لە دوا ڕۆژەکانی ساڵدا و لە نوێترین چالاکیی هونەری خۆی دا، هونەرمەند “چۆپی فەتاح” بەشداری لە ئاهەنگێکی تایبەتدا دەکات، کە لە زاخۆی دەلالەوە بەڕێوەدەچێت.
لە سەروبەندی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو ئاهەنگە تایبەتەی زاخۆ، سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانە و چەند گۆرانیەکی فۆلکۆری ئامادەکردووە تا لەگەڵ سیا چەمانەی هەورامان تێکەڵیان بکات، هەروەها بەنیازە لە کاتی ئەنجامدانی کۆنسێرتە هونەرییەکەی لەم شارە گۆرانیەکی هونەرمەندی کۆچکردوو “ئەردەوان زاخۆیی” بە ناونیشانی “ئەز چوومە چیا” بڵێتەوە، کە لە ساڵانی هەشتاکاندا گوتوویەتی.
“چۆپی فەتاح” لە بارەی ئامادەکاریی و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی نوێی خۆی لەم کۆنسێرتەدا دەڵێت: “ئەز چوومە چیا” یەکێکە لەو گۆرانیانەی کە بە نەمری ماوەتەوە و دیرۆکێکی جوانی لەو شارەدا تۆمار کردووە، منیش بە عەشقەوە حەزم دەکرد دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت لە پردی دەلال ئەو گۆرانیە تۆمار بکەم و جارێکی تر بە ستایلێکی نوێ بیڵێمەوە.