نووسەری کوردی ناوداری ئێرانی، مەنسووری یاقووتی کۆچی دوایی کرد

ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران”ئیرنا” ڕایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 28ی کانوونی یەکەمی 2024، نووسەری کوردی ناوداری کرماشانی، مەنسووری یاقووتی، ناسراو بە (گوڵباخی)، لە تەمەنی 76 ساڵیدا بە نەخۆشیی شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد.

 

 

یاقووتی، لە لایەن زۆرێک لە نووسەرانی هاوچەرخی ئێرانەوە بە چیخۆفی ئێران ناو دەبرا، چونکە ئەم نووسەر ناودارە، بە ڕستەی کورتی ئەدەبی و شێوازێکی هونەرمەندانە، دوور لە لاسایی کردنەوە، بەرهەمە ئەدەبییەکانی خۆی دادەرشت.

مەنسووری یاقووتی لە گوندی کێوەنانی سەر بە شارۆچکەی سونقوری پارێزگای کرماشان لە دایک بووە، لە نووسینی چیرۆکی کورتدا بە یەکێک لە نووسەرە کوردە، فارسیی نووسەکانی ئێران لە قەڵەم دەدرێت.

ئاوازی چیا، چیرۆکەکانی دۆڵی ئاسکان، چیرۆکەکانی زاگرۆز، ئاینی یارسان لە ئەفسانەکانی میللەتی کورددا، حەماسەی بابەکی خوڕڕەم، قرژاڵی لووتبەرز، جووتیاران، چرایەک بە لووتکەی ماین کۆوە، ئەفسانەی گوندنشینانی کورد و زۆر نووسینی تر، لە بەرهەمەکانی مەنسووری یاقووتین.

جێی سەرنجە، هەرچەند یاقووتی بەرهەمەکانی بە فارسی نووسیوە، بەڵام زۆربەیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە فەرهەنگ و مێژوو و داب و دەستووری کوردەوارییەوە هەیە.