هاتووچۆ: خۆتان لە کڕینی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە بەدوور بگرن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، خۆیان لە کڕینی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە بەدوور بگرن.

دووشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە هەندێ کەناڵی میدیایی و پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیا دەنگۆی تۆمارکردن و کۆدکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە بەرامبەر بڕێک ڕسومات بڵاو دەکرێتەوە،  هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: داوا دەکەین هاووڵاتیان خۆیان دوور بگرن لە کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە کە مەرجەکانی سەلامەتیان تێدا نیە و دەنگۆی تۆمارکردن و کۆدکردنیان ناڕاستە و پێچەوانەی یاسا و ڕێنمایی بەرکارە.