هه‌ولێر …. هه‌ولێر له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بڵاوكرایه‌وه‌

 

ئێوارەی ئەمرۆ شەممە 2024.12.21، بە ئامادەبوونی پشتیوان ساق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی 16ی پارتی و دکتۆر عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو دكتۆرعه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی حكومه‌ت و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆو نووسەرو رۆشنبیران، رێورەسمی دیداری ( دەلیڤەیەکی کوردی لە ئەرشیفی عوسمانی) کە تایبەتە بە ناساندنی پەرتوکی (وثائق اربیل فی عهد العثمانی) بەرێوەچوو.
پارێزگاری هه‌ولێر ئومێد خۆشناو له‌ وته‌یه‌كدا وێرای ستایشكردنی هه‌وڵ و ماندووبوونی ئاماده‌كارانی ئه‌م په‌رتوكه‌ دیكۆمێنتاریه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ بیرۆكه‌ی په‌رتوكه‌كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م رێزدار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی ئه‌و كاره‌ دیكۆمێنتاریه‌ی به‌به‌رزی نرخاندو ئاماده‌باشی نێشانداوه‌ بۆ هه‌ر ئاسانكاریه‌ك، پارێزگاری هه‌ولێر جه‌ختی له‌سه‌ر بایه‌خی ستراتیژی ئه‌و په‌رتوكه‌ كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت بۆ شارێكی دێرینی وه‌ك هه‌ولێر، كه‌ به‌درێژایی مێژوو په‌رده له‌سه‌ر هه‌موو راستییه‌كان هه‌ڵده‌داته‌وه‌، به‌ واقعیش هه‌موو ئه‌و بیانوانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناحه‌زان به‌مه‌به‌ست ویستوویانه‌ ئه‌و خه‌سله‌ته‌ سروشتی ومرۆییانه‌ی هه‌ولێر بشێوێنن له‌ پرسی ئاشته‌وایی و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی هه‌موو ئاین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان.
پارێزگاری هه‌ولێر، سوپاسی ئه‌و به‌رێزانه‌ی‌ كرد، كه‌ هاوكاری راسته‌وخۆ بوونه‌ له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌م په‌رتوكه‌ دیكۆمێنتاریه‌ به‌تایبه‌ت (ئه‌حمه‌د معاز یعقوب، مسته‌فا كارا كوبانی، دكتۆر هێرش عومه‌ر عه‌بدوڵلا، بۆتان ته‌حسین، دكتۆر حوسامه‌دین عه‌لی، هه‌روه‌ها گۆڤاری كوردستان كرۆنیكه‌ل) و سوپاسی تایبه‌تیتر بۆ سۆسیۆلۆجی ناس و دۆستی كورد مامۆستا ئیسماعیل بێشكچی.
دواتر دانیشتنێكی كراوه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌كادیمیست و مامۆستای زانكۆ مێژوو نووس و سۆسیۆلۆجیست رێكخرا، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌راست خۆیه‌وه‌ باسی له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی به‌چاپ گه‌یاندنی په‌رتوكێكی دیكۆمێنتاری له‌م شێوه‌یه‌ كردو خاله‌ ئه‌رێنیه‌كانیان دووپات كرده‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌ولێر، بۆ نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان ده‌بێته‌ ئاماژه‌یه‌كی سه‌لمێندراوی شاری دیرۆكی ئاشته‌وایی و ته‌بابی و فره‌ كه‌لتووری.
له‌ كۆتاییدا په‌رتوكی (وثائق اربیل فی عهد العثمانی) به‌سه‌ر ئاماده‌بووان دابه‌شكرا.
شایەنی باسکردنە پەرتەکی دیکۆمێنتاری (وثائق اربیل فی عهد ا العثمانی) لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێرو سەرپەرشتی ڕاسته‌وخۆی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەلایەن بژاردەیەکی دیاری مامۆستایانی زانکۆو رۆشنبیران ئامادەکراوە.