هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: بەشێک لە سیاسییە گەندەڵەکانی عێراق هەوڵ دەدەن وڵات نوقمی قەیران بکەن

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە هەستیاری دۆخی ناوچەکە و هەوڵی بەشێک لە سیاسییە گەندەڵەکانی عێراق هۆشداری دا و ڕایگەیاند؛ هەوڵی جیددی دەدەن بۆ ئەوەی وڵات نوقمی قەیران بکەن.

هۆشیار زێباری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: “لە نێو لافاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی عەرەبی یان ڕۆژئاوای ئاسیا، ئێستا جموجوڵێکی سیاسی لە عێراق دروست بووە، بۆ ئەوەی وڵات لە مەترسییەکانی ڕووخان و هەرەسهێنان ڕزگار بکات، ئێمەش بە وریاییەوە بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان، پشتیوانیی حکوومەتی نیشتمانیمان دەکەین.”
هەروەها نووسیویەتی “بەڵام بەشێک لە سیاسییە گەندەڵەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە محەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، لەبری ئەوەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ ڕاستکردنەوەی پرۆسەکە پێشکەش بکەن، هەوڵی جیددی دەدەن بۆ ئەوەی وڵات نوقمی قەیران بکەن.”