دهۆک.. زۆرینەی ئەو پرۆژانەی ئەمساڵ مۆڵەتیان وەرگرتووە گەشتیارین

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ئەمساڵ 35 پرۆژە و بە درێژایی تەمەنی کابینەی نۆیەمیش، 109 پرۆژە، مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە سنووری پارێزگاکە وەرگرتووە. 

د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند “لە 01-01-2024ـەوە تاوەکوو ئەمڕۆ  سێشەممە، 24-12-2024، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان 35 مۆڵەتی بە پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای دهۆک داوە.”

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد “کۆی گشتیی گوژمەی ئەو پرۆژانەی ئەمساڵ مۆڵەتمان پێ داون، دەگاتە زیاتر لە 240 ملیۆن دۆلار.” گوتیشی: “ئەو پرۆژانە لەسەر ڕووبەر زەوی، زیاتر لە یەک ملیۆن مەتر چوارگۆشە کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان کراوە، جێ بەجێ کراون.”

ئەو پرۆژانەی ساڵی 2024 مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەم شێوەیە بەسەر قەزاکاندا دابەش بوون:

قەزای دهۆک (سەنتەری پارێزگای دهۆک): نۆ پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

قەزای سێمێل: 16 پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

قەزای ئامێدی: پێنج پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

قەزای ئاکرێ: سێ پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

قەزای بەردەڕەش: دوو پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

 

ئەو پرۆژانەی ساڵی 2024 مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:

کەرتی نیشتەجێبوون: سێ پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی بازرگانی: حەوت پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی پیشەسازیی: پێنج مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی تەندروستی: دوو مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی خزمەتگوزاری: یەک پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی فێرکردن: دوو پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی کشتوکاڵ: یەک پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی گەشتیاری: نۆ پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

پرۆژەی تێکەڵ: یەک پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

کەرتی وەرزشی: سێ پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

پرۆژەی وەرزشی – گەشتیاری (پرۆژەی تێکەڵە): سێ پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.

 

وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک گوتی: “ئەمساڵ بایەخێکی زۆرمان بە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری داوە، بە تایبەت مۆڵەتی پرۆژەی گەشتیاریمان بەو ناوچانە داوە کە سرووشتەکەیان لەگەڵ ئەو جۆرە پرۆژانە دەگونجێت.”

د. هەڤاڵ سدیق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان مۆڵەتی وەبەرهێنانیان بە 109 پرۆژەی جۆراورجۆر لە سنووری پارێزگای دهۆک، بە گوژمەی زیاتر لە 904 ملیۆن دۆلار، داوە.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک ئــەوەشی خستە ڕوو: “لە ساڵی 2007ـەوە تاوەکوو ئەمڕۆ  سێشەممە، 24-12-2024، نزیکەی 317 پرۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار لە سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کراون.”