ئەمڕۆ شەممە 4ی 1ی 2025، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی سۆران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بە ڕووداوێکی لە ناکاو و نەخوازراو بەشێک لە پردەکەی گەلیی عەلی بەگ زیانی پێگەیشت، هاتوچۆكردن لەم پردە ڕاگیرا، دەستبەجێ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پاراستن و چاککردنەوەی رێگەوبانیی سۆران و وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هاوکاری کۆمپانیای حاجی بەکر دووبارە لەلایەن كۆمپانیا كاڤینەوە دەست بە قیڕتاوكردنەوەی كرا.
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “دوای هەشت ڕۆژ کارکردن لەم پردەدا، لە ئێستادا گشت کارەکانی تەواو کراون و کۆتاییان پێ هاتووە، لە کاتێکی نزیکدا دووبارە دەکەوێتەوە خزمەتی هاووڵاتیان.”
باسی لەوەش كردووە، كە “جێگەی خۆیەتی دەست خۆشی لە گشت تیمەکان بکەین، کە توانیان بە ماوەیەکی کەم و بە کەمترین کولفە و باشترین شێوە پردەکە نۆژەن بکەنەوە، ئەوەش بە هەوڵ و ماندووبوون و پاڵپشتی هەموو لایەنەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو.”