بۆ سەری ساڵی نوێ چوار هونەرمەندی کورد لە بەریتانیا ئاهەنگ دەگێڕن

 

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگی ساڵی نوێ، هونەرمەندانی گۆرانیبێژ “بەختیار ساڵح و تەها قادر و عەبدوڵا هەرکی و، شێروان عەبدوڵا” بە داوەتێکی فەرمی ناوەندی کورد پڕۆدەکشن دەگەنە شاری بێرمینگهامی وڵاتی بەریتانیا و، بڕیاریشه لە شەوی ٢٨ ئەم مانگە ئاهەنگێکی فراوان بە ئامادەبوونی کوردانی تاراوگە لەم شارە ساز بکەن.

ئاهەنگەکە لەسەر داوای ڕەوەندی کوردییه لە وڵاتی بەریتانیا و دەبێتە یەکەم ژوانی هونەرمەندانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی، کە لە هەر سێ شاری باشووری کوردستان داوەتکراون و بە هەڵپەڕکێی کوردی شەوە ئاهەنگەکە دەڕازێننەوە.
“ڕێباز نانەکەلی” ڕێکخەری ئاهەنگەکە بە “هەولێر”ی ڕاگەیاند” دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆنسێرت و ئاهەنگ بۆ هونەرمەندانی باشووری کوردستان لە وڵاتی بەریتانیا و ئەوروپا بە گشتی، لەسەر داوای ڕەوەندی کوردی ناوەندەکەمان ئەو هونەرمەندانەی داوەتی ئەو وڵاتە کردووە، کە بە بۆنەی ساڵی نوێی ٢٠٢٥ ئاهەنگێکی فراوان بە دەیان بەرهەمی کوردی ساز بکەین و دڵی کوردانی تاراوگە لە بێرمینگهام خۆش بکەین، هەروەها گفتوگۆی چڕ لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە بکەین بۆ داڕشتنی چەند پرۆگرامێکی دیکەی هونەری لە دەرەوەی کوردستان.