێب لەنێوان ڕاست و چەپی دەستەکانیدا، ئاوێنەیەکی بەرز کردووەتەوە و دەڵێتە خوێنەر هەمووتان تەماشا بکەن تا هەریەکەتان بە شێوەیەک و بە نیەتی دابونەریت و سەنگی مەحەک و ویژدان، خۆتان لە گۆشەیەکی ئاوێنە بدۆزنەوە، بۆیە ئەمجارەیان بە زمانی گەنجێکی بەنگلادیشی تەنزە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتووریەکان دەخاتە ڕوو کە ئەمیش لە ڕێگەی گۆشەی هەفتانەی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بڵاوی کردۆتەوە و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا لە ڕێگەی یاداشت و بیرەوەری ١٧ و وتارەوە خراوەتە ڕوو.
لە گۆشەنیگای بیرەوەریەکدا (شیشیلەشان) دەڵێت:
خەڵکی کوردستان تابڵێی بەڕێز و غەریبدۆستن، لەو چەند ساڵەی لە ناویاندا بووم هەستم نەکرد بیانیم، بەڵام کۆمەڵێک ئاکار و هەڵسوکەوت و دابونەریت لە ژیانی کوردەکان هەبووە، لێی تێنەدەگەیشتم!
بۆ نموونە لە دیوەخانی پیاوێکی دەوڵەمەند چایچی بووم، کە چایەکەم دەخستە بەردەمیان لە گەرمیا هەڵمی لێ هەڵنەستابا تووڕە دەبوون بەڵام چایەکەشیان دادەنا تا سارد نەبووبایەتەوە نەیاندەخواردەوە!
ئەم بابەتە تەنزە ڕاستیە، واقیعیەتێکی حاشاهەڵنەگری میللەتی کوردە، کە بەدرێژایی مێژوو دووبارە دەبێتەوە، دیوی دووەمی ئەم بابەتە پێمان دەڵێت، بەداخەوە ئێمە هەمیشە پەلەمانە، نەک لە چاخواردنەوە لە هەموو شتێک پەلەمانە، کاتێ داوای چایەی گەرم دەکەین، دوایی زۆر خێرا لە ژێرپیاڵەی دەکەین و بە فووکردن خێرا دەیخۆینەوە! کەچی دوای چاخواردنەوە دادەنیشین، هیچ پەلەمان نیە و قسەی گەورە و گەرم دەکەین!
نیشاندانی ئەم وێنەیە، ڕاستەوخۆ چەندین وێنەی دیکەی هاوشێوەمان دێتە خەیاڵ، کە بەم جۆرە ڕوو دەدات.
هەر لە درێژەی بیرەوەریەکانی کاکە (شیشیلەشان) لە لاپەڕە ١٨٦ لە دوا دێڕەکاندا دڵی پڕ دەبێت لەو وێنە دژەباوانەی لای دروست دەبن کە بەداخەوە زۆربەی بابەتەکان لای بەشێک لە ئینسانەکان بوونەتە ڕیابازی! لە کاتێکدا هەموومان دەزانین فێڵکردن لە ویژدان، ئازاردانی ڕۆحی خۆتە، کەچی هەر ئەو قەناعەتە لای خۆی دروست ناکات بۆیە لە ڕێگەی ئەو تەنزەوە نووسیویەتی و دەڵێت:” جارێکیان لە مانگی ڕەمەزان کوڕی خاوەن ئەو ماڵەی کە لایان ئیش دەکەم، داوای لێ کردم لەگەڵیا بچم بۆ دزینی گیسکێک، شەو هێنامانەوە گوتی ڕووەو قیبلە سەری ببڕە! گوتم بۆ ڕووەو قیبلە؟ گوتی لە شەریعەتی ئایینەکەماندا هەر ئاژەڵێک ڕووەو قیبلە سەری نەبڕدرێت گۆشتەکەی حەرام دەبێ! منیش گوتم ئاخر گیسکەکە دزیارییە! گوتی قەینا شەریعەت بە ڕێی خۆی و دزییش بە ڕێی خۆی.