وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئامادەكارییەكانی بۆ رۆژانی پشووی سه‌ری ساڵ ڕاگەیاند

وەزارەتی تەندروستی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ راگەیاند.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌، بەمەبەستی بەردەوامی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و خۆپارێزی بۆ هاوڵاتییان و ڕێکارەکانی پزیشکی و چارەسەری و فریاگوزاری بۆ نەخۆشان و ئامادەکارییەکانی، دامودەزگاکانی تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ، وەزارەتی تەندروستی ئامادەکارییەکان بەم ڕێنماییانەی خوارەوە ڕادەگەیەنێت:

– دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.

-بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

– لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.

– پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامیی ئێشکگری.

– هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.

– ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی (24) کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە (8)ی بەیانی تاکوو (8) بەیانی رۆژی دوایی ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.

– ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.

– ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

– بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

– هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت وەڵام بدرێتەوە.

– نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.

– سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

– بانکی خوێن و خزمەتگوزاریی دابینکردنی خوێن پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

– سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبێت.

-تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی (24) کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

– تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان بە شێوەی ئێشکگری.

-پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.