پۆلیسی سلێمانی کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی باوکی دەستگیر کرد

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو گەنجەیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی باوکی لەنێو ماڵەکەیاندا.  

شەممە، 28-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە “دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو، هەینی، 27-12-2024، زانیاری سەبارەت بە كوشتنی كەسێك گەیشتە پۆلیسی سلێمانی، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرا؛ زانیارییە سەرەتاییەكان دەریان خست، باوكێك لە لایەن كوڕەكەیەوە كوژراوە و تۆمەتبارەکە هەڵاتووە.”

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەش کردووە “دواتر هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەست پێ كرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا هەمان شەو لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی؛ تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو چەكەدا كە تاوانەكەی پێ‌ کردبوو.”

ئەو تۆمەتبارە، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ناوی (م. م. ع.)ـە و لە دایكبووی ساڵی  2002ـە. ئێستە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، ڕاگیراوە.”