بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئالین گۆرانییەک بە سریانی بڵاودەکاتەوە

ئالین هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە گۆرانییەک بە سریانی پێشکەش دەکات.
سەبارەت بە هۆکاری وتنی گۆرانی بە سریانی ناوبراو لە لێدوانێکدا وتی: هەمو پارچەکانی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بووە، هیچ کاتێک هەست بە جیاکاری نەکراوە، من لە ژینگەیەکدا گەورە بووم دۆستایەتی و هاوڕێیەتیم لەگەڵ کریستیانەکان هەبووە، هەر ئەوەش وایکرد کە بە سریانی گۆرانی بڵێم و شارەزایی لە زمانیان هەبێت.
ئەوەشی راگەیاند: بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە گۆرانی (حۆنلێ حۆنلێ) بە شێوازێکی نوێ و جیاواز پێشکەش بە خوشک و برا کریستیانەکان دەکەم، هیوادارم بە دڵیان بێت و لێرەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێیان لێدەکەم، هیوادارم ساڵی نوێ بۆ هەموو لایەکمان ساڵی تەبایی و خۆشگوزەرانی بێت و هاتنە دیی هیوا و ئاواتەکانی گەلی کوردستان بێت لە هەموو پارچەکان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئالین وتی: هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم.

شایەنی باسە تێکست و ئاوازی ئەم گۆرانییە خانمە هونەرمەند جۆلیانا جوندۆ دایناوە دابەشکردنی موزیک و ئەرانجمینت لەلایەن مەمۆ گول و دەرهێنەری بە توانا هەژار دهۆکی کاری دەرهێنانی کلیپەکەی ئەنجامداوە.