وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەکارهێنانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین (جێڵی خەو) هۆشداری دەدات و دەڵێت: منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ نابێت ئەم دەرمانە بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکار بهێنێت، هەروەها منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵی نابێت بە هیچ شێوەیەک بەکاری بهێنێت.
ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێکی تایبەت، ڕێنمایی بەکارهێنانی دەرمانی میلاتۆنین بۆ خەولێکەوتن (جێڵی خەو) (Melatnin Gummies)، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە خاڵێکی ڕێنماییەکەی وەزارەتی تەندروستییدا هاتووە، دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی میلاتۆنین لەگەڵ هەر دەرمانێک کە ماددەی (Passiflora) تێدا بێت بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 12 ساڵی.
هەروەها منداڵی تەمەنی خوار 18 ساڵی نابێت ئەم دەرمانە بەکار بهێنێت بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆر و، بۆ منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵی نابێت به هیچ شێوەیەک ئەم دەرمانە بەکار بێت.
لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکەدا هاتووە، دابینکردن و کڕینی ئەم دەرمانە دەبێت تەنیا له دەرمانخانەکان بێت و مەرجە کەرتی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمانی لەسەر بێت.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، پابەندبوون بە بەکارهێنانی دروست بۆ هەر دەرمانێک کە ماددەی میلاتۆنینی تێدا بێت بە کەمترین ژەم، 20 تاوەکو 60 خولەک پێش کاتی نووستن بەکار بهێنرێت و وا باشترە دوو کاتژمێر یان زیاتر دوای دوا ژەمی خواردن بێت.
وەزارەتەکە هاووڵاتییان هۆشیار دەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە ئاگادار بن لە کاتی بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە کاریگەرییان لەسەر سیستەمی (CNS) لە لەشی مرۆڤ هەیە و، بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە ڕاوێژی پزیشکی پسپۆر هەیە.