سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا داوای لە عێراق کردووە چالاکیی حووسییەکانی یەمەن لەسەر خاکەکەی ڕابگرێت و نووسینگەکەشیان لە بەغدا دابخات.
ڕۆژنامەی “عەرەبی جەدید” لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئەمەریكا بە فەرمی داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە، چالاکی حووسییەکانی یەمەن لەسەر خاکەکەی ڕابگرێت و نووسینگەکەشیان لە بەغدا دابخات.
هەمان ئەوە سەرچاوەیە ڕوونیشی كردووەتەوە، واشنتۆن ئامۆژگاریی بەرپرسانی عێراقی كردووە “بەردەوامبوونی چالاكییە مەدەنییەكانی ئەو گرووپە لە عێراق، وڵاتەكە رووبەڕووی كێشەی زیاتر دەكاتەوە و حكوومەتی عێراقیش ئەم جۆرە بارودۆخە بە جددی وەردەگرێت، بۆئەوەی گەلی عێراق لە کاردانەوەی پێشھاتەكانی وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت. ”
وەکوو ئەوەی سەرچاوەکە باسی کردووە “ڕەنگە چالاکییەکانی ئەو گرووپە بوەستێنرێت، بەڵام بەغدا ھەست دەكات واشنتۆن چالاكی ئەو گرووپانە گەورەتر لە قەبارەی خۆی پێشان دەدات. ”
لای خۆیەوە عەلی نعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند “ترسێكی ئەمەریكی و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە هەیە سەبارەت بە بوونی حووسیەكانی یەمەن لە عێراق، بەڵام ئەو ترسە ناڕەوایە و ئامادەبوونی ئەوان تەنها لە نوێنەرایەتی سیاسی و میدیایی سنووردارە، هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانەوە نییە. ”
بارەگای حووسییەکانی یەمەن دەكەوێتە ناوچەی جادرییەی بەغدا و پێشتریش ماڵپەڕی “یەمەن مۆنیتۆر” لە زاری دوو سەرچاوەی دیپلۆماسی بڵاوی كردبووەوە “حکوومەتی عێراق نووسینگەکانی حووسییەکان و ئێرانی لەو داوایەی ئەمەریکا ئاگادار کردووەتەوە، هاوکات سەرکردە سەربازییەکانی حووسییەکانی لە خاکی عێراق دوورخستووەتەوە کە لەگەڵ کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق کار دەکەن.”