پارێزگاری هەولێر: مانگانە دوو بوتڵ گاز بە هاووڵاتیان دەدرێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ساڵێک لە مانگی 12، 1 و 2ـی ساڵی نوێ، گرفتی گازی ماڵان دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی هێنانی گاز لۆدێکی زۆری دەکەوێتە سەر.

ئاماژەی بەوەش دا “بەپێی ئەو بەرنامەیەی هاوین دامان ڕشتووە و ئەو گازەی کۆگا کراوە، ئەمساڵ ئەو گرفتە لەهەولێر نەبوو، هەروەها بەشێوەیەکی زۆر باش کۆنترۆڵی دۆخەکە کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا بۆ ڕێکخستن و چارەکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە، سیستەمی کۆبۆن یەکێک دەبێت لە بژاردەکان و دادپەروەریی تێدا هەیە.”

پارێزگاری هەولێر گوتیشی: “ئێستا میکانیزمێکمان بۆ ئەو چەند مانگە بەکار هێناوە، ئەویش مانگانە دوو بوتڵ گاز بەهاووڵاتیان دەدرێت، ئەمەش وەکوو سەرەتاییەکە تاوەکوو لە ئایندەدا جێگیر بکرێت.”

سەبارەت ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند “ئامادەکارییەکان لەو بارەوە کراوە و پلانێکی تۆکمە کراوە.” گوتیشی: “هیچ ئاهەنگێکی حکوومەتی نییە، ئەوەی هەیە پەیوەندی بەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و هاووڵاتیانەوە هەیە، هەروەها ڕێوشوێنی ئەمنی باش دەگیرێتە بەر. ڕۆژەکانی پشووی ئەمساڵ زۆرترن، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە خوار و ناوەڕاستی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.”