رۆژئاواییەکان نیگەرانن و کورد بە گرنگترین هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش دەزانن

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

میدیاکانی جیهان کەمپەکانی داعش لە سووریا بە بۆمبێکی سەعاتیی ناو دەبەن کە هەموو ساتێک مەترسیی تەقینەوەیان هەیە و لە ئەگەری ئەو تەقینەوەیەدا ئاسایشی کۆی ناوچەکە و دنیا دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوە. وڵاتانی ڕۆژئاوا چ لە سەردانی وەزیر و بەرپرسانیان و چ لەو ڕاپۆرتانەی میدیاکانیان بڵاوی دەکەنەوە کورد بە متمانەپێکراوترین هاوپەیمان لە جەنگی دژی تیرۆر و داعش دەزانن.

زۆربەی کەمپەکانی داعش کەوتوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان و لە لایەن هێزە کوردییەکان بە هەماهەنگیی ئەمەریکا چاودێری دەکرێن و گەورەترینیان بریتییە لە کەمپی هۆل کە ژمارەی ئەندام و بنەماڵەکانی داعش لەو کەمپە لە سەرووی چل هەزار کەس دەبن. لەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و کەوتنی دیمەشق و ئەو قۆناغە نوێیەی لەم وڵاتە هاتووەتە کایەوە مەترسییەکانی بەهێزبوونەوەی داعش لە ڕێی ئازادکردنی ئەو کەمپانە زۆر زیاتر بوون.
دۆیچەوێلێ و کەناڵی یەکی ئەڵمانیا هۆشدارییان دا لە ئەگەری نەمانی ئەو کەمپانە و بڵاوبوونەوەی داعشییەکان و بنەماڵەکانیان، مەترسییەکی زۆر گەورە بە ناوچەکە و جیهاندا بڵاو دەبێتەوە.

بنەماڵەکانی داعش تەنانەت لەو کەمپانەش منداڵەکانیان لەسەر هەمان ئایدۆلۆجیی توندڕەوانە پەروەردە کردووە و هەر لە منداڵییەوە فێری سەربڕین و کوشتنیان دەکەن و بۆ ئەو پەروەردەکردنەش لە نێو کەمپەکاندا سوود لە ئاژەڵەکان وەردەگرن و منداڵەکان چەقۆیان دەدرێتە دەست بۆ ئەوی ئاژەڵەکان سەر ببڕن و فێریان دەکەن لە خوێن نەترسن و لە داهاتوودا ئامادەی بڕینی سەری مرۆڤیان دەکەن.
هەر لەو کەمپانە منداڵان فێری چۆنیەتیی دروستکردنی بۆمب و کۆمەڵێک کرداری تری سەربازی دەکرێن و بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژانە پەروردەیان دەکەن و هەموو ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکان بە کافر دەزانن.
باس لەوە دەکرێ جۆرێک پێوەندی لە نێوان ئەو بنەماڵانە و مۆڵگەکانی داعش لە بیابانەکانی دێرەزۆر و عێراقیشدا هەیە و چەند جارێک چەکیان لێ گیراوە و ویستوویانە ڕاپەڕین بکەن.
ئومێدی چەکدارانی داعش و بنەماڵەکانیان لە دوای ڕووخانی دیمەشق و بەدەسەڵات گەیشتنی دەستەی تەحریر شام زۆر زیاتر بووە و ئەوان پێیان وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دیمەشقەوە لەشکرکێشی دەکرێت و تەواوی ئەو کەمپانە ئازاد دەکرێن.
ڕووداوەکانی سووریا و ڕووخانی دیمەشق و خۆبەدەستەوەدانی سوپای ئەسەد زۆرترین سوودی بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەبووە و باس لەوە دەکرێ چەکێکی زۆریان دەستکەوتووە.
جگە لەمە کاتێک لە هەشتی مانگ دیمەشق ڕووخا بە هەزاران کەس لە گرتووخانەکانی ڕژێمی ئەسەد ئازاد کران، ڕاستە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێتاوان لەو گرتووخانانە بوون بەڵام لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆری سەرکردەی تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەکانی ئەسەد ڕاگیرابوون.
لەگەڵ شکانی دەرگای گرتووخانەکان بە دەیان سەرکردەی مەترسیداری داعش هەڵاتن و خۆیان گەیاندە مۆڵگەکانیان لە سووریا و دەستیان بە ڕێکخستنەوە و سوودوەرگرتن لە دۆخی نوێ کرد.
باس لەوە دەکرێ لە هەندێک شوێن کە سوپای ئەسەد کشانەوە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر بنکە سەربازییەکاندا گرتووە و چی چەک و پێداویستیی سەربازی هەیە لەگەڵ خۆیاندا بردوون و بۆ شوێنە نهێنییەکانیان گواستوونەتەوە.
بەپێی ئامارێک کە ژمارەیەک میدیای عەرەبی لەوانەش ”بغداد یەوم” بڵاویان کردووەتەوە ژمارەی ئەو بنکە سەربازییانەی چەکدارانی داعش دەستیان بەسەریدا گرتوون بریتین لە دوازدە بنکەی و ژمارەی ئەو سەرکردە مەترسیدارانەش کە لە گرتووخانەکان ئازاد کراون حەڤدە کەسن و چاوەڕوان دەکرێ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش جارێکی تر ببێتەوە مەترسی لەسەر ناوچەکە و دنیا.
جیهان هەستی بەو مەترسییانە کردووە و وڵاتانی ڕۆژئاوا یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانیانە و هەر لە دوو هەفتەی ڕابردوودا سەردانە دیپلۆماسییەکان بۆ ناوچەکە بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی زیادی کردووە.
هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان گرنگترین هۆکار بوون لە شکستپێهێنانی داعش و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئومێدی سەرەکییان لە ناوچەکە هەر کورد بووە و بۆیەش لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە وەزیری بەرگریی دوو وڵاتی گرنگی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
دوێنێ دووشەممە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و ڕۆژێک پێشتریش وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستاندا کۆ بوونەوە. ئەو دوو وڵاتە لە جەنگی دژی داعش بەشێک بون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوکاریی هێزی پەشمەرگەیان کردووە و لەو سەردانەشیاندا بە بایەخەوە باسیان لە بەردەوانیی هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆر و ڕێگری لە سەرهەڵدانی داعش کردووە.
پێشبینی دەکرێ لە داهاتوودا هەولێر جارێکی تر ببێتەوە وێستگەیەکی گرنگ بۆ پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و مەڵبەندێکی گرنگ بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.